سایکۆلۆژیای کورد و جیھانیان لە پێودانگی کاتدا

سایکۆلۆژیای کورد و جیھانیان لە پێودانگی کاتدا
دەگێڕنەوە جارێکیان پرسیاریان لە ئەلبیرت ئەنیشتاین، زانای مەزنی فیزیک کرد کە بۆ ئەوەندە گرنگی بە بابەتی کات و ئاییندە دەدات، و ئەویش لە وڵامدا گۆتی:" زۆر سادەیە. چونکە ئێمە بەرە داھاتووە دەچین". بەڵێ کۆر و کۆرمانجی تێیانی گەیاند کە ئاییندەیەک ھەیە و شان بە شانی درێژایی و پانتایی و بەرزایی لە سروشتدا بوونی ھەیە و ئێمە بەرەو ئەو ئاییندەیە ھەنگا دەنێین و دەڕۆین.
بەڵام دەبێ لە خۆمان و تێکرای جیھان بپرسین: کام کات و دەم (time)؟ کام ئاییندە؟ ئاییندەیەکی گەش یان رەش؟ جوان یا نەشرین؟ ئەرێنی یان نەرێنی؟ بنیاتنراو یان رۆخێنراو؟
سەیرێکی خێرای پانۆرامای پرۆسەکانی مرۆڤی و کۆمەڵایەتی ناوچە و جیھان لە بەھای بیردۆزی ئەنیشتاین لە بارەی داھاتوو و کات کەم ناکات، بەڵام واقعێکی تاڵمان دەخاتە بەردەست کە مرۆڤایەتی تێکرا، یان بە لایەنی کەم زۆر کەس و سیاسەتوان و وڵات و نەتەوە ھەنگاوەکانیان بەرەو داھاتوو رۆخێنەر و وێرانکەرن. چ ئەوانەی کە بە رێگەی شەڕفرۆشتن و بەرپاکردنی جەنگ، بە ھەر ناو و نیشانیک بێ، و چ ئەوانەی بە رەفتار و کردارە نالایقەکانیان دەبن بە ھۆکاری مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی ناوچە و جیھان، چ ئەوانەی دەبن بە ھۆکاری دەربەدەری و ئاوارەبوونی مەلیۆنھا کەس لەم جیھانە و ناوچەکەدا، و تەنانەت ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو سیناریۆیانە نان دەخۆن و بە ئاراستەکردنی ئەو ئاوارانە بەرەو ئامانج و شوێنێکی دەستنیشانکراو ھەڕەشە لە وڵاتان دەکەن و بەم جۆرە پارە و پۆڵ و نان پەیدا دەکەن، و چ ئەوانەی بە بڵاوکردنەوەی نادادپەروەری شێرازەی ژیان لە کۆمەڵگا و نەتەوە و ناوچە جیاوازەکان تێکدەدەن، ھەموویان دەستی دەرەکین بە ئەنقەست و تەکتیکانە ھەوڵی خراپکردنی رێرەوەی ھەنگاونانی مرۆڤایەتی بەرەو ئاییندە دەدەن.
بە شانازییەوە کورد، ئەگەر تاکە نەتەوەش نەبێ نموونەیەکی دەگمەنی ھەنگاونانە بەرەو داھاتوویەکی بنیاتنەرانە، و جوانترین و بەھێزترین بەڵگەش ئەو لە خۆگرتنەی ھزاران ئاوارە و پەنابەرە، کە تەنانەت وڵاتە زۆر پێشکەوتوو و دەوڵەمەندەکانی وەک ئەمریکا و ئەورۆپاش زەندەقیان لە بەخێوکردنی ئەوان چووە، تا ئەو ئاستەی کە سەرکردەیەکی وەک ترامپ سەرۆکی وڵاتێکی وە ک ژاپۆن بەو رستەیە وەخەبەر دەھێنێ کە " تا تووشی چەند ئاوارەی مەکسیکی نەبێ" لە حاڵی ئەمریکییەکان ناگات. ئەورۆپاش نموونەیەکیترە، کە ساڵانێکە بەو ھەموو دەوڵەمەندی خۆیانەوە توانا یان باشتر بڵێن حەزی لە باوەشگرتنی کۆمەڵێک لەو مرۆڤایانەی کە بەھۆی ناڵەباری و گۆزەرانی ژیان و نادادپەروەری و دیکتاتۆریەتی وڵاتانیان، روو لەو کیشوەرە دەکەن، کەچی ئەو ھەموو وڵاتە تووشی تۆقین ھاتوون و ساڵانە بە سەدان مەلیۆن یۆرۆ بە وڵاتێکی وەک تورکیا دەدەن، چونکە ھەڕەشەی کردنەوەی دەرگای ئەو ئاوارانە و ناردیان بۆ ئەورۆپا لە تێکرای ئەو کیشوەرە دەکات. وڵاتانی دەوڵەمەندی کەنداویش دەرفەتی ئەوە نادات تەنانەت یەک کەسیش لەو مۆسڵمانان ئاوارانەی پاکستان و ئەفغانستان بگرە تا ئەفریقییا پێی بگاتە وڵاتانیان، کەچی تەنھا لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵەدا زیاتر لە ٤٠ مەلیۆن مرۆڤ لە رێگەی فرۆکەخانەکانی دۆبەی گەشتیان کردووە !
