دەوڵەتی کوردی وسەقامگیری رۆژھەڵاتی ناوین گرێدراویی یەکترن..

دەوڵەتی کوردی وسەقامگیری رۆژھەڵاتی ناوین گرێدراویی یەکترن..
ئەوململانێی سیاسی و ئابوورییەی کە لە رۆژھەڵاتی ناوەراست بە گشتی ولە نێوان دەوڵەتە داگیرکارانی کوردستان بە تابەتی دەیان ساڵە بەردەوامە و ھەنووکەش کۆتایی پێنەھاتووە پێویستە بخرێتە رۆژێرڤی گۆرانکاریە جیھانییەکان لە ناچەکدا، بە واتایەکی دیکە پاوانخوازی و ھزری داگیرکاری دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم ناوچەیە و دەوڵەتە بەرژەوەند خوازانی جیھان ھۆکاری سەرەکی دیاردە ناتەندرووستەکانی سیاسی و ئابوورین کە تا دێت ئەم ناوچەیە بەرە و ئالۆزی ھەر چی زیاتر ئەبات و لە کیبرکێی ململانێ سیاسییەکاندا باڵانسی سەقامگیری ناوچەکە لە زەوار دەر ئەچێت و گرووپە توند ئاژۆ ئایینییەکان وەک کارتێکی گوشار بە مەبەستی گەیشتن بە موڕاڵی سیاسی و خۆسەپاندنی ھەر چی زیاتر کەڵکیان لێوەر دەگیردرێت گەلی کورد نەتەوەیەکی ئاشتیخوازە و حەزویستی ھەمیشە بۆ پێکەوە ژیان و ئارامی و پێشکەوتنە و لە ماوەی رابردووشدا ئەو راستییە سەڵماندووە کە نەک مەترسییە نییە بۆ سەر دراوسێیەکانی بەڵکو ھۆکاربووە بۆ پێشکەوتن و بەرژوەندی ھاوبەش زیاتر.بە درێژایی سەدەی رابردوو، دوور لەویستی نەتەوەی کورد و بەپێی بەرژوەندی ئەو کاتەی زڵھێزان و چەندین رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی، خاکی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتدا عێراق، ئێران، سووریا، تورکیا دابەش کراوە، بەڵام بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان بە چەند شێواز ھەوڵی داوە ئیتر چ بە ئاشتی بێت، یان خەباتی چەکداری، ھەوڵی داوە کیانێکی سیاسی و یاسایی بۆ خۆی دابمەزرێنێت، بەتایبەتی خالێکی زۆر گرنگ ھەیە دەبێت ھەموومان لە کاتی شیکردنەوەکاندا بیزانین، ئەویش ئەوەیە ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، وڵاتی میحوەرین لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، لە رووی ھێزی مرۆیی و جیۆپۆلەتیک و سامانی سرووشتی و مێژوو و باکگراوندی ژیارییەوە کاریگەری ئەوتۆیان لەسەر ئاراستەکردنی سیاسەتی جیھانی نییە، ئەمەش وادەکات کە لەکاتی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا بتوانین زۆر بەئاسانی دەنگی جیھان بۆخۆمان رابکێشین، چونکە ھەر یەکێک لەو دەوڵەتانە بە نموونە عێراق و سووریا لە دەرئەنجامی رێککەوتنێکی سەرکاغەز دروست بوون، ھیچ جۆرە شوناسێکی وەک دەوڵەت لەناسنامەی عێراقدا نییە، بەڵکوو ھەر میللەتێک لە دانیشتووانەکەی خاوەنی شوناسی خۆیەتی، بۆ نموونە عەربەکەی خۆی بە شوناسی عەرەبی دەزانێت کوردەکەشی خۆی بە شوناسی کوردایەتی دەزانێت واتا ھەر یەکێکیان شوناسی تایبەت بەخۆیان ھەیە. ھەروەھا پرسی بە خاون دەوڵەتبوونی کوردستان ھەنگاوی باشی بڕیوە، چونکە گۆڕانکارییەکانی نەخشەی سیاسی لە ناوچەکەدا کە روویدابێت، یان ئەمڕۆ وەک دەبینین نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەر لەنوێ دروست دەکرێتەوە، لەکاتێکدا رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆتە دەریایەک لە خۆین لە نێوان وڵاتەکانیدا، ئەمەش وادەکات کە ئەو دەوڵەتانەی بەرھەمی رێککەوتننامەی سایکس پیکۆ بوون، ھەموویان بەھۆی شەڕەوە بەرەو پووکانەوە و لاوازبوون چوون، ھەروەھا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەسایەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مەسعود بازرانیی دۆزی کورد لە باشووردا لە قۆناخی زێڕینی خۆیەتی، ھاوکات زۆرینەی پێکھاتەکانی بە دەوڵەتبوونی تێدایە، ئەمەش وادەکات کە جیھان پشتگیری لەم دەوڵەتە بکات، چونکە ھەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی پرشنگداردایە لە بواری ژێرخانی خزمەتگوزاری، سەربەخۆیی ئابووری و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی و پەیوەندییەکان. ئەگەر کەمێک لەم فاکتەرانە ورد ببینەوە، دەگەینە ئەو راستییەی