رۆژی سەرکەوتن! (سایکۆلۆژیای جەنگ)

رۆژی سەرکەوتن! (سایکۆلۆژیای جەنگ)
لە ساڵیادی کۆتاییھاتنی جەنگی جیھانیی دووھەم لە (٩/٥/١٩٤٥) وەک ھەمیشە دووبارە ئەو پرسیارە لە مێشکی مرۆڤایەتیدا دەخووڵێتەوە: ئایا بۆچی جەنگ؟ کێ تیایدا سەرکەوتووە؟ کێن ئاگری خۆش دەکەن و کێن قۆربانیانی؟ ئایامرۆڤ بە سروشت شەڕخوازە یان نە؟ و ھزاران پرسیاری لەم جۆرە، کە ھزاران ساڵە ھزری مرۆڤایەتی و فەیلەسوف و زاناینی بەخۆیەوە خەریک کردووە و ھەر یەکەیان وەک خۆی شرۆڤەیان کردووە، و تا ئێستاش وەڵامی کۆتایی دەستنەکەوتووە، چونکە ئەو بابەتش وەک گشت دیاردەکانی دیکەی مرۆڤایەت ئەوندە ئاڵۆزە، وڵامدانەوەی ئاسان نیە.
**********
ئەگەر لەم رۆژە دا رێگات بکەوێتە پارکێک لە شاری مۆسکۆی روسیا، کە بەناوی پارکی سەرکەوتن ناسراوە، دەبینی چەندەھا سەربازی پیری بەساڵاچووی ئەو وەڵاتە لە ھەموو نەتەوەکانی ئەو وڵاتە، کە تەمەنیان سەرووی ھەشتا نەوەت ساڵ دەبێ، لە گۆشە و کەناری ئەم پارکە، کە بە ھەمان ناو و رۆژی سەرکەوتن (دێن پابێدی یان день победи) ناوزەدکراوە، بە جلوبەرگی سەربازی، کە سیمبۆڵی لەشکەری سووری سۆڤیەتی جارانن، چاوەرۆانی ئەوەن کە کێ شانازی وێنەگرتنیان لەگەڵدا دەستدەکەوێ، و بە دڵنیاییەوە خەڵکە بە نان و نەمەکەکەی رووس بەوپەڕی شانازییەوە ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە و بەم کارە سوپاس و پێزانینی خۆیانیان پێشکەش دەکەن.
بەرلە چەند ساڵ، کە بۆ خوێندنی دکتۆرا لەم شارە وەرگیرام، لە یەکێک لە وانەکانی فێربوونی زمانی رووسی، کاتێک دەرفەتم بۆ رەخسا و لە بۆنەیەکی گۆنجاودا و وەک کار و ئەرکی ھەمیشەیی خۆم بۆ ناساندنی دۆزی رەوای گەلەکەم و ئەو ستەمەی لێی کراوە، لە وڵامی مامۆستا (ریتا)، و بۆ ئەوەی بچمە نێو بابەتەکەوە، بە پێشەکییەک لە بارەی خەبات و قۆربانیدانی خەڵک و نەتەوەکانی رووس و بەتایبەت مۆسکۆییەکان( یان وەک خۆیان دەڵێن مۆسکۆڤیچەکان) ئاماژەم بە ئەوەدا کە ئەوان لە پێناو ئازادی چەند قۆربانیانداوە و زیاتر لە ٥-٦مەلیۆن شەھیدییان داوە. کەچی قسەکانی بڕیمەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان زیاتر لە ٣٠ مەلیۆن شەھیدیان داوە. دواتر منیش لەبەردەم کۆمەڵێک قوتابی وڵاتانی ئەفریقی، چین، تورک، ڤیێتنام، فارس، عەرەب، مەغۆل و ... ھتد، باسم لە خەباتی نەتەوەکانی کوردستان و قۆربانیدانمان لەو جەنگەنەخوازراوانە و تراژێدیای ئەنفال و حەڵەبچە و گەرمیان کرد، کە کەمتر نەبوو لە جەنگە جیھانیەکان.