لەو بەینە و تەنھا کوردە کە خۆی لەو ھەموو ئاوارانە کردووتە خاوەن، و لە ھەمبێزی گەرمی خۆی گرتوونی و پێشمەرگەی قارەمان و ئەفسانەشکێن وەک ھەر کوردێک و کوردستانیەک ئەوان دەپارێزێ، و وێرای ھەبوونی چەند جۆری قەیران لە سەر شان و باڵی کوردستانیان، ئەوانیش بوونەتە بەشێک لەوانەی سوود لە ھەموو خزمەتگۆزارییەکانی کوردستان وەردەگرن. ئەو ھاوخەمی و دڵسۆزییەی کورد و کوردستانیان بۆ مرۆڤایەتی و ھەنگاونانێکی بیناتنەرانەی برایانە بەرەو داھاتوو لای تاکی کورد و کوردستانیان، و وێرای ھەموو جیاوازی و ناکۆکییە ھزری و سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانیان، نموونەیەکی دەگمەنی ئەم جیھانەیە، و دەبێ زیاتر لەوەی کە ھەیە پاداشت بکرێت. کوردستانیان شایستەی زۆر زیاترن لەوەی کە نەتەوە و وڵاتان بە سپۆنسەری تیرۆر و نانەوەی ئاژاوە و فەرتەنە و جەنگ و وێرانکاری و رفاندنی کچ و ژنانی و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداو ( بە پێی راپۆرتی لایەنە نێونەتەوەییەکان)، و لە رابردووشدا ئەنفال و کێمیاباران و جینۆساید وڵاممان بدەنەوە. ئەو جۆرە نموونەیە و سەدان نموونەی ھاوشێوە دەرخەری ھەندێ شتی شاراوەن لەبارەی سایکۆلۆژیای کوردستانیان کە پێویستە زانست زیاتر لێی پوڵ ببێتەوە و بکۆڵرێتەوە، شایەت بەڵکۆ لە سایەی ئەو توێژینەوانە تایبەتمەندییە جوانەکانی ھەنگاونانی بنیاتنەرانەی کورد بەرەوە داھاتوو ئاشکرا ببێ، و رووی راستەقینەی ئەو نەتەوە و وڵاتانەی تا ئێستا و لە سەدەی بیست و یەکەمدا ھێشتان ئەسیری دەست و پەنجەی رابردوون یان نیمچەمردووی دەستی ئێستای کاتن، و ھەنگاوەکانیان بەرەوە ئاییندە تەنھا لە سۆنگەی وێرانکارییە نەک ھیچیتر. ئێمە بە رەفتارەکانی خۆمان لەگەڵ ئاوارەکان، و بەرگری لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش سەلماندمان کە تەنیا نەتەوەیەکین بۆ و لەپێناو ھەموو جیھان دەژین و بەرگری دەکەین و بەرەو داھاتوو دەچین، کەچی زۆربەی نەتەوە و وڵاتانی جیھان جگە لە خۆیان و بەرژەوەندی و ئایدیۆلۆژییەکانی خۆیان ھیچ نابینن.
دەبێ مرۆڤایەتی شانازی بە کورد و کوردستانیان بکات و ئێمەش دەبێ زیاتر بە خۆماندا بچین و وریاتر لە جاران، بە گۆتارێکی یەکگرتووتر و ئازایانە و ئازادانەتر بەرەو ئەو داھاتوویە ھەنگاوی خێراتر بنێین و لە قەفەسی رابردوو دور بکەوین، و رابردوو و ئێستامان تەنھا ببێتە بەشێک و ئەڵقەیەک لە ژێرخانێک نەک ھەموو شتێک. دەبێ مرۆڤایەتی لە خەو ھەڵبستێ و فێری ئەوە بکرێت کە جیھان بۆوەتە گۆندێکی ئابووری بچوک (global economic village)، و "دوێنێ تەواو بووە"، و ھەموو پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی ئێستا لەسەر بنەمای تەکنەلۆژییا بنایتنراون و گەیشتن بە بەرژەوەندییە گشتییەکانی ھاوبەش تەوەرێکی سەرەکیی ئەو پەیوەندیانەن، ئیتر ئایدیۆلۆژییا لەو پەیوەندیانەدا کەوتووتە دوایین ئەڵقەی زنجیرەکەدا، و تا مرۆڤ بۆ مرۆڤایەتی و ھیوومانیزم و مرۆڤدۆستی نەگەڕێتەوە، و شان بە شانی زانست سوودی لێوەرنەگرێ، تام و چێژ لە ھەنگاونانی بەرەو داھاتوو وەرناگرێ.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top