ئایندەی كەركووك بە پێكهاتەكانیەوە لە بەرنامەی داهاتووی حكومەتدا

ئایندەی كەركووك بە پێكهاتەكانیەوە لە بەرنامەی داهاتووی حكومەتدا
ئەگەر هاتوو حكومەتێكی تازە بە سەلامەتی و بێ دەستتێوەردانی نەشتەرگەری، یان ململانێی تایفەگەری لەدایكبوو، ئەوا پێویستە رەوشی كەركووك بخرێتە نێو بەرنامەی كوتلە سیاسییەكانی بەشدار لە پێكهێنانی حكومەتە تازەكەدا. چونكە رەواو ماقووڵ نییە رەوشی كەركووك جارێكی دیكە پشتگوێ بخرێت، چونكە هەموو پێكهاتەكان بەدەست ئەو رەوشە ناجێگیرەوە ماندوون، ئەگەر بێت و لە ئایندەی نەوەكانیان لەو پارێزگایەدا دڵنیا نەبن.
پارێزگای كەركووك بە درێژایی حوكمڕانیی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق رووبەڕووی پەراوێزخستن و پشتگوێخستن و هەژاری و ستەمكاری بووەتەوە، بێ ئەوەی بزانێت تاوانەكەی چی بووە و هەمیشە ئەو حكومەتانە هەروەك رانەمەڕ رایاندەدا، هەر لەكۆنەوە پێكهاتەكانی عەرەب و كوردو توركمان و كلدوئاشووری بەیەكەوە ژیاون و پەیوەندیی بەهێزی كۆمەڵایەتی لەنێوانیاندا هەبووەو هەیە، بەڵام پێویستە سیاسەتوانانی عێراق بوێر بن و بە ئاشكرا چارەسەری ریشەیی كێشەی كەركووك بكەن، ناكرێت ئەو كێشەیە تا كۆتایی بدرێتە دەست قەدەرو بێ چارەسەر بمێنێتەوە، بۆیە دەبێ كۆتایی بەم دۆخە بێ سەروبەر بهێنرێت لە پارێزگای كەركووكدا. بەڵام بۆ ئەوەی نەگەڕێینەوە قۆناخی پێش ریفراندۆم، یان جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور، چونكە لە ریفراندۆمەكە زۆرینەی خەڵكەكە دەنگیان لە بەرژەوەندیی سەربەخۆبوونی هەرێم دا، لەوانەش پارێزگای كەركووك، بۆیە بە دیدو بۆچوونی من كێشەی كەركووك بە سێ رێگە چارەسەر دەبێت:
یەكەم- پارێزگای كەركووك بخرێتە سەر هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام بە دۆخێكی تایبەت كە مافی هەموو پێكهاتە نەتەوەییەكانی بە یەكسانی تێدا رەچاو بكرێت، ئەم مافانە بە روونی و راشكاوی لە دەستووری كوردستاندا بچەسپێن، تاكو هەموو هاووڵاتیان لە مافەكانیان دڵنیا بن، لەو دەستوورەدا ناوچەكانی زۆرینەی عەرەب، یان توركمان، یاخود كریستیان رەچاو بكرێن، هەروەها بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە لەلایەن زۆرینەوە بێت، بۆ ئەوەی لە رووی ئیدارەوە ئازادی بدەینە ئەو ناوچانە، ئەوەی كە پەیوەستە بە ئازادیی رادەربڕین و گوزارشت و پیادەكردنی ئازادییەكان بە شێوەیەك كە دیموكراسیی راستەقینە لەو ناوچانە رەنگبداتەوە. ئەمە وێڕای ئەوەی كە دابەشكردنی وەزیفەو فەرمانبەران لەو ناوچانە بەپێی شایستەی دانیشتووان بێت، ئەمەش لە هەموو دەسەڵاتەكانیش پەیڕەوبكرێت بە هەموو قەزاو ناحییەكانەوە و كەركووكیش نوێنەرایەتیی راستەقینەی هەبێت لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئافرەتیش لە پەرلەمانی كوردستان پێگەی خۆی هەبێت، واتە كەركووك ببێتە نموونەیەك لە ئاستی كوردستاندا.
دووەم – بگەڕێینەوە حكومەتەكانی پێشوو بەر ساڵی 2003، كە بریتییە لە دابەشكردنی كەركووك بۆ دوو بەش: بەشی رۆژئاوا كە گرێدراو بێت بە حكومەتی فیدڕاڵ (بەغدا). بەشی رۆژهەڵات بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان بە هەموو ناحیەو قەزاكانیەوە.
سێیەم: لە كاتێكدا ئەگەر هەر یەك لەم چارەسەرانەی سەرەوە جێبەجێ نەكرا، ئەوا پێویستە پەنابەرینە بەر چارەسەری نێودەوڵەتی لە رێگەی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی ئەمریكاو دادگاكانی نێودەوڵەتی، بەڵام پەنا نەبەینە بەر نەتەوە یەكگرتووەكان، چونكە تا ئێستا كێشەو ململانێی ناوخۆی هیچ دەوڵەتێكی چارەسەر نەكردووە. بەڵام لەو سێ حاڵەتەی پێشوودا كە ئاماژەم پێیان كرد، پێویستە توانا و بوێریمان هەبێت بە ئاشكراو راشكاوی و موجامەلە نەكەین لەسەر حیسابی دەستكەوتی تەسكی تایبەتی و تاكە كەسی، سەركەوتنیش لە خواوەیە.

Top