لە خواکورکەوە بۆ پردێ و سحێلا

لە خواکورکەوە بۆ پردێ و سحێلا
داستانی خواکورک و داستانی پردێ و سحێلا دوو داستان بوون لە دوو قۆناغی هاوشێوەدا، داستانی خواکورک لە دوای کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران کردنی هەڵەبجە و زۆر ناوچەی تر و کاول کردنی کوردستان بوو، لە سەردەمی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابوو، لە دوای وەستانی شەڕی عێراق و ئێران بوو، ئەوەش دەرفەتێکی باشی بۆ رژێمی بەعس رەخساند کە بە دەیان هەزار کەس لە جەیش و جاش و بە پێشکەوتووترین چەکی ئەو سەردەمە و جبەخانەی سەربازی لەو سنوورە کۆبکاتەوە، هەموو ناوچە ئازاد کراوەکان داگیر کرانەوە و شاخ و شار لێک دابڕێنران، ئەوەی دڕی بە تاریکستانی ئەو قۆناغە دەدا ئەو مەفەرزە پارتیزانانە بوون کە بە گیانبازی خۆیان و بڕوای پتەویان بە سەرکەوتنی دوای شکست دەبوونە پردی پەیوەندی نێوان شاخ و شار، لە کاتێکدابوو زۆر کەس پێیوابوو شۆڕشی کوردیش گرێدراوی شەڕی عێراق و ئێرانە و بە کۆتا هاتنی ئەو شەڕەش شتێک نامێنێ بە ناوی شۆڕشی کورد.
داستانی خواکورک لەناو ئەو بێئومێدیەی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشابوو بە دۆست و دوژمنی گوت: شۆڕشی کورد کاردانەوەی ئەو زوڵم و ستەمە نەتەوەییەیە کە لە کورد دەکرێ و چەندی زوڵم و ستەمەکە زیاد بێ، کاردانەوەکەش بە گوڕتر و بڕوای شۆڕشگێرانیش بە سەرکەوتن تۆکمەتر دەبێ، مەشخەڵی سەربەخۆیی کوردستانە و لەناو رێککەوتن و پیلانگێڕیەکانی داگیرکارانی کوردستاندا درەوشاوەتر دەبێ، مەچەک و بازووی شوێنکەوتووانی رێبازی بارزانی نەمرە و بەند و کەلەچەی ژێردەستەیی هەڵناگرێ, لەو روانگەیەوە سەرۆک بارزانی لە یادی ١٦ی ئابدا سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئەو پێشمەرگانە نارد کە داستانی خواکورکیان وەک وەڵامی غرووریەتی داگیرکارانی کوردستان کردە مەدالیای سەرکەوتن و بە گەردنی مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کوردیاندا هەڵواسی، .
لە دوای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ قۆناغێکی هاوشێوەی سەردەمی خواکورک درووست بوو، رژێمە شیعەخوازەکەی بەغدا بە هاوکاری و پشتیوانی هاوپەیمانان لە شەڕی داعشدا سەرکەوتنی بەدەست هێنابوو، دژ بە رفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ تاران و ئەنقەرە و عێراقچیەکانی ناوخۆ رێککەوتن و هاوپەیمانی بەستبوو، هەندێ حزب و لایەنی کوردی راکەڕاکیان بوو بۆ بەغدا و خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان و بەری رەنجی خوێنی شەهیدانیان لە ناردنی مووچەی پارێزگایەک و دابڕاندنی سلێمانی و گێڕانەوەی بۆ سەر بەغدا و پابەندبوونیان بە بڕیارەکانی عەبادی و حشدی شەعبی چڕ کردبۆوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوشێوەی سەردەمی ئەنفال و کیمیاباران بێدەنگی هەڵبژاردبوو، لە رووی چەک و تەقەمەنیش کۆک و پۆشتە و خاوەنی دەبابەی ئەبرامز بوو.
لێرەدا لێکچوونێکی تەواو لە نێوان پێلانگێڕیەکانی ئەو دوو قۆناغە هەیە، داستانی پردێ و سحێلاش رێک دووبارە بوونەوەی داستانی خواکورکە لە قۆناغێکی تری مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا، لە داستانی خواکورکدا چی بە داگیرکارانی کوردستان و دەستوپێوەندەکانیان گوترا، لە داستانی خواکورکیش هەمان شت بە داگیرکارانی کوردستان و ئەوانەش گوترایەوە کە پێیان وایە پرسی کورد بە هێز و زوڵم و ستەم بێدەنگ دەکرێ، یان پێیانوایە باشووری کوردستان کیژۆڵەیەکی شەرمنە و لە عێراقی عرووبە مارە بڕاوە.
Top