جەنگی جیھانی دووھەم یەکێکە لە ھزاران ئەو جەنگانەی لە ماوەی ھزاران ساڵی رابردوو، لە ساڵانی ١٩٣٩ تا ١٩٤٥ نزیکەی شەست مەلیۆن قۆربانی سەربازی و سیڤیلی لێکەوتەوە، و بە یەکێک خوێناویترین جەنگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ھەژمار دەکرێ.
ئەگەرچی دەگۆترێت رووس و بەرەی ئەو وڵاتە بەسەر بەرەی دیکەدا سەرکەوتن، بەڵام لە راستیدا تاوانە ئەگەر بگۆترێت سەرکەوتن بەشی کامیان بووە. چونکە ئەو ھەموو قۆربانییە نیشاندەری ئەوەن زۆر بێ واتایە گەر یەکێکیان ناوی سەرکەوتوو لە خۆی دابنێ، بەتایبەت رووسەکان. دیارە زۆرێک لەو ترسەی کە تاوەک ئێستاش ئەورۆپییەکان لە رووس و ھەیانە و فاکتەەری بەھێزی ململانێ و رکابەراتی ئەوان لەگەڵ یەکترە، ھەموو ئەو نەھامەتیانە بوون کە لەم جەنگەدا بەسەری ئەورۆپییەکان و بەتایبەت ئەڵمانیەکاندا ھێنایان، و جگەلەوەی کە دەستیان بەسەر نیوەی ئەم کیشوەردا گرت و نزیکەی نیو سەدە خستیانە ژێر دیکتاتۆریەتی خۆیان.
جەنگ (الحرب یان war) وەک پێناسە بریتییە لە پێکدادانی چەکدارانە نێوان چەند لایەن و وڵاتێک، و بەداخەوە ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانی مرۆڤایەتییەوە بۆوەتە یەکێک لە بەردەستترین شێواز و رێگاکانی چارەسەری کێشەکانی، و بە زۆر شێوازی وەک جەنگی سارد و پارتیزانی و ئابووری و دەروونی و ...ھتد، دەکرێت.
لە روانگەی ئەوەی کە جەنگ و ئەنجامدانی راستەوخۆ پەیوەندی بە لایەنی دەروونی مرۆڤەوە ھەیە، بیردۆزەکانی سایکۆلۆژی بە ھەموو جۆرەکانەوە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، باسی لێوەدەکەن و ھەوڵی پێناسە و شرۆڤەکردنی دەروونناسانەی دەدەن. بۆیە دەبینین ئەم تیۆرانەی کە سەر بە رێباز و قوتابخانەکانی دەروونگەرایی، ھیومانیزم، شێتەڵکردنەوەی دەروونی و گشتاڵتی و ئەوانیتریشن، ئەو دیاردەیەیان لە چوارچێوەی روانگەی گشتی خۆیان ھەڵدەھەنجێنن تا بزانن ھۆکار و پاڵنەرەکانی چین. ئەگەرچی دەگۆترێت کە مرۆڤ وەک بوونەوەر لە یەک قۆناغ لەم گەردوونە سەری ھەڵداوە و بۆ نموونەش پێکچوونیان لە ھەندێ رەفتاری وەک تووندوتیژی دەتوانێ ببێتە بەڵگەیەک بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام دیسانەوەش ھێشتان گۆمان لەو بابەتەی ئەتنۆگرافیاییدا ھەمانبێ، چونکە بۆ نموونە لە رووی بایلۆژیکییەوە دەبێ لە چەندین بەرەباب و نەسلدا، ھاوشێوەی گیانەوەرانی دیکە شێواز و رەنگی مرۆڤەکان، لە نەسلێکی دواتر دا پەیدا ببێ، کەچی دەبینین تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ مرۆڤێکی رەشپێست لە چین یان ژاپۆن و نێو خەڵکی رەسەنی ئەو وڵاتە یان وڵاتێکی ئسلاڤییایی یان ئسکیموو نەبینراوە، یان مرۆڤێکی ھاشێوەی رووس یان زەردپێستێک لە نێو ھۆزەکانی ئەفریقییا و یان بووشمانێکی ئەفربقییا یان تاسمانی لە دایک نەبووە، مەگەر کەسێک ئەم چەند ساڵە لە زاوزێی دایک و باوکێکی دوو رەنگ لەدایکبووبێت. بەواتایەکی دیکە رەنگە جیاوازەکانی مرۆڤ لە قۆناغەجیاوازەکانی جۆگرافیایی مێژوویی ھاتوونەتە نێو بازنەی بوون لەم گەردوونەدا، و ئەگەر لە وێنەی فیزیکی و ھەندێ خەسڵەتی بایۆلۆژیکی و رەفتاری، بۆ نموونە جەنگ و تووندوتیژی و ...ھتد، ھاوشێوەن، بەڵام جیاوازیشیان ھەیە.
