پارتی دیموكراتی كوردستان لە یەكەم رۆژی خەباتی و تێكۆشانی گشت هەوڵەكانی لە پێناو خۆشەپاندن و داگیركردنی خاك و نیشتیمانی گەلێكی تر نەبووە ،بەڵكو ئەو خەباتەی بۆ ئەوە بووە تا بە داگیركەرانی كوردستان بڵێ كە چۆن ئێوە خاوەن دەوڵەت و مافی خۆتانن دەبێ كوردیش بە هەمان شێوە خاوەنی سەربەستی و سەربەخۆیی خۆی بێ و ناكرێ خاكی داگیركراو بێ و پاشكۆ و ژێر دەست بژیت .تا مافە زەوتكراوەكانی گەلی كورد ، نەگەرێنەوە مەحاڵە سەقامگیری و ئاشتیی بۆ رۆژهەڵاتی ناوین بگەرێتەوە ،هەر چەندە كورد لە ماوەی رابردوو تا بە ئەمرٍۆ زۆر هەوڵی دا تا رژێمە یەك لە دوای یەكەكان ناچار بكات ئەو واقیعە قبوڵ بكەن بەڵام بەردەوام ویستیویانە بە هێز وئاگر رێگری لە گەراندنەوەی مافەزەوتكراوەكان بگرن .ئەو دەوڵەتانەی نزیكەی سەدەیەك پێش ئێستا و لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی و لە رێی رێككەوتنی سایكس پیكۆ-وە بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی فەڕەنسا و بەریتانیا درووستكران، بە رەوتێكی خێرا لە داڕووخان و لێكترازاندان، ئەمەش زیاتر بە مانای دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە دێت كە پێویستە ئەم پرۆسەیەش لە لایەكەوە لەگەڵ رۆحی رۆژگارەكەدا و لە لایەكی دیكەشەوە لەگەڵ پێدراوە نوێیەكانی سەر ئەرزی واقیع بگونجێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە بەرژەوەندییەكانی گەلانی ناوچەكەوە، لە پێش هەمووشیانەوە گەلی كوردستان كە رێككەوتنەكەی پێشوو لە مافەكانی بێبەشی كرد و بە ناڕەوا نیشتمانەكەشی لە نێوان چوار دەوڵەتدا دابەش كرد، بەوەش كەمترین بایەخی دا بە مافی گەلان بۆ ئەوەی خۆیان مومارەسەی مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان بكەن. هەر ئەمەش هۆكاری ئەو هەموو ئەو نەهامەتییانە بوو كە بە درێژایی سەدەی رابردوو دووچاری بووینەوە. لە ئێستادا دۆخەكە بە تەواوەتی گۆڕاوە، لە لایەك رووداوەكان ئەو راستییەیان سەلماندووە كە یەكێتی ناچاری و زۆرەملێی نێو پێكهاتەكانی ناوچەكە مەحاڵە و سەرناگرێ و و چیتر ناكرێ ئەم دۆخە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، لە لایەكی دیكەوە دەركەوتنی بزووتنەوەی رزگاری نیشتمانی كوردستانی لەسەر گۆڕەپانە سیاسییەكە دەبینین، كە بۆتە هێزێكی دیموكراتی هاوچەرخ و ئەو سەركەوتنە گرنگانەی لە بەشەكانی كوردستاندا بەدەستی هێناوە بە تایبەتی لە كوردستانی باشوور و رۆژئاوا، ئیدی لەسەر ئاستی ناوخۆیی بێت لە نێویاندا ئەزموونە سەركەوتووەكەی هەرێمی كوردستان و پرۆژە دیموكراتییەكەی كە بەرەوپێش دەچێت، یاخود لەسەر ئاستی پێوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان و ئەو رێزە گەورەیەی گەلی كوردستان بەدەستی هێناوە، لەگەڵ ئەو رۆڵە گرنگ و سەرەكییەی دەیگێڕێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری جیهانیدا. هەموو ئەوانە بە مانای ئەوە دێت كە پێویستە جیهانی شارستانی بە نەخشەی ئێستای ناوچەكەدا بچێتەوە و رێز لە ویستی پێكهاتەكانی بگرێت، چونكە ناكرێت سیستمێكی هەرێمایەتی هاوسەنگ كە توانای بەردەوامبوونی هەبێت، بنیادبنرێت و دەستەبەر بكرێت بێ دانپێدانان بە مافی ئەم پێكهاتانەدا، بەتایبەتی مافەكانی گەلی كوردستان كە پەیوەستن بە ئازادی و سەربەخۆییەوە، كە نیشتمانەكەشی دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكدەهێنێت. هەوڵەكان بۆ بێبەشكردنی گەلی كوردستان لە مومارەسەكردنی مافی رەوای چارەنووسی دەچێتە خانەی دەمارگیری نەتەوەگەرایی كوێرانە و دواكەوتوویی شارستانییەوە. بەڵێ لەم ساتەوەختەدا گەلی كوردستان هەلێكی بۆ رەخساوە بۆ ئەوەی خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بۆ ئەوەی خەونی رەوای خۆی بەدی بێنێت كە بەرجەستە دەبێت لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی، لەبەر ئەوە ئەرك و زەروورەتە كە سەركردە كوردەكان پێداگیری لەسەر ئەم مافە بكەن و لە سەر هەردوو ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی تەرحی بكەن و رێگە بگرن لە دووبارە بێبەشكردنەوەی گەلی