سایکۆلۆژیای درۆ و سیاسەت

سایکۆلۆژیای درۆ و سیاسەت
درۆ لە شارستانیەتی ئاریایی و تایبەت لای کوردە میدییەکان تەنھا بریتی نەبووە لە گێڕانەوەیەکی ناراست، بەڵکۆ زیاتر لەوە ھەر رەفتار و کردەوەیەکی ھەڵە و دوور لە بنەما و داب و نەریتە کۆمەڵایەتی و ویژدانییەکانیش بە درۆ ھەژمارکراوە، و پێیان وابووە ئەو رەفتارانەی بە دژی یاساکانی سروشتن لە ئەنجامدا یەخەی ئەو کەسە دەگرن و زەمینگیری دەکەن و پەکیدەخەن، و ئەو سزایە سزای سروشتە. ئەو سزایە لەم دنیایە و راستەوخۆ دەدرێت، نەک بۆ جیھانێکیتر بەجێ دەھێشترێت تا لەیادبکرێت و لەسەر چەوتی خۆی بەردەوام بێ.
درۆ ھەر کارێکی وەک خیانەت، چەواشەکاری، دزی، تاوان، خۆسەپاندن، زۆرلێکردن، کۆشتن، تاڵانکردن، ...ھتد، بووە. درۆ سەرچاوەی ھەموو گرفتەکانی مرۆڤایەتییە، تاکی و کۆمەڵایەتی و شارستانی. ھیچ کردەوەیەکی مرۆڤ ئەوەندەی درۆ زیانی بە مرۆڤ نەگەیاندووە.
کاتێک لە پارتێکی سیاسیدا سەرکردەیەکی بۆێر و مرۆڤدۆست ویستبێت خزمەتی نەتەوەکەی بکات بەڵام دەوروبەرەکەی بە درۆیەکانیان رێگەی راستیان لەبەردەمی تێکدابێ چۆن دەتوانێ خزمەت بکات. کاتێک دەوروبەری بە درۆ ھەموو شتێکیان وەک "شامی شەریف" پیشاندا، چۆن دەکرێ ئەو سەرکردەیە چارەسەری کەموکۆڕییەکان بکات؟ بێگۆمان دور یان نزیک، ئەو درۆیانە، دەبن بە مارێک بەو سەرکردە و ھزرەکانیەوە وەدەدەن و ھەموو ھیوا و ئاواتەکانی ئاوەژوو دەکەن.
نەتەوە و کۆمەڵگە وەک بۆمبێکی قۆرمیژکراو وان، و تەنھا لە یەک چرکەدا و بە تریشقەیەکی بچووک ھەڵدەگیرسێن و دەبن بە زریانی ئاگر، و ئەو کات درۆیەکان نەک دادی کەس نادەن بەڵکۆ بۆ ھەموو لایەک مالوێرانی بە دیاری دێنن. دەبێ سەرکردەیەکی وریا و بۆێر زۆر زوو درۆزنەکانی دەوروبەر کەشف بکات و سزا بدات تا ببێتە مایەی پەند و کەس جۆرئەتی قۆستنەوەی درۆی نەبێ بۆ بەرژەوەندی و پلە و پایەیەکی کاتی، بەڵکۆ دەبێ تەوەری خەبات تەنھا خزمەتی کۆمەڵگا بێ چونکە ھیچ ھێزێکی سیاسی بێ رای کۆمەڵگا سەرناکەوێ.



Top