ئەگەر رەفتارییەکانی وەک پاڤلۆف، سکینەر، سۆرندایک و ...ھتد، لە میانەی بڕوایان بە کاریگەری و ھەماھەنگی و پێکەوەبەستنی دوو لایەنی سەرەکی رەفتار، واتە وروژێنەر و وڵامەکان، وەک ئەوان بۆی دەچن، شرۆڤەی دەکەن و ژینگەش بە فاکتەری سەرەکی ئەو دیاردەیە دەبینن. زانایانی وەک ماسلۆ، رۆجێرز، رۆلی، ... ھتد، لە قوتابخانەی مرۆڤگەرایی یان ھیومانیزم، لە روانگەیەکی واتادارنە تەماشەی رەفتارەکانی مرۆڤ دەکەن و زۆر فاکتەری فیزیکی و ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و فەرھەنگی بە ھۆکاری ئەو رەفتارانە و لەوانەشە جەنگ کردن و رەفتارەکانی تووندوتیژییەکانی دەزانن. گشتاڵتییەکان، وەک بابەتێکی گشتی تەماشەی ئەو رەفتارانە دەکەن کە پەیوەستن بە جەنگ. زانایانی رێبازی بەربڵاو و ناسراوی شیتەڵکردنەوەی دەروونی کە سیگمۆند فرۆید سەرکاروانیی دەکات شرۆڤەی جیاوازیان بۆ جەنگ ھەیە.
روانگەی فرۆیدی لەمبارەیەوە یەکێک لە بەرچاوترین و ناسراوترینی شرۆڤەکانی دەروونناسییە بۆ ئەم بابەتە، کە لە بنەڕەتدا بۆ دووانیزمی شرۆڤەی رەفتارەکانی مرۆڤ دەگەڕێتەوە، کە ئەگەر توێژینەوەی وردی زانستی و مێژوویی لە بارەیەوە ئەنجامبدرێت، لەو بڕوایەدام کە لە ئەنجامدا دەگەڕێندرێتە سەر ئەو خاڵە کە فرۆید وەک فەیلەسووف و زانایەکی ئەڵمانی، ھاوشێوەی زۆر فەیلەسوفی دیکەی پێش خۆی کەوتووتە ژێر کاریگەری بیروباوەرکانی زەردەشتی راستگۆ و کورد، ئەو پەیامبەرە ئاریاییەی، کە بۆ جاری یەکەم و لە سەردەمێکی نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، ئاماژەی بە ململانێی نێوان دوو جەمسەر یان دوو لایەنی ھەڤدژ و جیاواز و ناکۆکی داوە، کە بریتین لە ھێزی شەڕ و خراپە، کە ئەھریمەن نوێنەرایەتی دەکات، و ھێزەکەی دیکەش چاکە و راستی و رووناکایی و باشییە، و ئاھورامەزدا نوێنەرایەتی دەکات.
