ستراتێژییە نوێیەکانی رۆژئاوا لە رۆژھەڵاتی ناوین ( خوێندنەوەیەکی سایکۆپۆلیتیکانە)

ستراتێژییە نوێیەکانی رۆژئاوا لە رۆژھەڵاتی ناوین ( خوێندنەوەیەکی سایکۆپۆلیتیکانە)
ستراتێژی (strategy) چەمکێکی سایکۆسۆسیۆلۆژیکانەی سەردەمیانە، بەڵام لە ھەمان کاتدا خاوەن رابردوویەکی کۆن، وەرگیراو لە زمانی یەونانی کۆن، زۆر واتای ھاوشێوەی لەشکەرکێشی، کارگێڕی و بەڕێوەبردن، پرۆسێس و کارکردن و ... ھتد، دەگەینێَ. بە پێی پێناسەی فەرھەنگنامەی دەروونناسی بریتییە لە زنجیرەیەک رەفتار و پرۆسە و کردەوە، لەسەر ئاستێکی ھۆشیارانە و لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە یان گەیشتن بە ئامانجێک ئەنجام دەدرێت. لەسەر ئاستی سۆسیۆبایۆلۆژیکیش ھەندێ رەفتاری نموونەیی دەگەینێ کە پەیوەستن بە ژیانەوە و مانی مرۆڤ، و تەنانەت گیانەوەران.
*****
ئەمرۆ و ھەمیشە ستراتێژی بەشێک بووە لە ئاستێکی بەرزی گەشەی ھزری مرۆڤ و نەتەوەکان لە رەفتار و سیاسەت و رەفتارە کۆمەڵایەیتییەکانیدا، لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە درێژخایەنەکانی. ئەوەتا دەبینین بە پێی ئاستی ئەو گەشەیە، و توانایی پیادە و جێبەجێکردنی، ستراتێژی وڵاتان چەندەھا ساڵ دەخایەنێت. لە وڵاتانی دیمۆکراسیدا ستراتێژی بەشێکی جیانەکراوەی ھەڵسوڕانی سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکانە، چ لەسەر ئاستی نێوخۆیی و چ دەرەکی، و بە یەکێک لە فاکتەرەکانی سەرکەوتن و پێشکەوتنیان ھەژمار دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وێرای ئەوەی کە ئەو ستراتێژی و پلانە درێژخایەنانە بە پێی ھەڵومەرج بەردەوام لە گۆڕیندان، بەڵام ھەمیشە کار بۆ دانانی لە مێنتالیتە و بیرکردنەوەی سەرکردە و سیاسەتوانان و ھزرمەندان و خەمخۆرانی ئەو وڵاتانەدا ھەیە.
ئەوەتا رۆژئاوا نموونەیەکی بەرچاوە بۆ ئەم گفتگۆیە. ئەگەر بە پێی بەرژەوەندیەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەراستد، رۆژێک لە رۆژان پشتەوانی وڵات و لایەنێکی تایبەتی کردبێ، لە قۆناغێکی دیکەدا پشتی تێکردووە. ئەگەر بە وردی لە سیاسەتی شاھینشاھی ئێران و چاوپێکەوتنەکانی خۆدی شاە لە دوایین ساڵ و ساتەکانی دەستھەڵاتی بڕوانین، ئاراستەیەکی زەقی بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوایان تیایدا بەرجستە دەکرێ. بۆیە ئەو شاھینشاھییەی سەردەمێک بە یەکێک لە ھاوپەیمانە سەرەکییەکانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا ھەژمار دەکرا، لە ماوەیەکی کەمدا و بە تایبەت پاش ئەو ئاژاوەیەی کە لە ئەنجام و کۆتاییدا بە ھاتنی کۆماری ئیسلامی تەواو بوو، بە پشتگیری رۆژئاوا روویدا. باشترین نموونەش نەک تەنھا جەنگی ھەشت ساڵەی ئێران و عێراق، بەڵکۆ ڕێکەوتنی شوومی جەزائیریش، جگە لەوەی کە