رێبازی رۆژەسەختەكان لە پێناو ڕەتكردنەوەی خۆچەماندن ...

رێبازی رۆژەسەختەكان لە پێناو ڕەتكردنەوەی خۆچەماندن ...

پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لە قۆناغە سەخت و هەستیارەكاندا پشتیوانی دۆزی رەوای گەلی كورد بووە و باجی گەروەی لەو پێناوەندا بەخشیووە و لە پێناو ئەوەی كورد وكوردستان سەربڵند و سەرفراز بێ‌. هەمیشە بە واقعییەوە لەگەڵ پێشهاتەكان مامەڵەی كردووە ،پێشەنگی وقوربانیدان ،ئەركی پارتی و سەرۆك بارزانی زیاتركردووە. بارزانی لە سەر بیروهزری كوردایەتی خەبات و تێكۆشانی دەستپێكرد و بناغەی دەوڵەتی كوردستانی دانا ، بە خوێندەوەی ژیرانە و مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵومەرجەكان سەركردایەتی كوردی كرد تا گەیشتە قۆناغی ئەمرۆمان.ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبی دایك لە حزبەکانی دیکە جیاکردۆتەوە واقیع بینی بووە لە هەموو بارودۆخێکدا، بۆ نمونە ساڵی 1970شەڕی بۆ ئۆتۆنۆمی كە ئەو كاتە بە پێی بارۆخی سیاسی ناوچەكە هیچی لە سەربەخۆیی كەمتر نەبوو دەکرد و دەیزانی بارودۆخ ئەوە هەڵدەگرێ، ساڵی 1991شەڕی بۆ فیدڕاڵی دەکرد و دەیزانی لەوکاتەدا هەر فیدڕاڵی گونجاوە، هەندێ حزب و کەسایەتیش ئەوکاتە درووشمی (سەربەخۆیی کوردستان)یان بەرزکردبۆیەوە و گلەییان لە فیدڕاڵیەکەی پارتی دەکرد، لەکاتێکدا بارودۆخ هیچ لە بار نەبووو، کەچی کە ئێستا هەموو شتێک ساز و تەیارە ئەوان بە بیانوی جۆراو جۆر دژی سەربەخۆین!ئێستاش کە قۆناغێکی نوێ هاتۆتە پێش پارتی زۆر بوێرانە ئاڵا سەربەخۆێی بەرزکردۆتەوە، هەموو توانا و کادر و ڕاگەیاندنی خستۆتە خزمەتی سەربەخۆیی و ئامادەشە باجەکەی بدات،مروڤ کاتێک بارانی پێکەوت بیری برسیەتی نامێنێ، بەدوای خانویەکدا، ژێر کەپرێکدا دەگەڕێ، کورد سەد ساڵە بارانی پێ ئەکەوێ و پارتی هەڵگری درووشمی درووستکردنی ئەو ئارامگەیە بووە، دەی خەڵکی کوردستانیش لەبەر بۆردوومانی فڕۆکە و تۆپی دووژمن وڵاتێکیان دەویست کە ئیتر مووشەکی دووژمنیان پێ نەکەوێ، لەپەنای سەماوەردا بە ئارامی دوو چا بخۆن!ئەمە واقعبینی پارتی بوو لە درووستکردنی دەوڵەتدا، ئەی قوربانی دان؟بەدەر لەو دەیان هەزار شەهیدەی پارتی لە پێناو ئازادی کوردستان هەر لە شۆڕشەکانی بارزانەوە تا دەگاتە شەڕی داعش، پارتی هەموو سەردەمێک لە مافەکانی خۆی کشاوەتەوە بۆ خزمەتی بەرژەوەندی کورد، لە خیانەتکاران خۆش بووە لە پێناو یەک ڕیزی، تا ئەوەی ئامادە بووە پلە و پۆستەکانی خۆی بدات بە نەیارەکانی هەم لە بەغدا و لە کوردستانیش،تەنها و تەنها بۆ ئەوەی کورد یەکڕیز بێت، هەمیشە خۆی بە خاوەنی کوردستان زانیوە.. شۆرٍشەیەك لە دوای یەكەكان بە گشتی بۆ یەك ئامانج خەباتیان كردووە و تێكۆشاوە ئەویش رزگاری خاك و نیشتیمان و بەدیهێنانی دەولەتی كوردستانە . ئەو رێبازە قۆناغ بە قۆناغ بەردەوام بووە تا بە ئەمانەتەوە گەیشتۆتە دەستی مستەفا بارزانیی و ئینجا سەرۆك مسعود بارزانیی . بۆیە كاتێك باسی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكەین، گرنگە بگەڕیێینەوە بۆ مێژووی سەرۆكەكانی خۆمان و ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا چەند ساڵە ئەم نەتەوەیە لە پێناوی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان رۆڵەكانی قوربانی دەدەن و بەرگەی كارەسات و كاولكاری دەگرن؟ مێژوو وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و پێمان دەڵێت: تەنیا لە مێژووی هاوچەرخدا نزیكەی 150 ساڵە نەتەوەی كورد پرۆسەی سەربەخۆیی دەست پێ كردووە و ئەم پرۆسەیە بۆ یەك ساتیش رانەوەستاوە و نەتەوەكەمان كۆڵی نەداوە، بەڵام لە دەستی سەركردەیەكەوە چۆتە دەستی سەركردەیەكی دیكە و لە نەوەیەكەوە گوازراوەتەوە بۆ نەوەیەكی دیكە، هەر بۆ نموونە ئەگەر شۆڕشی شێخ عوبێدوڵڵای نەهری بە دەستپێكی پرۆسەی سەربەخۆیی لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا بە نموونە وەربگرین، ئەوا لەوكاتەوە نەخشەی رێگە بۆ سەربەخۆیی كوردستان داڕێژراوە، دەست بە دەست گوازراوەتەوە بۆ سەركردەكانی دوای خۆی، هەروەك چۆن دوای ئەو چۆتە دەستی شێخ عەبدولسەلامی بارزان و ئەویش درێژەی بە هەمان پرۆسە داوە و هەر لەپێناوی هەمان پرۆسەشدا لەسەر دەستی داگیركارانی كوردستان لە سێدارە دراوە، لەدوای ئەم مێژووەوە لە هەر شوێن و پارچەیەكی دیكەی كوردستان هەوڵێك هەبووبێت بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، ماڵباتی بارزانی نەك هەر پشتیوانییان لێكردووە، بەڵكو بوونەتە پێشمەرگە و پاریزەری ئەو پرۆسەیە.مستەفا بارزانی بەو ئامانجە رێبەرایەتی شۆڕشی كوردستانی كرد، كە كوردستان ببێتە خاوەنی سەربەخۆیی خۆی، تەنانەت لە هەموو دانوستان و رێككەوتنانەی نێوان شۆڕشی ئەیلوول و حكومەتە یەك لە دوایەكەكانی عێراقیش، بارزانی قەت بڕوای بەوە نەبوو كە حكومەتی عێراق ئەوجا هەر حكومەتێك بێت، ئەو ئامادەباشییەی هەبێت كە مافەكانی كورد بسەلمێنێت، هەر بۆ نموونە دوای ئەوەی رێككەوتنی ئادار لەگەڵ حكومەتی عێراق لە ساڵی 1970 تەواو بوو، جەنابی بارزانی كۆبوونەوەی پێكردین و پێی گوتین ئایا ئەم رێككەوتنە بكەین، یان نە؟ ئێمە هەموومان كە لەو كۆبوونەوەیە ئامادە بووین، گوتمان بیكەین باشترە، بەڵام ئەو پێی گوتین، من قەناعەتم نییە حكومەتی بەعس ئەمە جێبەجێ بكات، بەڵام لەبەر دوو هۆكار منیش قبووڵی دەكەم، یەكەم لەبەر ئەوەی نەڵێن بارزانی دیكتاتۆرە، لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو رەزامەندن، تەنیا من گومانم لە بەعس هەیە، دووەم لەبەر ئەوەی نەڵێن حكومەتی عێراق مافی ئۆتۆنومی دا بە كوردستان، بەڵام مستەفا بارزانی قبووڵی نەكرد، بەڵام ئەوە بوو هێشتا مەرەكەبی رێككەوتنەكە وشك نەبووەوە كە حكومەتی عێراق كەوتە پیلاندانان بۆ شكستهێنان بە رێككەوتنەكەو هەوڵیدا شەهید ئیدریس بارزانی تیرۆر بكات، پاشان هەوڵیدا مستەفا بارزانی لە ریگەی چەند مەلایەكەوە تیرۆر بكات، كە بارزانی بە موعجیزە لەو هەوڵەی بەعس رزگاری بوو. لەسەر ئەم بنەمایەش بوو مستەفا بارزانی لە ساڵی 1976 و دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە بارەگای رێكخراوی مافەكانی مرۆڤ ئەو پەیامەی بەو رێكخراوە راگەیاند: هەتا ئاڵای كوردستان لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان نەشەكێتەوە، كێشەی كورد چارەسەر ناكرێت. بەدڵنییاییەوە ئەو رێباز و كاروانە تا ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی رۆژی 25/9/2017 و سەركەوتنی ئەو پرۆسە دیموكراسییە بەردەوامە ،راستە خیانەت و ناپاكی لە كورد كرا بەڵام ئێستا خاوەنی بەهێزترین تاپۆ و كارتی سەربەخۆیین و لە زووترین كات و دەرفەتدا ئاوانی بەدیهێنانی دەوڵەتی كوردستان دێتەدی .
Top