دیسان پارتی بە تەنیا کەوتەوە سەنگەرێک
August 26, 2018
وتار و بیروڕا
ئەوە پرسی دەستوور، هەرچی پارتی بوو دەیگوت: پرۆژەی دەستوور لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و پێویستە بخرێتە راپرسییەوە و خەڵکیش دەنگی لەسەر بدات، لایەنەکان دەیانگوت: دەبێ جارێکی تریش پێداچوونەوەى لەسەر بکرێ، ئەوەبوو لیژنەی پێداچوونەوەى بۆ دیاریکرا کە لە راستیدا لیژنە پەکخستن بوو، وەک نەخشەشیان بۆ کێشابوو پەکیان خستوو نەیانهێشت کورد ببێتە خاوەنی دەستوورێک کە جێگای رەزامەندی خەڵک بێ و لە لایەن خەڵکەوە دەنگی بۆ درابێ.
ئەوە پرسی ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان، هەرچی پارتی بوو دەیگوت: با ریفراندۆم بکەین و خەڵکی کوردستان بڕیار لە دواڕۆژ و چارەنووسی خۆی بدات، لایەنەکان دەیانگوت: تورک و فارس و عەرەب رازی نین و دەبێ رەزامەندی ئەوانی لەسەربێ، ئێ توخوا لە کوێی دنیادا شتی وا بینراوە و بیستراوە؟! جا ئەگەر تورک و فارس عەرەب رازی بن کورد وەک نەتەوە و سەربەخۆ بژی چ پێویستیمان بە ریفرادۆم دەبوو؟!
خەڵک بۆ ماوەی چوار ساڵ متمانەی بە پەرلەمان داوە و پەرلەمانیش بۆ چوار ساڵ متمانەی بە حکومەت داوە، جا ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێ پەرلەمان و حکومەت دەبنە دوو دەزگای ماوە بەسەرچووی خۆ سەپێن بەسەر دەنگ و متمانەی خەڵکدا، ئێستا پارتی داوا دەکات هەڵبژاردن بکرێ و جارێکیتر خەڵک دەنگ بداو نوێنەری خۆی هەڵژێرێ، لایەنەکان داوا دەکەن لە دەرەوەی دەنگ و بڕیاری خەڵک متمانە بە خۆیان بدەنەوە.
بەراستی سەیرە! هەموو ئەو کار و رەفتارانەی لە رابردوودا لایەنەکان خۆیان پێوە هەڵدەکێشا و وەک تۆمەتیش دەیاندایە پاڵ پارتی، ئێستا خۆیان وەک تاوان پێی هەڵدەستن و بە رەواشی دەزان.