پارتی لە بەغدا بە پۆستەکانی خۆی چێوماڵ کرا
August 26, 2018
وتار و بیروڕا
ئەو لایەنانە لە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و بودجەی حکومەتی هەرێم وەک ئەوەی کورد نەبووبن و نوێنەری خەڵکی کوردستان نەبووبن بێدەنگیان هەڵبژارد، دەنگیان بە حەشدی شەعبی داو بۆ پەلامار دان و داگیرکردنەوەی کوردستان و کوردکوژی دەستیان واڵا کردن و پشتگیری ئەو رایە عەرەبیەشیان دەکرد کە پێشمەرگە میلیشیایە، رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەگەر لە بۆرما یان فەلەستین روویدابا، دڵنیام بە چۆڕاوکە فرمێسکیان بۆ هەڵدەڕشتن و خۆشیان شین و مۆر دەکردەوە، بەوەشەوە نەوەستان و هەر بە دەسەڵاتەکانی ئەو پۆستانەی پارتی پێی بەخشیبوون لە بەغدا کەوتنە چێوماڵ کردنی پارتی.
گومان لەوەدا نییە ئێستا یەکێتی داوای پۆستی سەرۆک کۆمار دەکاتەوە، گۆڕانیش ئەگەر پارتی وەک خولی پێشوو پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی خەڵات بکاتەوە کێشەی نامێنێ، زۆر ئاساییە پارتی لە پێناو یەکڕیزی ناو ماڵی کورد و بەرگری کردن لە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان ئەمجارەش ئەو پۆستانەیان پێ ببەخشێ، بەڵام ئەگەر شتێکی وا بکا و پۆستەکانیان پێ ببەشێتەوە، پێویستە کەڵکی لە رابردوو وەرگرتبێ و بۆ ئەوەی بیانهێنێتەوە سەر خەتی کوردایەتی، دەبێ لەلای داواکاری کوردایەتی و دادنووسی مێژوو کەفالەتێکی وایان پێ واژۆ بکات کە وەک رابردوو دەسەڵاتەکانی ئەو پۆستانە لە دژی کورد و بۆ خزمەتی عەرەب بەگەڕ نەخەنەوە و جارێکی تریش لە بەغدا پارتی پێ چێوماڵ نەکەنەوە.