ریفراندۆم چەکەی سیاسی ناو بانکی کوردایەتییە
August 9, 2018
وتار و بیروڕا
راکێشانی ئەو چەکەی ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵک لەلایەن وڵاتپارێز و سەربەخۆخوازانی کوردەوە، تورک و فارس و عەرەب و هەموو عێراقچی و جاشزادەکانی ناوخۆی لەسەر خوانی پیلانگێڕی و دژایەتی کردنی سەربەخۆیی کوردستان کۆکردنەوە، هەر یەکەو بە جۆرێک ریفرادۆمچیەکانی تاوانبار دەکردن، یەک بە ئیسرائیلی دووەمی ناودەبردین و ئەویتریان بە ناسیۆنالیزمی توندڕەو و شەڕانی و پلانگێڕانی دابەشکاری عێراق، یەکیان سەربەخۆیی کوردستانی پێ سەقەت بوو، ئەویتریان ببووە داواکاری گشتی و دانە بە دانەی ریفراندۆمچیەکانی دەبردنە بەردەم دادگای عرووبە، سەرۆک بارزانی گوتەنی: (پارتی)یان لەسەر تاتەشۆر دانابوو، یەکیان کفنی ئامادە دەکرد و ئەویتریان بە خەیاڵی خۆی ئاوی دەکردە دەستی تورک و فارس و عەرەب، هەرە دڵسۆزەکەیان بە تەمابوو وەک وەفایەک سێ رۆژ پرسە بۆ پارتی و ریفراندۆمچیەکان دابنێ، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە خەوی خۆ گەوجاندنی راچڵەکاندن و خەونی کۆن و نوێی پوچەڵ کردنەوە.
وەک بینیمان داگیرکارانی کوردستان و خیانەتکارانی ناوخۆ بۆ بێ رەسید کردنی چەکەی ریفراندۆمی سەربەخۆخوازان چەکەی خۆیان راکێشا، بەڵام چەکەی پیلانگێڕی داگیرکارانی کوردستان و چەکەی خیانەتی خیانەتکارانی ناوخۆ لە داستانی پردێ و سحێلا لەسەر دەستی پێشمەرگە بێ رەسید کران، وەک دەبینین ئێستا هەموو رووداوەکان روو لە پێچەوانە بوونن، ئەوەتا وەک ئەوەی سەرۆک بارزانی پێشبینی کردبوو گۆڕانکاریەکە بەڕێوەیە، ئێرانی کولانەی پیلانگێڕیەکە کەوتۆتە ناو سێرەی گۆڕانکاریەکان، ئەزمەی فەرمانڕەواییش لە عێراق بە شێوەیەک قوڵ بۆتەوە کە پێکهێنانی حکومەت وەک مەحاڵی لێهاتووە، هەموو ئەوانەش ئاماژەن بۆ روودانی گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکەدا، لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکیش ریفراندۆم و بڕیاری ٩٣% خەڵکی ژێدەستە و چاو لەدووی سەربەخۆیی کوردستان، وەک چەکەی سیاسی ناو بانکی کوردایەتی بە دەستی پێشەوای ریفراندۆمچیەکان رادەکێشرێ و سەربەخۆیی کوردستانی پێ وەردەگیرێ.