وڵاتانی سۆننەی عەرەب رۆڵێکی بەرچاویان تیایدا ھەبوو، بەشێک بوون لە پاڵنەر و ئەجێندای جێبەجێکردنی پلانە ستراتێژیێەکانی رۆژئاوا و تەواوکەری وەلانانی شاە و ھێنانی کۆمەڵێکی دیکە بوو بۆ سەردەستھەڵات، لە پێناو پیادەکردنی ویستەکانیان لە ناوچەکەدا. ئێستا رۆژئاوا و بەتایبەت خۆدی دۆناڵد ترامپ بۆ جێبەجێکردنی ستراتێژییەکانی خۆیان لە رۆژھەڵاتی ناوەراست و بەتایبەت گۆڕینی سیستەمی سیاسی وڵاتی ئێران زەمینەسازی دەکات. بە تایبەت کە یەکێک لە گرنگترین دروشم و بەڵێنەکانی ترامپ کارکردن بووە لەسەر ئەو وڵاتە و گۆڕینی سیستەمەکەی. بەڵام وەک خۆی باسی کردووە ریسک ناکات، و بە وریاییەوە ھەوڵ دەدات کە زۆرێک لە نھێنییەکانی جێبەجێکردنی ئەم ستراتێژییەی خۆی نەدرکێنێ و ئاشکرایان نەکات نەوەک دوژمنان و ھەلپەرستان و رکابەرانی بیقۆزنەوە یان تێکی بدەن. ھەرچەندە کە چەند وڵاتێکی ئەورۆپی لەگەڵ بیروباوەرکانی ترامپدا نین، بەڵام ھەموو ئاماچەکان دەریدەخەن ئەوان رازین بەو ستراتێژییە و لەوانەشە بە ھەمان ئاراستە و شاراوە و ناراستەوخۆ ھاوکاری سەرگرتن و جێبەجێکردنی دەدەن. نموونەیەکی ئەو روانگەیەش لەخۆگرتنی کۆنفرانسی ساڵانەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە لە لایەن فرەنساوە، لەکاتێکدا کە فرەنسا ھەمان ئەو وڵاتەیە کە بەشێکی ھاتنە سەر دەستھەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەستۆ گرتبوو.
دوای نەھاتنەدی ئەو خەونەی رۆژئاواییەکان، لە ھاتنە سەر دەسھەڵاتی ئیسلامییەکان، و گۆڕانی ئەو دەستھەڵاتە لە جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسی بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی تووندھاژۆیانە، بە بڕوای رۆژئاواییەکان بۆوەتە ئایدیۆلۆژیایەکی دەمارگیرانە و بە مەترسییەکی گەورەی سەر کۆمەڵگەی خۆیان ھەژماری دەکەن. لە سۆنگەی ئەوەی کە ئەورۆپیێەکان و ھاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە و بەتایبەت ئیسرائیل، و ھەروەھا ئەو وڵاتانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان ھاوپەیمانی ئەمریکا یان ھاوبەشی ئابووری ئەوانن، بە تایبەت وڵاتانی سۆننەی عەرەب و کەندوای فارسی، لە رووی جیۆپۆلیتکییەوە نزیکترن لە ئێران، و بە پێچەوانەشیان خۆدی ئەمریکا زۆر دوورترە لە ئێران و کەمتر مەترسی لەسەرە، رۆژ لە دوای رۆژ گۆشارەکانیان لەسەر زیاد دەکەن. ئەوان مەترسی ئەو وڵاتە و سیاسەتە دۆگماتییەکانی بۆ سەر خۆیان بە کەمتر لە مەترسییەکانی وەک کۆچبەران و تیرۆریزم نابینن، کە یەکەمیان بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا و دووھەمیان بۆ ولاچتانی دیکە بۆوەتە سەرچاوەیەکی داھات، بە تایبەت بابەتی پیتاندنی یۆرانیۆم و گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی.
