پارتی بووەتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم وزە و توانا نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و ئاراستەكردنیان بۆ خەبات و بەرخودان و بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی گەلەكەمان. ئەمڕۆ 16/8/1946 ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستانە بە ڕێبەرایەتیی مستەفا بارزانیی، ئەو حزبەی كە لە قۆناخە جیاوازەكاندا و ئێستایشی لەگەڵدا بێت، لە خەبات و قوربانیدان لە پێناو دۆزی ڕەوای نەتەوەی كورد بەردەوامە و لەگەڵ ئێش و ئازارەكانی گەلی كورددا ژیاوە. لەم ڕۆژەدا كادیران و ڕاگەیاندنكارانی پارتی پەیامی خۆیان دەردەبڕن و پێیان وایە پارتی هەڵگری بیروباوەڕی نەتەوەییە..پارتیی دیموكراتی كوردستان هەر لە رۆژی دامەرزاندنییەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، هەر رۆژێكی تەمەنی ئەم پارتییە سەروەرییەكی بۆ خۆی و بۆ میللەتەكەی تۆمار كراوە، لەبەر ئەوەی هیچ كاتێك سازشی لەسەر مافە رەواكانی كورد نەكردووە، هەمیشە دوژمنان بە چاوی رقەوە لێیان روانیوە و پیلانیان دژی داڕشتووە، سوپاس بۆ خوا و بە پشتیوانیی گەلی كورد و حیكمەتی سەركردایەتییەكەی، گشت پیلانەكانیان بوونەتە بڵقی سەر ئاو، هەر لە ئەنفال و كیمیاباران و گوند سووتانەوە تا دەگاتە بڕینی قوتی خەڵك و هێرشی داعشەكان، حەشدەكان بەڵام پشتئەستوور بە هێزی جەماوەر، پارتی بە رابەرایەتیی سەرۆكی نەتەوەیی كورد سەرۆك مەسعوود بارزانی كورد بە ئاقارێكی ئارام دەگەیەنێت و خەونی لەمێژینەی كە دەوڵەتی سەربەخۆیە، دێتە دی."پارتیی دیموكراتی كوردستان 72 ساڵ خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی و ئیداری و دیپلۆماتی و بنیادی دەوڵەتی كوردستانی تێپەڕاند. ئەگەر ئەم زەمەنە لە خەباتە جۆراوجۆرەكان وەك پەیژەیەك تێی بڕوانین، ئەوا بە ئاسانی و بە رۆشنی بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە لە پلەكانی كۆتایی نزیك بووەتەوە كە سەركەوتنی یەكجارەكییە و مێژوو سەراپای جومگە بنەڕەتییەكانی ئەم حزبە لە زێڕ دەگرێت. پارتی پێچەوانەی تەمەنەكەی خۆی، لە 2018ـدا وەك گەنجترین حزبی كوردی خۆی وێنا دەكات و كێرڤ و وزەی لە هەمووان زیاترە، ئەوەش یەكێكە لە سیفاتە بەرزەكانی و من بۆ ئەوەیشی دەگێڕمەوە كە سیاسەتی حەكیمانەی ئاراستەكراوی پارتی ئەوەیە نە پێش كۆمەڵگە كەوتووە و نە دوایشی كەوتووە، بەڵكە شانبەشانی پێویستییەكانی كۆمەڵگە هەنگاوی هەڵگرتووە.لە 16ـی ئابی 1946ـدا پارتیی دیموكراتی كوردستان وەك یەكەمین رێكخراو و حیزبی سیاسی لە باشووری كوردستان دامەزرا، بە دامەزراندنی ئەو پارتییە، خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی و چەكداریی كورد پێی نایە قۆناخێكی گرنگ و مۆدێرن، ئەویش گۆڕینی شێوازی سیاسەتكردن و خەباتی چەكداری بوو لە پاڕێزگاریكردن لە شار و شارۆچكە و پەرتەوازەیی بۆ سیاسەتكردن بە مانا و شێوازە نوێیەكەی كە دروستكردنی حیزب و رێكخراو و كۆمەڵە بوو، بەمەش پارتیی دیموكراتی كوردستان بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر توانی هەموو دەنگە شۆڕشگێڕەكانی كورد لە حیزبێكی سیاسیی خاوەن پەیڕەو