دواتر ئەم بیرۆکەیە خۆی لە نێو ئایینەکانی وەک جووڵەکە و ئینجا مەسیحیەتدا دەبینێتەوە، دواتریش لە رێگەی کاریگەری بەسەر فەیلەسووفەکانی یەونان، بۆ نموونە ئەفڵاتۆن و فیساغۆرەس و ھیراقلیت،و ...ھتد، دەگوازرێتەوە بۆ زمان و نێو فەلسەفەکانی دیکەی رۆژئاوا و لەوانەشە ئەڵمانی و زۆرێک لە فەیلەسووفانی وەک ھێگل و نیچە و ... ھتد، دەبن بە شەیدای بیروباوەرەکانی، و بێگۆمان زانایانی دیکەی رۆژئاواش دوور نەبوونە لەم کاریگەرییە.
فرۆید بۆ شرۆڤەی دیاردەی جەنگ، ھاوشێوەی باوەرکانی زەردەشت، دوو فاکتەری سەرەکی بە ھۆکارەکەی دەزانێ: رەمەکی مردن (Thanatos) و رەمەکی ژیانەوە (Eros) لە بەرامبەری یەکتریدا. فرۆید ئەم تیۆرەی لە ساڵی ١٩٢٥ بۆ یەکەم جار لە گۆتارێکی تایبەت بە بنەماکانی تام و چێژ بڵاو کرد. ھێماکانی ئەم دوو رەمەکە دوو رەفتاری مرۆڤن: تووندوتیژی بۆ یەکەمیان و سێکس بۆ دووھەمیانە. دابەشکردنێکی دووانە وەک ھی زەردەشت.
بە پێی باوەری فرۆید رەمەکی مردن ویست و ئارەزوو و پاڵدەری گیانەوەر و گشت خانەکانی جەستەکەیەتی بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی یەکەمینی خۆی کە نەبوونی گیان و رۆحە، و رەمەکی ژیان و سێکس، بە پێچەوانەوە، حەز و ئارەزوویە بۆ یەکگرتنەوە و دروستکردنی یەکەیەکی گەورەتر. بەڵام بەھۆی ئەوەی کە چارەنووسی زۆربەی ھەرەزۆری ئەندامەکانی بایۆلۆژیکی گیانەوەران و زیندەورانی وەک مرۆڤ نەمان و لەنێوچوونە، بۆیە دەبینین کە رەمەکی مردن و تووندوتیژی و جەنگ و کۆشتار لە رەمەکی سێکس و ژیانەوە بەھێزترە.
جیاوازی فرۆید لە زەردەشت لەم دابەشکردنە لەوەدایە کە فرۆید زۆر بە رەشبینییەوە تەماشەی مرۆڤ دەکات، و پێی وایە مرۆڤ بوونەوەرێکی کەلەمچەکراوی ئەم رەمەکانەیە و ھیچ ویست ( ئیرادەیەکی) نیە، و ئەگەر بمانەوێ لە روانگەیەکی ئۆسوالد ئێشپێنگلێر، فەیلەسووفی ئەڵمانی و دیرۆکنووسانی وەک مێھردادی مێھرین تەماشەی ئەم بابەتە بکەین، لەم روانگەیەوە زیاتر لە بیروباوەرەکانی سامی نەژادەکان دەچێ، کەچی لە ھەندێ لە بەرھەمەکانی و بەتایبەت "مووسا و یەکتاپەرستی" خۆیدا، ھەوڵ دەدات بسەڵمێنێ کە ئەم پەیامبەرە (س) بە رەگەز و نەژاد سامی نیە، بەڵام لە شوێنی دیکە ناتوانێ خۆی لە کاریگەری ئەو باوەرانە رزگار بکات. کەچی لە بەرامبەر دا، زەردەشت، بەرامبەر مرۆڤ زۆر گەشبینە، و مرۆڤ بە خاوەن ویستێکی ئازاد و پۆڵایین دەبینێ، کە توانایی نووسینی چارەنووسی خۆی ھەیە، و لە کۆتاییدا، و دیسان بە پێچەوانەی فرۆید، سەرکەوتن بەش بە حاڵی خۆی بە ھی ئەھوەرامەزدا و چاکە و ژیانەوە و راستی دەزانێ.