بەڵام ئەو ھەوڵ یان گۆتارانەی لە ھەندێ وڵاتی رۆژئاوایی دەبینرێن و دەبیسترێن، زیاتر رەھەندێکی دیپلۆماتیکن، ئەگەینا ویستی گۆڕینی ئەو سیستەمە، یان بە لایەنی کەمەوە ھاوتەریبکردنی لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆیان، لە ناخ و دەروونی سیاسییانەی ھەموویاندا حاشا ھەڵنەگرە، بەتایبەت کە بابەتەکانی وەک مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکانی لە لایەنی دەستھەڵاتی ئێرانەوە، وەک ئەوەی کە رۆژئاواییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، لەم وڵاتەدا لە ئاستێکی مەترسیدارە. ئەمەو جگە لەوەی کە رۆژئاواییەکان وای بۆ دەچن کە ئێران جگە لە دەستوەردان لە کاروباری زۆر وڵات، پاڵپشتی ھەندێ وڵات و رێکخراوی تیرۆریستی لە ناوچە و جیھانیش دەکات.
بە پێیەی کە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ھەندێ وڵاتی زلھێزی خاوەن بەرژەوەندی و تەنانەت ھەڵوێستی ھەندێ وڵاتی ناوچە، بە تایبەت تورکیا و داگیرکەرانی کوردستان، کە لە ھەوڵ و بڕیارەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا لە ناوچە بەگۆمانن، رێگرن لە ھەوڵی راستەوخۆی گۆڕینی سیستەمی ئەو وڵاتە، بۆیە ھاوتەریب لەگەڵ ھەوڵە دیپلۆماسییەکان، فشار و جەنگە دەروونی و ئابوورییەکان لە دژی ئەو وڵاتە بەردەوام لە پەرەسەندان. دوایین ھەوڵەکانیش نەچارکردنی کاری ھەندێ کۆمپانیای گەورەیە بۆ راگرتنی چاڵاکی خۆیان لەگەڵ ئەو وڵاتە، و ھەروەھا نەکڕینی پەترۆڵەکەی بووە، کە وڵاتی ھیندستان یەکێک لە گەورەترین کڕیارانی لە ژێر گووشارەکانی ئەمریکا و لە بەردەوامی سیاسەتی بە چۆکدادان بە وڵاتی ئێران، کڕینی نەوتی لەو وڵاتە راگرتووە.
کۆسپێکی دیکەی بەردەم رۆژئاواییەکان و بەتایبەت ئەمریکا لە گۆڕینی خێرا و راستەوخۆی سیستەمی دەستھەڵاتدارێتی ئێران بۆ سیستەمی دیمۆکراسی خۆیان، دەگەڕێتەوە کە تیایدا سەنتەری بڕیار تەنھا یەک شوێن و لایەن نیە. بۆ نموونە ئەگەر چی لە ئەمریکا کۆشکی سپی و سەرۆککۆمار پێگەیەکی بەھێزی بڕیاردانن، بەڵام تەنھا یەکێکن لەو ھەموو سەنتەرانەی بەشداری سەرەکیین لەو بڕیارە ستراتێژیکانەدا. چونکە ئەو سەنتەرانەش کەسانی بە ئەزموون لەخۆدەگرن، و لە بیرکردنەوە و ئاراستەی سیاسی خۆیان ھاوشێوەی دۆناڵد ترامپ ناڕواننە ئەو بابەتە. بۆیە ناکۆکییان لەگەڵ یەکتریدا ھەیە لەو بڕیارەدا. بەڵام شاراوە نیە ئەو ناکۆکییانە زیاتر لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکەیە تاوەکو بە کەمترین زیان و خەرجی رووبدات، ئەگەینا بە گشتی لە شەقامی سیاسی ئەو وڵاتەدا کۆدەنگییەک لە ویستی ئەو داخوازییە، کەم و زیاد، لە ھەموو لایەنەکاندا بەدیدەکرێت.
نابێ ئەو راستیەش لە بیر بکرێت کە ئەو ستراتێژییەی ترامپ ھەڵقوڵاوی فەلسەفەی باوی ئەو سیستەمەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەیە کە بەناوی فەلسەفەی پراگماتیزم ناسراوە، و شان بە شانی ئەویش تەواوکەری ستراتێژییەکانی سەرۆککۆارەکانی پێشووتری ئەو وڵاتە و بە تایبەت ئەوانەی ھاوشێوەی ترامپ دەرواننە رۆژھەڵاتی ناوەراست و لەوانەشە و لە ھەموویان دیارتریش بنەماڵەی بووشەکانە.