كورد لەم مافە. پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر لە حەوت د ەیەی رابردوو تا بە ئەمرٍۆ پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری كوردایەتیی بووە و لە پێناوەشدا زیاتر لە 500 هەزار شەهیدی بەخشیووە و دەبەخشێ . بە متمانە بەخۆبوونێكی زۆر و ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە رووبەرووی گشت كۆسپ و ئاستەنگەكان و پیلانگێری هەرێمی و نێودەوڵەتیی بۆتەوە و لە پێناو كوردایەتیی و گەیشتن بە مافەرواكان و چەسپاندنی باجی گەورەی داوە و بەرگریی كردووە ،ئەوەش لە پێناو ئەوە بووە تا سازش ناكات و پاشگەز نەبێتەوە لە بە جێگەیاندنی ئەركە پیرۆزەكانی .ئەوەی پارتی لە حیزبەكانی تری كوردستان جیا دەكاتەوە، ئەمانیش بوونی سەرۆكێكی كارێزما و پێشمەرگەی جەماوەریی نەگۆڕ و سەركردایەتییەكی تۆكمە و یەكگرتووە، ئەمە لە كاتێكدایە زۆرینەی حیزبەكانی تر بە دەست پەتای باڵبالێن و لێشاوی جیابوونەوەی كادیرە سەركردەكانیانەوە دەناڵێنن.پێداگریی پارتی لەسەر ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە لە كاتی دیاركراوی خۆیدا، پێمان دەلێت تاكە حیزب كە ئارەزوو ناكات كوردستان بكەوێتە بۆشایی یاسایی و وڵاتیش لە رێگەی حكوومەتی كاربەڕێكەرەوە بەڕێوە بچێت، پارتییە. بە واتایەكی تر، جارێكی دیكە ئەو حزبە سەلماندی كە دەیەوێت بە شێوەیەكی یاسایی و پاڵپشت بە دەنگی جەماوەر، لە دەسەڵات بەردەوام بێت.لە كاتێكدا هەموو حیزبە ڕكابەرەكانی پارتی، بنەمای زیادكردنی دەنگەكانیان لەسەر دژایەتیكردنی پارتی و دەستكەوتەكانی حكوومەتی هەرێم بینا دەكەن، پێچەوانەی هەمووان پارتی هەموو هەوڵێك بۆ یەكڕیزی و دژایەتیكردنی فەرهەنگی یەكترشكاندن دەكات، كەمپینەكانی بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا، ئەم راستییە پشتڕاست دەكاتەوە.كۆتا هەڵبژاردنی عێراق لە 12/5، هێز و پێگە و پێشەنگایەتیی پارتی وەك حزب لەسەر ئاستی عێراقدا دووپات كردەوە، لەلایەكی ترەوە دووبارە هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی كوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی، ئەو گومان و دەنگۆیانەی بەدرۆ خستەوە كە حیزبە ڕكابەرەكانی پارتی لە ڕابردوودا دەیانكرد كە گوایە پارتی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكات.ئەو نهێنییەی وا لە دەنگدەری كورد دەكات كە چەندان جار دەنگ بداتەوە بە پارتی، بوونی سەرۆكێكە قەڵغانی پاراستنی باشووری كوردستانە و حیزبێكە ئامادەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە لە هەموو بارودۆخێكدا، هاوكات خاوەنی سەركردایەتییەكە كە سەركەوتوو بووە لە ڕزگاركردنی كوردستان لە گشت ئەو كۆسپ و تەگەرانەی رووبەڕووی بوونەوە و دەبنەوە. هەروەها بینیمان كە چۆن لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە رووبەرووی درٍندەترین دوژمنی مرۆڤایەتیی داعش بۆوە و لە ماوەیەكی كورتی دواتر پیلانگێری ئیقلیمی بۆ سرٍینەوەی ئەزموونی كوردستانی تێكشكاند و دواتر زۆر ژیرانە توانی گەمارۆ سیاسی و دیپلۆماسی تێكشكاندن و ئێستاش تا دێت هەنگاوەكانی بەرەو جێبەجێكردنی ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانە و بە دڵنییاییەوە ئەوەی پارتی و مێژووشاهیدە كوردایەتیی پێشەنگ بووە تا سورانەوە لە چوار چێوەی حزبێك ،ئەمەیە نهێنییەكی بچووك ئەوەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزێكی هەڵقوڵاویی جەماوەری كوردستان پێشەنگ بێ هەمیشە.هەروەها پێموایە تەرحكردنی پرسی سەربەخۆیی و بە تەوافوق لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا لە لایەن بەڕێز مسعود بارزانییەوە چارەسەرێكی واقیعییانەیە كە دەستەبەری ئەوە دەكات گەلی كوردستان مافە رەواكانی خۆی بەدەست بێنێت لەگەڵ زەمانەتكردنی پێوەندی دۆستانە و ئاشتییانە لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەدا و چەسپاندنی بنچینەكانی ئایندەیەكی باشتر بۆ نەوەكانی داهاتووو دوور لە شەڕ و ناكۆكی.بەدروستبوونی دەوڵەتی كوردستان دەبێتە ئاشتیی وسەقامگیری یەكجاری رۆژهەڵاتی ناوین..