بیرباوەرەکانی فرۆید دەرخەری ئەوەن کە ھۆکاری تووندوتیژی و جەنگ لای مرۆڤ زیاتر پەیوەستە بە زاڵبوونی رەمەکی مردن بەسەر بیروباوەر و توانایی و تەنانەت فیزیۆلۆژیای، و لەم سۆنگەیەوە و لەژێر کاریگەری کەسێتی خۆی و بیروباوەر ئاراستەی ھزری و سیستەمی بەھایی خۆییەوە نەیتوانیوە سوود لەم بیردۆزە وەربگرێ بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی گەشبینانەتر و ھاوشێوەی مامۆستایەکەی خۆی، زەردەشت، تەماشەی ژیان و مرۆڤایەتی و مرۆڤ بکات. ئەو بیردۆزییە، کەلەسەر بنەمای ھیدۆنی(hedoni)، وەک ئەو باوەرەی کە تۆماس ھۆبز و چەند فەیلەسۆف و زانای دیکەی وەک سلیگمان و کەسانی دیکەش باسی لێوە دەکەن، لە ژیان و مردن دەڕوانن، و پشت بەوەدەبەستێت کە ھەموو رەفتارەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی گەڕان و ھەوڵدانە بۆ گەیشتن بە تام و چێژ وەرگرتن، و دورکەوتنەوە لە ئێش و ئازار.
وێرای ھەموو ئەوەش دەبێ دان بەوە نێین کە بەدبەختی مرۆڤ لەوەدایە کە دوو جیاوازی بنەڕەتی لەگەڵ گشت بوونەوەرکانی دیکە و بەتایبەت گیانەوەران ھەیەتی: ھەبوونی مێشک واتەعەقڵ لە لایەک، و تام وەرگرتنێکی بێ وێنە لە رەفتار و کردەوەی سێکس، کە لە گیانەوەرانی دیکەدا تەنھا پرۆسە یان رەفتارێکی بایۆلۆژیکییە و زیاتر بە ئامانجی زاوزێ ئەنجام دەگیرَت، بەڵام لای مرۆڤ رەھەندی زۆر ئاڵۆزتری ھەیە. رەمەکی سێکس لای مرۆڤ جگە لە ئەرکە بایۆلۆژییە-سروشتییەکەی خۆی، رەھەنەندێکی پڕ تام و چێژ و ھاوکاتیش ھەڵبژارتن و دەستنیشانکردنی تیایدایە، کە لەگەڵ خاڵی یەکەمدا، واتە ھەبوونی عەقڵ، پرۆسەی ژیانی مرۆڤی ئاڵۆزتر کردووە، و بە تایبەت کە سێکس پاڵنەرێکی بەھێزیشە، و لای رەگەزی مێینە پاڵدەری دایکایەتیشی دێتە سەر، و بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ رەھەندەکانی دیکەی ئەم رەفتارە و شان بە شانیشی لەگەڵ پەیوەستبوون بە عەقڵەوە، دەبێتە بوارێک رەگەزی مێینە پێویستی بە بەدەستھێنانی دڵ و دەروون و ھەست و سۆزی پیاو و راکێشانی بەرەو خۆی بێ، و بتوانێ لە ژێر سێبەری دا بحەسێتەوە و تامێکی خۆئازاردانێکی مازۆخیانەی سێکسی لە رەفتاری سێکسی لەگەڵ پیاو وەربگرێ، و بە ھەمان شێوەش و لەبن کاریگەری ھێزی سێکسی-فیزیکی-سادیستیانەی تام وەرگرتن لە ئازاردانی سێکسی بەرامبەر و سروشتەکەی لای ڕەگەزی نێر، پیاو شەیدای جەستە و لایەنی فیزیکی رەگەزی مێینە بێ.
