مەکتەبی سیاسی تکایە بەس پێنج خولەک چاوتان بکەنەوە

مەکتەبی سیاسی تکایە بەس پێنج خولەک چاوتان بکەنەوە
دوو ساڵ بەر لەوەی چەکی پێشمەرگایەتی بکەمە شان بە دیداری کاک ئیدرس بارزانی جوانەمەرگ شاد بووم، لە دیدارەکەدا کاک ئیدریس پرسیارێکی لێکردم، منیش ئەوکات وەک گەنجێکی تازە پێگەیشتووی خوێن گەرم زیادەڕۆییم لە وەڵامەکەدا کرد، کاک ئیدریسیش وەک مامۆستایەکی ئەزمونداری کوردایەتی هەستی بە زیادەڕۆییەکە کرد و فەمووی: تۆ گەنجی تازە دێیتە ناو دنیای جەنجاڵی سیاسەت و شۆڕشگێڕی و ئەوەی پێتدەڵێم بیکە بە بەرنامەی کاری سیاسی و شۆڕشگێڕیت.
بۆ سەرووی خۆت راستییەکان وەک خۆی بگەیەنە و دوژمن لەوە بەهێزتر پیشان بدە کە هەیە، بۆ ئەوەی سەروو بە بەرنامەی رووبەڕوو بوونەوەی دوژمندا بچێتەوە و دەستنیشانی خاڵی بەهێزی دوژمن و خاڵی لاوازی رووبەڕوو بوونەوەکە بکات، چونکە ئەگەر دوژمن لاواز پیشان بدەی و واش نەبێ، ئەوا ئێمە لەسەر ئەو بەرنامەیە دەڕۆین کە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی دوژمن دامان ناوە و بەرنامەکەشمان لە ئاستی رووبەڕوو بوونەوەى دوژمندا نییە، بەڵام بۆ خوارووی خۆت دوژمن لەوە لاوازتر پیشان بدە کە هەیە، بۆ ئەوەی ورەو ئومێد بە خوار خۆت ببەخشی و لە هەموو قۆناغێکیشدا ورەو ئومێد سەرکەوتن مسۆگەر دەکات، لەو کاتەوە پەیڕەوی ئەو ئامۆژگاریەی کاک ئیدریسم کردووە و باجیشم داوە، چونکە بەرپرسانی ئێستا نایانەوێ راستیەکان وەک خۆی بزانن و پێیانوایە زانینی راستیەکان بۆ ئەوان کەمییە و رەخنە گرتنە لە ئەدای کار و بەرنامەی ئەوان.
لێرەدا دێمە سەر کرۆکی باسەکەم و بە ئێوەی بەڕێز دەڵێم: ناتانەوێ راستییەکان بزانن و بە گوتنی راستییەکان ناڕەحت دەبن، ئێوە لە بەدوادا چوونتان بۆ گەیشتن بە راستییەکان تەنها لە بەرپرسە باڵاکان و هەیئەتی دەزگا حزبییەکان دەپرسن، ئەوانیش تا ئەو شوێنە راستییەکانتان پێدەڵێن کە لە بەرژەوەندی خۆیان نەدرێ، بە واتایەکی تر بە درزی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و دابین کردنی بەرژەوەندی زیاتر راستییەکانتان پێدەڵێن، لەوەش خراپتر پێچەوانەی ئامۆژگاریەکەی کاک ئیدریس بۆ ئێوە نەیارانی پارتی نابووت دەکەن و بۆ خوار خۆشیان نەیاران بە فیرعەون دەردەخەن، بەوەش هەم فێڵ لە ئێوەی سەروو دەکەن و هەمیش ورەو ئومێدی خوار خۆیان بە سەرکەوتن لاواز دەکەن، ئەوەش وادەکات کارنامەی کارکردنتان لە ئاستی رووداوەکان نەبێ و پارتی لە جوغزێکی دیاریکراودا بسووڕێتەوە، بۆیە بە راشکاوی پێتان دەڵێم: تا ئەوانە تاکە سەرچاوەی زانیاریەکانتان بن ناگەنە راستییەکان، بە نەگەیشتنی راستییەکانیش پێتانوایە کارنامەی کاری حزبیتان سەرکەوتووە، جا ئەگەر دەتانەوێ راستییەکان وەک خۆی بزانن، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ خوارتر و هەوڵبدەن لە جەماوەر و دەنگدەری پارتی راستییەکان وەک خۆی وەربگرن، چونکە ئەوان لە گەیاندنی راستییەکان زەرەرمەند نابن و لە بەرژەوەندیان نادرێ، ئەوجار تێدەگەن کە راستییەکانتان چۆن لێ شاردراونەوە.
Top