پارتی و گەندەڵی روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی نامەیەک بۆ سەرۆک بارزانی
August 14, 2018
وتار و بیروڕا
تۆ بڵێی مەترسی بوونی چەند گەندەڵکارێک گەورەتر و ترسناکتر بێ لە خیانەت و خاک فرۆشی و ئیرهابی فکری و جاسووسی کردن بەسەر پرسی کورد و حکومەتی هەرێمەوە؟! وەڵامی ئەو پرسیارە لای خاکفرۆش و ئیرهابچیەکانی فکری و جاسووسەکانیش نەخێرە؟ ئەی کە وایە بۆ دەبێ چەند بەرپرسێکی گەندەڵی ناو پارتی بکەنە پەردە و بەسەر خاکفرۆشی و ئیرهابی فکری و جاسووسی کردنی خۆیانی هەڵکێشن؟! بە گەڕانەوە و گەشتێک بەناو مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا، وەڵامی درووستی ئەو پرسیارە و کۆی پرسیارەکانی ترم دەست کەوت.
بە درێژایی مێژوو پارتی وەک حزبی بارزانی نەمر جێی گەندەڵکار و خەڵکی خیانەتکار و خاکفرۆشی تێدا نەبۆتەوە، بۆیە دەبینین ناوە ناوە بە هزر و بیری کوردایەتی فۆرمات کراوە و خیانەتکار و وڵاتفرۆش و جاسووسەکان بە کلیکێکی شۆڕشگێڕی لە پارتی وەدەرنراون، ئێستا کە چەند بەرپرسێکی گەندەڵ لەناو پارتیدا دەبینرێن، وەک ئەوە وایە گیاکەڵە لە باخچەی پڕ گوڵ و گوڵزاردا روابێ و باخەوان هەڵینەکەندبێ، بۆیە بوونی ئەو چەند گەندەڵکارە لای دەست و دوژمن بۆتە پرسیار.
بە پێچەوانەوە خیانەت و خاکفرۆشی و ئیرهابی فکری و جاسووسی کردن لەناو نەیارانی پارتیدا لە دێرزەمانەوە بوونی هەبووە، بۆیە لە ئێستادا بە ئاسایی وەرگیراوە و لە داهاتووشدا بە ئاسایی وەردەگیرێ، ئەوەش وایکردووە بوونی ئەو گەندەڵکارانەی ناو پارتی لە خیانەت و خاکفرۆشی و ئیرهابی فکری و جاسووسی کردنی خەڵکی تر دەنگدانەوەی زیاتر بێ.