کە جیھانییان پێویستیان بە دەوڵەتێکی وەک کوردستانە کە سەرجەم پێکھاتەکانی بە دەوڵەتبوونی تێدابێت و دروگەیەکی ئارام بێت لەم رۆژھەلاتی ناوەڕاستەی کە بۆتە گۆماوی خۆین، تەنانەت کوردستان تاکە وڵاتی رۆژھەڵاتە کە جەنگی ناوخۆیی تائیفی کاریگەری لەسەر نەکردووە، بەڵکوو ئاوارە و پەنابەری لە عێراق و سووریاوە بۆ ھاتووە، وەک لانەیەکی ئارام زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەری لەخۆ گرتووە، واتا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فاکتەرە خودی و دەرەکییانە، و کۆمەڵێک پرەنسیپی جیوسیاسی تایبەت بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەتوانین بڵێین کە جیھان پێویستی بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە. لەلایەکی ترەوە ئەمڕۆ جیھان پێویستییەکی زۆری بە وزە ھەیە، بەتایبەتی نەوت و غازی سرووشتی کە ئەم دوو سامانە سرووشتیە لە خاکەکی کوردستاندا زۆرە، ئەمەش دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئەوروپا لەچەند ساڵی داھاتوودا،.ئەمەش راستەو خۆ ھۆکاری بە تاڵان چوونی ژێزخانی ئابووری و کاولکاری ھەر چی زیاترە لە ناچەکەدا کە لەم ناوەندەدا ھەم داگیرکارانی کوردستان و ھەمیش وڵاتانی بەرژەوند خوازی جیھانی لە ھەر دوو حاڵەتدا وێرای ئەوەی کە سوودی خۆیانی لێوەردەگرن ، دەورو رۆلێ کاریگەریان ھەبووە و ھەیە لە ناسەقامگیری ناچەکەدا.گۆڕانکاری و رووداوەکانی ئەم دوایانەی ناوچەکە ئەو ئەسەلمێنن کە ئەم سیاسەتە ناتەندرووستەی کە دەیان ساڵە بە مەبەستی سەرکوت و تاڵانی ژێزخانی ئابووری ئەو ناوچەیە بە گشتی و ناوچە کورد نشینەکان بە تایبەتی کەڵکی لێوەر دەگیردرێت و پەیڕەو ئەکرێت، سیاسەتێکی شکست خواردووە و پێویستی جیددی بە گۆرانکاری ھەیە.کاریگەری دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان لە ھەمبەر پرسی کورد و دەور و رۆڵیان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا و گوتاری دژە کوردیان لە کۆمەڵگەی جیھانی کە بەردەوام نەتەوەی کوردیان وەک نەتەوەیەکی ئاژاوەگێرو تیرۆریست بە جیھان ناساندووە و لە قەلەمداوە و دەیان ساڵە کاری بۆ دەکەن و تەنانەت لەم پەیوەندییەدا باجی زۆریشیان داوە، ئیتر کۆتایی پێھاتووە و بایەخێکی ئەوتۆی نێونەتەوەیی و جیھانی نەماوە.بە واتایەکی دیکە ئەگەر تا دوێنی نەتەوەی کورد بە ئاژاوە گێر و تێرۆریست ئەناسرا لە لایەن داگیرکارانی کوردستانەوە بە کۆمەڵگەیجیھانی، ئەوە ئەمڕۆ ھەم کۆمەڵەگەی جیھانی و ھەمیش نێوەنەتەوەیی ئەبینن کە نەتەوەی کورد بە پێچەوانەی گوتاری دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان وێڕای ئەوەی کە نموونەی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەیە لەو ناوچەکەیە ، ئەتوانێ بە تەنیا شەڕی تێرۆریزمی نێوە دەوڵەتی بەکات و ھۆکاری سەرەکی ئەمنیەت و سەقامگیری بێت لە ناوچەکەدا.بەگەرٍ خستنی پرۆژەی سیاسی تێرۆریزمی نێوەدەوڵەتی داعش لە لایان وڵاتانی دیار و نادیارەوە بە مەبەستی موڕاڵی سیاسی خۆیان وێرای ھەموو سوود و خەسارەکانی ئەوە راستییەی بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و جیھانی سەلماند کە بوونی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکەدا زەروورە و پێویستە بە زووی و جیددی کاری بۆ بکرێت ، بە واتایەکی دیکە رووبەروو بوونەوەی کورد لە بەرانبەر تێرۆریزم و، توانایی و کاریگەری کورد بە سەر رووداوەکاندا ئەوی سەلماند کە شەقامگیری ناوچەکە بەندە بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.ھەروەھا لە روویەکی ترەوە بوونی دەوڵەتی کوردستان رێگە لەبەردەم ئەگەری سەرھەڵدانی شەڕێکی مەزھەبی و تائیفی وێرانکەر لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت، چونکە دەوڵەتی کوردستان دەبێتە ھۆی کۆتایی ھاتنی مڵمڵانێ کان وداگیرکاری و سەقامگیری نێوان گەلانی ناوچەکە کە ئەوەش زیاتر پێشکەوتنی و گەشەسەندنی کوردستان و وڵاتانی دراوسێیی لێدەکەوێتەوە ..
Top