کرمی سیاسی و رەفتاری ناسیاسی

کرمی سیاسی و رەفتاری ناسیاسی
ھەمیشە سەرکردە بوێر و خاوەن ھەڵوێست و دڵسۆزەکان لە پێناو خەڵک و نیشتمان، بە خەمخۆری و پەرۆشەوە ھەوڵیانداوە تا بەرزترین ئاست خواستی خەڵک لە پێشەوەی ھەموو شتێک بێ. بەڵام دۆخە نەخوازراوە ئاڵۆزەکان ھەندێ جار بوونەتە کۆسپ بۆ ھاتنە دی ئەم ئاواتە و ئەوانیش نەچار بوونە تا نەکەونە داوی دیکتاتۆرییەتەوە تۆزێک رێگای ئازادی بدەن. بەڵام ئەوەیان لە لایەن ھەندێ لە ھەلپەرستانەوە بە پێچەوانە لێکدراوە و بۆوەتە ھۆکاری بڵاوبوونی نادادپەروەری و زۆرداری بەسەر خەڵکەوە. ئەو تاخمە دەبن بە ھۆکاری بێزاری خەڵک لە دەستھەڵات و نەمانی ھەستی نیشتمانی و لاوازبوونی ئینتمای نەتەوەیی، و دەرفەت بۆ زۆڕنابێژانیش دەڕەخسێنن.
ئەو کۆمەڵە نادڵسۆز و ھەلپەرستە ھاوشێوەی کرمەکانی ددان وان، بەڵام کرمی سیاسیین و لەناوەوە ددانەکان دەخۆن تا ئەو کاتەی کلۆریان دەکەن و دەیانپووکێنن. رەفتارە ناسیاسییەکانیان دەبن بە مایەی بێزاری. ئەوان گەجەر و گۆجەرن کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و تێرکردنی حەزە لەبن نەھاتووەکانیان، لەمپەر دەخەنە بەر دادی کۆمەڵایەتی و گەشەی سیاسی و نیشتمانی. تەنانەت دەبن بە ھۆکاری ئیحراجی سەرکردەکانیان. بگرە کۆی پرۆسەی سیاسی دەخەنە مەترسییەوە، و لارییان نیە بە تێکچۆنیشی چونکە زۆریان لەو پەڕی بێباکییەوە ئامادەن بە تێکچوونی دۆخ ھەر شوێنێکیان بوێ ھەڵبژێرن و بچن لەوێ بژین.
ھەمیشە کرمە سیاسییەکانی نادادپەروەر بە رەفتارە ناسیاسییە نابەپرسیارانەی خۆیان کارەساتی گەورەیان خۆڵقاندووە و خەڵکێکی زۆر بوونەتە قۆربانی. بچووکترین و نزیکترین نموونەشی ئەوەی بوو بە ھۆی تاوانەکانی دوای ریفراندۆمەکەی کوردستانیان بۆ سەربخۆیی، کە پێداگری جەنابی سەرۆک بارزانی تیایدا سیمبۆلی مەزڵوومیەتی کوردستانیان، و لووتکەی حەز و ئارەزووی سەرکردەیەک بوو بۆ ئاشتەوایی و بەختەوەری خەڵکەکەی، و لە ھەمانکاتدا گۆرزێکی کۆشندە بوو بۆ مایەپووچبوونی ھەموو کرمە سیاسییەکان و ھزاران نموونەیترە، کە نووسینییان ھزاران لاپەڕە و کاتژمێری پێویستە. تراژێدیای ئەو کارەساتانەی ئەم گەجەر و گۆجەرانە خۆڵقێنەریانن تا کۆتایی دنیا شان بە شانی مرۆڤایەتی بەردەوامە چونکە ئەوان لە ویژدانەوە مردوون و ھیچ ھێزێک زەفەریان پێنابات، چونکە شەڕئەنگیزی دوژمنێکی بێویژدانە.
سیاسییەکی راستەقینە لە چوارچێوەی "گرێبەستی کۆمەڵایەتی" "رۆسۆ" دا، تام و چێژ ل دانپێدانی کۆمەڵایەتی زیاتر وەردەگرێ تاوەکو شتیتر. بەڵام سیاسییەکی نەراستەقینە، وەک کرم وایە و ئەسیری دەستی رەمەکەکانیەتی، وەک "فرۆید" دەڵێت، و زیاترین تام و چێژ لە شتی کاتی و مادی وەردەگرێ نەک کۆمەڵایەتی. بە ھۆکاری ئەوەشەوە ناوی کرمی سیاسی زیاتر لێی دەوەشێت، و توانیویانە بە رەفتارەکانیان خۆیان بخزێننە نێو کەلێنی ھەموو پارت و جووڵە سیاسییەکان، و خۆیان لە ھەر کەس باشتر خۆیان دەناسنەوە، و ئاسەواری ھەڵسوکەوتەکانی خۆیان دەبینن بەڵام خۆیانی لێ لە گێڵی دەدەن. ئەوان لە چەواشەکردندا لووتکەی ھۆنەرمەندی خۆیان بەکارھێناوە. مرۆڤایەتی تێکرا و دۆزی کوردی ھەمیشە و ئێستا و ئاییندە قۆربانی ئەو گەجەر و گۆجەرانە و کرمە سیاسییانەیە.
Top