ئەو فاکتەرە بەھێزانە پاڵنەری گەورەن کە مرۆڤەکان بۆ گەیشتن بە نموونەی داواکراوی خۆی بە پێی ئەو تایبەتمەندی و ساخڵەتە فیزیکییانەی کەسە جیاوازەکان لەیەکتر جۆدا دەکات، پەنا بۆ کەسێکی تایبەت ببەن، و زۆر جار ھۆکاری ململانێ و جەنگەکان ئەوەن، و دەبینین تەنانەت ئایینەکانیش ھێزی سێکسی زۆر بە کاریگەر و مەترسیدار دەبینن، و فرۆید یەکێکە لەو زانایانەی کە زوو ھەستی بەم بابەتە کردووە و ئەم ھێزە بە یەکێک لە بزوێنەر و ھۆکارەکانی زۆر لە رەفتار و گیر و گرفت و لادان و تەنانەت تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونیەکانی مرۆڤ ھەژمار دەکات.
لە لایەکیترەوە خۆدی ھەبوون و خاوەندارێتی عەقڵ، یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی مرۆڤ. ھەرچەندە کە رێبازەکانی جیاوازی دەروونزانی، لەسەرەتای ھەمووشیانەوە رەفتارگەراییەکان، وەک ئەوانیتر گرنگی زۆریان پێداوە، و وێرای ئەوەی کە ھەندێکیان یان بە لایەنی کەمەوە زۆربەیان، زۆر راستەوخۆش باسی لێوەناکەن، بەڵام بە گشتی ھەموویان کەم و زیاد، پێیان وایە سەروەری مرۆڤ لە بەکارھێنانی ئەو عەقڵەدایە.
ئریک فرۆم لەگەڵ ئەوەی کە پێی وایە عەقڵ بۆ مرۆڤ گرنگە و دەستکەوتێک و نەعمەتێکی مەزن بووە، بەڵام بە ھەمان ئەندازەش لە میانەی رەخنە تووندەکانی لە کۆمەڵگای پێشکەوتووی سەردەم وای بۆ دەچێ کە بەکارھێنانی عەقڵ لە لایەن مرۆڤەوە ھۆکارێکی پاڵدەر بووە بەرەو خەمساردی لە ژیان و بەڵکۆ شەیدابوونی بە مردن و نەمان و لەنێوچوون، بە بێ ئەوەی خۆی ھەستی پێ بکات و لێی تێبگات. ئەو بیرکردنەوەیە دوور نیە بیروباوەرکانی فەیلەسووفی مەزنی فرەنسی، ڕۆسۆ، کە پێی وایە مرۆڤی پێشکەوتووی ئێستا بە بەکارھێنانی زانست، تووشی لادان بووە، و سروشتی پاک و بێگەرد و خاوێن و سادە و ساکاری جاران، ئەو کاتەی کە پێشنەکەوتوو، بەڵام بەختەوەر و ئازاد، بوو و رۆسۆ ناوی " مرۆڤی ھۆڤ" ی لێناوە، لەدەستداوە و تووشی نادادپەروەری بووە. دیاریشە جەنگ یەکێک لە بەرھەمەکانی نادادپەروەرییە. بە واتیەکیتر ھەم فرۆم و ھەم رۆسۆ عەقڵی مرۆڤ بە بەڵا و پەتایەکی کۆشندە دەبینن بۆ مرۆڤایەتی.
بەداخەوە چەند کات تێپەڕیش دەبێ ئاستی بەکارھێنانی عەقڵ لە لایەن مرۆڤەوە بەرزتر دەبێ، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەھۆی زیادبوونی رێژەی دانیشتوانی گۆی زەوی، و کەمبوونی سەرچاوەکانی ژیان و خۆراک، و مەترسی لەسەر ئاسایشی ئابووری و سیاسی نەتەوە و وڵاتان، شان بە شانی ھزاران کێشەی دیکەی وەک پیسبوونی ژینگە، و ... ھتد، ھەڕەشە لە نەتەوەکان، و بەتایبەت لە وڵاتانی ھەژار و دواکەوتوو دەکەن، بۆیەش دەبینین زۆربەی ئەوانەی پەیوەندی بە رێکخراوە تووندرۆەکانی تیرۆریستی دەکەن لەو جۆرە کۆمەڵگەیەن. بۆیەش دەبینین ھەر کەسەو نەچارە زیاتر پەنا بۆ عەقڵی خۆی ببات تا بتوانێ رووبەرووی ئەو مەترسیانە ببێتەوە، و ئەمەشە رێژە و ھەژماری جەنگەکان روو لە زیادبووندایە.
