ئەوەی دەکرێ و ئەوەی ناکرێ

ئەوەی دەکرێ و ئەوەی ناکرێ
دەکرێ پارتی نەبم، دەکرێ ئیسلامی و گۆڕان و یەکێتی نەبم، دەشکرێ سۆشیالیست و شیوعی و ...هتد نەبم، بە پابەند نەبوونم بە سیاسەتی هەر حزب و رێکخراوێکی سیاسی لە کوردبوون ناشۆرێم و لە خەباتی کوردایەتی وەرناگەڕێم، بەڵام ناکرێ و تاوان و خیانەتە لە ریفراندۆم و دیارکردنی چارەنووسی خۆم بڵێم: نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بەڵێ بۆ ژێردەستەیی و بە ریسوایی ژیان، لەوەش تاوان ترو خیانەت تر ئەوەیە دژ بە سەربەخۆیی کوردستان و خواست و ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلە ژێردەستە و ستەمدیدەکەم بم و لەگەڵ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان، بچمە سەر مێزی پیلانگێڕی و ببمە چاوساغی بکوژانی رۆڵەکانی گەلەکەم و دەستیان بکێشم بۆ داگیرکردنەوەی ئەو خاک و شارو شارۆچکانەی بە خوێن و خەبات و قوربانیدان لە دەستی دوژمنان دەرهێنراون.
لە ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ ئەو تاوانکار و خیانەتکارانەمان بینین کە گوتیان: نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بەڵێ بۆ ژێردەستەیی و بە ریسوایی ژیان، هەر لەو رۆژەدا ئەوانەشمان بینین کە ژێردەستەییان رەتکردەوە و بەرامبەر بە دۆست و دوژمن گوتیان: ئێمەی سەربەخۆخواز بەدەم زەردەخەنەی (بەڵێ)وە بەرەو مەرگ و بە ئاواتی سەربەخۆییەوە هەنگاو دەنێین.
لە ١٦ی ئۆکتۆبەریش لەوان تاوانبار ترو خیانەتکار ترمان بینین و ئەوانیش لەگەڵ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان چوونە سەر مێزی پیلانگێڕی و بوونە چاوساغی دوژمنان و وڵاتفرۆشی و بازرگانی کردن بە چارەنووس و خوێن و خەباتی خەڵکی کوردستانیان بە کوردایەتی بە سەربەخۆخوازان و رەتکەرەوانی ژێردەستەیی دەفرۆشت، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەریش ئەوانەشمان بینین کە لە پردێ و سحێلا بە گیانی خۆیان مێزی پیلانگێڕیان تێکشکاند و کورسیان لە ژێر پیلانگێڕان دەرهێنا.
Top