پەنجاوشەش ساڵ پێشمەرگایەتی.. شکۆی نەتەوەیەک

پەنجاوشەش ساڵ پێشمەرگایەتی.. شکۆی نەتەوەیەک
مێژووی ھەر نەتەوەیەک شاھیدی تێکۆشانی قارەمانیەتییە، چونکە ھەمیشە پاڵەوانەکان مێژوو دەنووسنەوە و ئەوان دەبنە سمبولی نوێبوونەوە و خەبات و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی بیری نەتەوایەتی لەلای میللەتان .
ئێمەی گەلی کورد بە درێژایی مێژوو چەندین شۆڕش و راپەڕینمان لە پێناوی سەربەخۆییدا ئەنجام داوە. جێگەی شانازییە کە سەرۆکێکمان ھەیە رابەری بیری نەتەوەییە و ئێمە خاوەنی سەرکردەیەکین کە نموونەی تێکۆشان و خەباتی بێوچانە.. پەنجاوشەش ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتی بە بێ دابران، سەرکردەیەک داڕێژەری بیری سەربەخۆیی و دامەزرێنەری یەکەمین دەوڵەتی کوردستان، سەرکردەیەک شکۆی نەتەوەیەک، خەبات و تێکۆشانی سەرۆکی نەتەوەی کورد (سەرۆک مسعود بارزانی) نموونەیەکی زۆر تایبەتمەندە لەسەر ئاستی جیھان، چونکە مرۆڤێک لە گشت وێستگە جیاوازەکانی ژیان بەبێ دابڕان خەباتی کردبێت و ھیچ کاتێک ئامادە نەبووێت سازش لەسەر مافە نەتەوەییەکان بکات، ئەو سەرکردەیە شکۆی نەتەوەیەکە، بگرە سەرۆک بارزانی شکۆی گشت نەتەوە خەباتگێڕەکانی جیھانە، چونکە رێژەی ئەو سەرکردانەی کە بەم شێوەیە ھەموو ژیانی خۆیان بکەنەوە قوربانی لە پێناوی ئازادی و سەرفرازی نەتەوەکەیاندا زۆر دەگمەنە.
سەرۆک مسعود بارزانی یەکەم وێستگەی ژیانی لە خەباتی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەستی پێ کرد و بە درێژای شۆڕشی ئەیلوولی مەزن وەک پێشمەرگەیەک لە سەنگەرەکاندا دژ بە داگیرگەران جەنگاوە، ھەورەھا وەک رابەرێکی نەتەوەیی و یەکەم سەرکردە کە شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتووخوازی بنیادنا و بە درێژای رۆژانەی شۆڕش سەرپەرشتی گشت قۆناغە جیاوازەکانی شۆڕشی گوڵانی دەکردو شان بەشانی پێشمەرگە قارەمانەکان لە بەرەکانی جەنگی دژی داگیرکەران دەجەنگا و سەرلەنوێ بیری نەتەوایەتی دروست کردەوە، سەرۆک بارزانی دامەزرێنەری بەرەی کوردستانی و یەکەم دەستپیشخەری بۆ دروستکردنی بەرەی کوردستان لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی و شەھیدی سەرکردە کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو بوو، ھەروەھا بەرنامەداڕێژەری راپەڕینی کوردستان و یەکەم سەرکردە و یەکەم ئەندازیاری راپەرینی ئازاری ١٩٩١ بوو.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و دروستکردنی ئەنجومەنی حوکم بە شایەتی ھەموو سیاسەتمەداران و میدیا کارانی جیھان (سەرۆک مسعود بارزانی) وەک پێشمەرگەیەک بەتاقی تەنیا بەرەنگاری ھەموو سەرکردە شۆڤێنییەکان بووەوە و لەساڵی ٢٠٠٣دا بە جلوبەرگی کوردییەوە لەناو باڵەخانەی ئەنجومەنی حوکم ھاتەدەر و زۆر بوێرانە پێداگری لەسەر سیستەمی فیدڕاڵی ھەرێمی کوردستان کرد، بەرامبەر بە ھەموو ئەندامەکانی ئەو ئەنجومەنە وەستایەوە و ئامادە نەبوو دەستبەرداری مافەکانی نەتەوەکەی بێت، گوێی بە ھیچ جۆرە ھەڕەشەیەک نەدا، زۆربەی سەرکردە جیھانییەکان بەم ھەنگاوەی سەرسام بوون لە ئازایەتی و بەجەرگیی سەرۆک بارزانی تووشی شۆک بوون.
سەرکردەیەک وەک پێشمەرگە خۆی و سەرجەم کوڕەکانی لە بەرەکانی شەڕی دژی تیرۆریستان شان بەشانی گشت پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکان خەباتی کردووە و دژی تیرۆریستانی داعش وەستایەوە، سەرکردەیەک لە خەمی ھەرچوارپارچەی کوردستاندایە و ھاوکات بەرگری لە ھەموو کوردستانییەک دەکات. لەبەر ئەوە شایانی شانازییە بۆ ھەموومان و پێویستە بە پیرۆزییەوە تەماشای بکەین.
سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ سمبولی خەباتە بۆ گشت پارچەکانی کوردستان و تەنیا سەرکردیە کە کوردانی گشت پارچەکان لە ژێر چەتری سەربەخۆیی کۆدەکاتەوە، سەرۆکێک کە زۆر قارەمانانە بڕیاری گشتپرسی دا و بەرامبەر بە ھەموو نەیارەکانی وەستایەوە، نموونەی قارەمانی و تێکۆشانە و پەیامی سەرۆک بۆ سەربەخۆیی، پەیامێک بوو کە ھەموو نەیارانی کوردی ھێنا لەرزین، ئەو دەنگە بوو کە سەرانسەری جیھانی تووشی شۆک کرد، بڕیاری گشتپرسی دەنگێکی دلێر بوو بۆ زرینگاندنەوەی گوێی ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە مافی کورد نەبووە و نییە، سەرجەم ھاووڵاتیانی کوردستانیش پشگیری گشتپرسییان کرد، بەڵام بەداخەوە ھەندێک لە خۆفرۆشان لە ناوخۆدا دەستیان لەگەڵ نەیاراندا تێکەڵ کردو خەنجەرێکی ژەھراوییان لە خاکی پیرۆزی کوردستان دا، بەوەش جارێکی دیکە شاری کەرکووکی دڵی کوردستان داگیرکرایەوە، بەڵام سەرۆک ھەر بەردەوامە و ھەمیشە پەیامەکانی جێگەیەکی پیرۆز لەدڵی ھەموو کوردێکدا دروست دەکات، چونکە سەرۆک نیشانەی تێکۆشانە و شکۆی نەتەوەیەکە، لەبەر ئەوە ھەمیشە خۆفرۆشان و نەیارانی گەلی کورد دەیانەوێت ھێرشی راگەیاندن بکەنە سەر سەرۆک و پەلاماری پیرۆزترین مرۆڤی سەر رووی زەمین بدەن.
Top