ھەروەھا رای گشتی نێوخۆیی و دەرەکی، ناوچە و بەتایبەت ئەمریکا و جیھانیش، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاستەنگن لە سەرگرتنی ئەو ھزرە، کە لە ستراتێژی نوێی ئەمریکا و ئەمجارەش وەک ھەمیشە لە رێگەی جیاواز ھەوڵی رەخساندنی بۆ دەدرێت. گرنگترینیان کەناڵە جیاوازەکانی راگەیاندنە. بە پێی یاساکانی سایکۆلۆژیای راگەیاندن دووبارەکردن لە کۆتاییدا دەبێتە ھۆکاری چەسپاندنی سووژێت و ریکلام و بیرۆکەیەک. بۆیە لە سیاسەتی رۆژئاوا و ئەمریکییەکان پەیتاپەیتا ھەوڵ دەدرێت لە رێگەی بڵاوکردنەوەی گۆتاری تایبەت و ئاراستەکراو و چاوپێکەوتن و شێوازەکانی دیکە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک و رای شەقام بکرێت و وێنەیەکی نەرێنی لەو وڵاتە بخەنە نێو مێشکیان، و لە رووی سایکۆلۆژییەوە ئامادەی قبووڵکردنی بیرۆکەی گۆڕینی دەستھەڵات بدات. بۆیە دەبینین ئەو جۆرە پیلان و پلان و ستراتێژییانە ھەستیارن، و بۆ جێبەجێکردن پێویستیان بە کاتێکی زیاترە.
وێرای رێگەی دیکەی وەک بەکاربەستنی تەکنیکە لەشکەرییەکانی وەک قۆستنەوەی رێکخراوێکی تیرۆریستی وەک داعش و ئاراستەکردنی چەکدارە ھەڵخەڵەتێنراوەکانی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان، و بەتایبەت لە دژی ئێران و بەرەی شێعەی ھاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. ھەرچەندە و وێرای ھەبوونی ئاڵۆزی و نەرەزایەتییەکان و رێپێوانی خەڵک و گرژی لە نێو خۆی ئێران، بەڵام نابێ ئەوەش لە یادبکرێت ھێشتان ئەو وڵاتە بە جۆرێک لە جۆرەکان باڵا دەستی بەرەی شێعە و وڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا پاراستووە. خەڵکی ئاسایی زۆر جار لە ھەموو وردەکارییەکانی ئەو ستراتێژییانە و وردەکاری و ھەستیاری و ئاڵۆزییەکانی تێناگەن و وەک خۆیان شرۆڤەی بۆ دەکەن کە ھەندێ جار پێچەوانەن. بەڵام لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتە گرنگە.
ھەرچەندە ئەم ستراتێژییانەی باسکران ھەمووی گریمانەن و لە پرۆسەی جێبەجێکردندان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرگاکان کراوەن بۆ ھەر ئەگەر و گۆڕینێکی لەناکاو و لەپڕ، و تەنانەت دوور نیە شتی وا رووبدەن بە خەیاڵیشماندا نەچێ. چونکە لە سیاسەتدا ھەر شتێک روودەدات. بۆ نموونە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ داخوازییەکانی ئەمریکا ملکەچ ببێ و یان (ئیمتیازی) گەورە و باشیان بۆ مسۆگەر بکات دوور نیە ھاوشێوە ئەو نموونەیە رووبدات کە حەسەنعەلی مەنسوری یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران پاش رووخانی شاە لە یەکێک لە دیمانەکانی خۆیدا لەگەڵ کەناڵێکی فرەنسی ئەنجامی داوە و لەسەر یۆتیووب بڵاودەکرێت: بیرۆکەی ھیلالی شیعی بۆ یەکەم جارا ئەمریکییەکان و لە سەرەتای کۆماری ئیسلامی خستیانە مێشکی مەلایەکانەوە و بە رێگەی وارن کریستۆفەر (؟؟!). چەند راست و ناراستە خۆی باشتر دەزانێ چونکە ئەو کات بە پێی پلەی خۆی ئاگای لە زۆر شت ھەبووە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بزانین گەمەی سیاسی دوور نیە ئەمریکا بێنێتە سەر ھێڵ، و ئەو کات نەک بە دژایەتی بەڵکۆ پشتگیریشی بکات لەدژی وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت سعۆدیە، کە بە یەکێک لە سپۆنسەرە سەرەکییەکانی تیرۆر لە جیھان و ناوچە ناسراوە. بۆیە نابێ ھەمیشە بە یەک ئاراستە تەماشەی ھاوکێشەی سیاسی بکرێت.