لەوانەیە ئەگەر توانایی عەقڵیی مرۆڤ سنووردار و کەمتر، و ئاڵۆزی و فرەلایەنی ھێز و رەمەکی سێکسی لای مرۆڤ ئەوەندە بەھێز و زۆر نەبوایە، مرۆڤ بۆ جەنگ و ململانێ و رکابەرایەتی یەکتری، وەک گیانەوەرانی چارپێ، ھەندێ جووڵە و رەفتاری کلاسیکی و رەمەکی ئەنجام دەدا، و پەنای نەدەبردە بەر پلانی کۆشندە و ماوەدرێژی جۆراوجۆر، و لەوانەش ھەموو جۆرەکانی جەنگ.
لەم گەردوونەدا، و لە کاتێکدا کە سەدان سەرکردە و زانا بۆ پاراستنی نەتەوەکانی خۆیان و مرۆڤایەتی بە گشتی، رێگەی ھەرە ئاسان و کەم ھەزینە و کەم مەترسیدار دەگرنە بەر، ھزارانی دیکە، تەنھا و تەنھا لەبەر نەبوونی ھەستی بەرپرسیارەتی بەرامبەر مرۆڤایەتی، و بۆ گەیشتن بە دەستکەوتی کاتی و کەم، پەنا بۆ رێگای نائاسیی کۆشندە و ریسک (مۆغامرە) دەبەن، و دەبن بە سەرچاوەی سەرھڵدانی ململانێ و تووندوتیژی و جەنگ.
جوانترین و زیندووترین نموونەش بۆ ئەم بابەتە ھەوڵەکانی ریفراندۆمی کوردستانیان بوو، کە بە دەستپێشخەری و پێداگری جەنابی سەرۆک بارزانی و پاڵپشتی ھەندێ سەرکردە و لایەنی دیکە و پەرۆشی بەشێک لە کوردستانیانی خەمخۆر و ماندوو لە ستەمگەران، بۆ رزگاربوون لە کوت و بەندی زنجیری چەند سەد ساڵەی داگیرکەران، کە جوانترین بەرھەمەکەشی بەدەستھێنانی نزیکەی (٩٣%) دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بوو، و خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی مەزن و گەرەنتیکەری رێگر بوو لە دووبارە و سێبارەبوونی زۆر تاوان و جەنگ و کۆشتار و جینۆساید و ئەنفالی دیکە، بەڵام چ ئەو ئەندازیارانەی بە ئافراندنی تراژێدیای ١٦ ئۆکتۆبەر و چ ئەوانەی ئێستا بە لێدانی دۆھۆڵ و زۆڕنای "سزادانی ریفراندۆمچییەکان" و دەستەواژەی لەم جۆرە، دەیانەوێ ببنە ھەوێنی دووبارەبوونی جەنگێکی دیکە، نیشاندەری ئەوەن کە مرۆڤایەتی بە گشتی تاھەتایە بەدەست گەمژەیی خۆیەوە بناڵێنێ. ئەو مرۆڤەی کە بۆ بەرژەوەندی خۆی و مرۆڤایەتی ناتوانێ وەک پێویست عەقڵ و لۆژیکی خۆی بەکاربێنێ. چونکە ھەمیشە ھەن لە ھەموو کۆمەڵگە و نەتەوەکاندا، کەسان و لایەن بەو شێوەیە و ئاوەژووتر لەوە بیر دەکەنەوە کە دەبۆایە ئەو کەسانە و مرۆڤایەتی بە گشتی لە جیاتی بیرکردنەوە لە "سزادانی" ئەوانەی کە لە سەرخستنی ریفراندۆم سەرپشک بوون، و ئەوە خەیاڵێکی خاو و پووچە، بە خەڵات و مەدالیای بەرزی وەک نۆبل، پاداشت بکەن، چونکە دەگمەنن ئەوانەی لەو کات و ساتەدا، بەرژەوەندییە