و پرۆگرام و سیستماتیك كۆ بكاتەوە تا بتوانێت ڕابەرایەتیی شۆڕشی كورد لە باشووری كوردستان بكات و بە نوێنەرایەتی كورد بەشداریی كۆڕ و كۆنفراسە نەتەوەییەكانی جیهان بكات. "شۆرشی مەزنی ئەیلوول سەلمێنەری رێكخستنی پتەوی (پارتیی دیموكراتی كوردستان)ـە كە بۆ یەكەم جار بوو لە مێژووی كورددا شۆڕشێك بۆ بەرگریكردن لە نەتەوەی كورد سەر هەڵبدات كە هەموو كوردستانیان نەك تەنیا لە باشووری كوردستان، بەڵكە لە تەواوی بەشەكانی تری كوردستان بەشداریی تێدا بكەن و خەبات بۆ فەراهەمكردنی سەندنەوەی مافە زەوتكراوەكانی كورد بكەن، كە دواجار ئۆتۆنۆمی وەك دەستكەوت بۆ كورد بە دەست هێنا، ئەم دەستكەوتە یەكەم بەڵگەنامەی داننانی دوژمنانی كوردە بە بەشێكی گرنگی خاكی كورد و مافی كوردستانیان كە بێگومان لەو سەردەمەدا بۆ كورد زۆر گرنگ بوو تەنانەت بۆ ئێستای فیدراڵی و بەڵی بۆ ریفراندۆم و داهاتووی سەربەخۆییش سوودی زۆری بۆ كورد هەیە.ڕۆڵی پارتی وەك پێشەنگ لە هەڵگیرساندنی تەواوی شۆڕش و داستانەكانی نەبەردیدا دیارە، لەوانە شۆرشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵانی پیشكەوتنخواز، داستانی خواكوڕك و ڕاپەرینی مەزنی بەهاری ساڵی 1991، بەشداریكردن لە ڕووخاندنی رژێمی فاشستی بەعس. لە ئێستادا وەك هەمیشە پارتیی دیموكراتی كوردستان خەمخۆری بەرگریكردن لە خاكی كوردستان و پەیامی سەربەخۆییە و بۆ ئەم مەبەستەیش پشتیوانیی جەمارەی خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی وەرگرتووە"پارتی هەروەك چۆن وزە و توانای پەرتەوازەی لە چەترێكدا كۆ كردەوە، لە هەمان كاتدا ڕۆڵێكی گرنگی داوەتە ئافرەتان بۆ ئەوەی كاری خۆیان و تواناكانی خۆیان لەژێر چەترێكدا كۆ بكاتەوە ئەویش پارتیی دیموكراتی كوردستانە كە شانبەشانی پیاوان، ئافرەتان كاری سیاسییان كردووە و پێگەی گرینگیان لە سەرجەم جومگە سیاسی و ئیدارییەكاندا هەیە".16ـی ئاب تەنیا رۆژی دامەزراندنی حزبێكی شۆڕشگێڕ نییە و بەس، هێندەی بە سیستماتیككردن و نووسینەوەی ئەدەبیاتی شۆڕشگێرانەی نەتەوەیەك بوو كە هەر لە شۆڕشەكانی بارزانەوە تا هەموو ئەو دەنگانەی كە بە گژ داگیركاریدا دەچوونەوە لە ژێر بەیداخی پارتێكی پێشڕەودا كۆ كرانەوە و رێبازی پیرۆزیبارزانی وەك بنەما و دەستوورێكی كارا كاری پێ دەكرا. یەكڕیزی و خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیەك، پەروەردەی كوردانە، برەودان بە هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و بەرزكردنەوەی متمانەبەخۆبوونی تاكی كورد، لە پرەنسیپە بنچینەییەكانی پارتین.دامەزراندنی پارتی زەروورەتێكی مێژوویی بوو، وەهاش مانەوە و بەهێزبوونی پارتی بۆ گەلی كورد و گشت پێكهاتەكان پێویستە. لە كاتێكدا یادی دامەزراندنی پارتیمان دەكەینەوە، كوردستان و ناوچەكە بە قۆناخێكی هەستیار دەرباز دەبێت، حیكمەتی پارتی لەوەدایە دوای هەر پیلانێكی دوژمنانی گەلەكەمان بەرامبەر بە پارتی، پارتیی دیموكراتی كوردستان جارێكی تر زیاتر بەهێز دەبێت بۆ بەردەوامبوونی خەباتی نەتەوەیی، پارتی لە دوای رێككەوتنی شوومی جەزائیر توانی بە شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنحواز وەڵامی نەیارانی بداتەوە.