ھەرچەندە ستراتێژییەکان بەردەوام و بە پێی گۆڕانکارییە لەناکاوەکانی چاوەڕواننەکراو دەگۆڕدرێن، بەڵام دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە ئایا رۆژئاواییەکان تاچەند لەم سیاسەتە و جێبەجێکردنی ستراتێژییەکەیان سەردەکەون؟ ئەوەی کە بۆ ئێمەی کوردستانیان لە ھەمووی گرنگترە ئایا کورد لەو بەینە چی بەسەر دێت، ئەگەر ستراتێژییەکە سەرکەوت یان بە سەرنەکەوتنی چی بەسەر کورد دێت؟ ئایا دەبێ کورد لە ئەنجامدا لە کام لایەن نزیک بێتەوە و ھاوپەیمانیی لەگەڵدا ببەستێت: ئەو رۆژئاواییانەی لە رووی جیۆپۆلیتیکییەوە دوورن و سەرچاوەی دابەشبوون و زۆرێک لە شکەست و مەینەتییەکانی کوردستانیان بوونە، یان ئەو ئێرانە نزیک و دراوسێ و ھاوبەشی کەلتووری و جۆگرافیایی و ئابوورییەی، کە وێرای ھەبوونی دەستێکی باڵا لە زۆر خیانەت و کارەساتی وەک ١٦ ئۆکتۆبەر، و ئەو گۆرزە کۆشندەیەی کە بە فیتی وڵاتانی سۆننە و عەرەبی ناوچەی پشتەوانی رژێمی بەعسی شۆڤینی-وەھابی و پیلانەکانی سەدامی گۆڕبەگۆڕ، و رۆژئاوا و بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەریکا لە شۆرشی ئەیلوولی مەزن وەشاندووە، بەڵام بە درێژایی کۆماری مەھاباد و ساڵانی دوای ١٩٧٥ ھزاران کوردی لە باوەش گرتبوو؟ ئایا کورد ھاتەریب لەگەڵ ستراتێژی رۆژئاوا، لەم ھەڵوێستەدا چ ستراتێژییەکی ھەیە، تا بە کەمترین زیان لەو ململانێیە کۆشندەیەی، کە کوردستانی وەک ھەمیشە و ھزاران ساڵی رابردوو، کردووتە گۆڕەپانی خۆی؟ ھەڵوێستێکی چارەنووسسازە، و پێویستی بە بریارێکی بەھێزە، چونکە وەک جەنابی سەرۆک بارزانی ھەمیشە و بە تایبەتیش لە ریفراندۆمدا پێداگری لەسەر کردیان " دەبێ ئەلترناتیڤەکانی کە لەو ستراتێژیانەدا ھەن، گەرەنتی بەرژەوەندییەکانی کوردستانی" تیایدا بێ، ئەگەینا ھیچ سوودێکی بۆ کوردستانیان نیە، وەک چۆن لە رابردوو ئەو راستیەمان بە چەندین جار و جۆر تاقیکردۆتەوە. ھەرچەندە کە بە گشتی و بەتایبەتیش پێشبینیکردنی رووداوەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆر ئەستەم و قۆرسە، و بەتایبەت سیاسەتی رۆژئاوا و ئەمریکا، بەڵام سیناریۆییەکان زۆر شت دەردەخەن کە گۆڕانکاری لە ئارادایە. بەڵام چۆن چۆنی بوونیان پەیوەستە بە زۆر ھاوکێشەی ئاڵۆز کە دیسانەوە پێشبینیکردنی یەکجارەکییان زۆر قۆرسە. سەرچاوە: https://www.youtube.com/watch?v=daZ٧iT٠Ul٨

*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top