تەسکە تایبەتەکان لەبیردەکەن و پاشگۆێ دەخەن، و بەرژەوەندییە نەتەوەیی و مرۆڤییەکان لەسەروی ھەموو بەھا و شتەکان دادەنێن. وێرای ئەوەش ئەوان ئەو لەخۆبۆردووانەن کە دروشمی "دەنگ"یان لە جیاتی "گۆللە" و جەنگ و کۆشتار ھەڵبژارتووە، و مرۆڤایەتی دەبێ ھەمیشە بەچاوی رێزەوە لەو سەرکردە و نەتەوە و مرۆڤ و کۆمەڵگە و لایەنانە بڕوانێت، کە بە بیروباوەر و رەفتار و کرداری خۆیان مرۆڤایەتی دەکڕن و ھەوڵدەدەن لە جەنگ و کۆشتار دووری بخەنەوە، و بە رێگەی بیرکردنەوەیەکی دروست ئەو رێڕەوەیە ھەڵبژێرن کە مرۆڤایەتی و نەتەوەکان بەرەو بەختەوەری و ئاسوودەیی و دوورکەوتن لە نەھامەتی و ئاقاری نەدیاری لەنێوچوون بپارێزن. بە مخابنیەوە نەک مرۆڤایەت، تەنانەت و بەتایبەتیش کوردیش نەیتوانیوە سوود لە عەقڵ و مەعریفەی وەربگرێ، و ئەوانەی لەو خاڵەدا ھەر لە ئەوجی گەمژەیی و نەبوونی بەرپرسیارێتین، لە ھەر کات و ساتێک توانیویانە بوونەتە کۆسپی بەردەمی ئەوانەشی کە دەیانەێ مینیمۆمی ئاستی توانایان ئەو عەقڵە بۆ بەرژەوەندی کوردستانیان بەکاربێنن.
بە پێچەوانەوە، ئەوانەی کە بوونەتە زۆڕنابێژی بەرەی جەنگ و کۆشتار، و دژایەتی ریفراندۆم دەکەن، بەتووندترین شێوە سزا بدرێن، تا باری قۆرسی مرۆڤایەتی، لەم کات و ساتەدا، سووکتر ببێ، نەک قۆرستر و گرانتر لەوەی کە ھەیە، و رێگە لە جەنگەکان بگیرێت، چونکە لە جەنگدا ھەرگیز کەس سەرناکەوێ، بەڵکۆ ھەموو لایەک زیانمەندن. دەبێ مرۆڤایەتی واز لە سەرکەوتن لە جەنگ بێنێ و شکۆی مرۆڤایەتی لە بەھا نەشرینەکانی وەک جەنگدا نەبینێ، و کوردستان جوانترین دەرگایە بۆ ئەم مەبەستە. چونکە نەتەوە و سەرکردە و پێشمەرگە خەمخۆرە دڵسۆزەکانی ھەمیشە لە سەنگەری بەرگری بووە لە مرۆڤایەتی و شارستانیەت و بەھا جوانەکانی، و جەنگ لە فەرھەنگ و کەلتووری رەسەنی کوردەواری و کوردستانیانی ھۆشیار داگیرکردن، تاڵانکردن، سووتاندن و سەربڕینی مرۆڤەکان، و ئەنفال و جینۆسایدکردن و کێمیابارانکردنی نەتەوەکانی دیکە و شکاندنی شکۆ و پرستیژ و کەرامەتی مرۆڤایەتی نەبووە، وەک ئەوەی ھەندێ نەتەوەی داگیرکەر بەھاوکاری خۆفرۆشان ئەنجامی دەدەن. لە جەنگدا کەس براوە نیە و ھەموومان وەک یەک و پێکەوە شکست دەخۆین. دەبێ مرۆڤایەتی بیر لە دەستەواژەی دیکە بۆ ئەم رەفتارەی خۆی بکات و پێداچوونێک بە چەمک و بەھاکانی خۆیدا بکات.
*پرۆفیسۆری ە. لە زانستی سایکۆلۆژیای پێداگۆگی/ زانینگەی زاخۆ
Top