جیھانی سەردەم لبەردەم مەترسییەکانی نادادپەروەری

جیھانی سەردەم لبەردەم مەترسییەکانی نادادپەروەری
ئەگەرچی ژیان و ژینگە بە جیاوازی بە تام و واتایە، بەڵام سروشت بۆ خۆی رێچکەیەکی ھەیە بۆ راگرتنی بەڵانسی دادپەروەری، بەڵام ئەوەندەی پەیوەستە بە مرۆڤ توانای راگرتنی ئەو بەڵانسەی پێوە نادیارە.
لە ھزاران ساڵی رابردوو سیستەمەکانی کۆێلایەتی و دەرەبەگایەتی و جۆرەکانی دیکەی ژیانی مرۆڤایەتی کارسەاتی مەزنی لێکەوتووە و لە زۆر جاریش راپەرینی مەزنی وەک فرەنسا و رۆسیا و ... ھتد، لێکەوتووە.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسۆڕمانە لە سایەی سیستەمی نوێی جیھانی و لە کۆتایی سەدەی رابردوو بەم لاوە، جارێکیتر و لەبن ناونیشانی جیاواز نادادپەروەری زۆر بێباکانە سەریھەڵداوە و گەیشتووتە ئاستی کارەساتبار. زیاترینی جەنگەکانی گەردوونی، و بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرھەمی نەبوونی دادپەروەری بووە. بە زیاتربوونی جیاوازی نێوان چینەکانی ھەژار و دەوڵەمەند، زیاتر لە ئاستی خۆی، مەزندە دەکرێت گرژییەکانی داھاتوو پەرەبستێنێ. بە تایبەت کە سیستەمەکانیتری پێش ئەوەش نەیانتوانیوە بەرنامەیەکی سەرکەوتوو و مۆدێلێکی دادپەروەرانە پێشکەشی مرۆڤایەتی بکەن.
چینی ھەژار و دەوڵەمەند رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لە پێشتر لەیەکتر دوور دەکەونەوە، و رق و قین و ترس لە یەکتری زیاتر دەبێ و بۆ دەوور کەوتنەوە لێی ھەریەکەو و رەفتارێکی تایبەت دەگرێتە بەر. ھەژاران بە ھەڵگیرساندنی جەنگ، و ئەوانیتریش بە تەنینی شوورە و دیوار بە دەوری خۆیانەوە کاردانەوەیان دەبێ. ئەوەی کە جاران کەمتر بوو.
کاتێک لەگەڵ سەرپەرشتیارە رۆسییەکەم، پرۆفیسۆر ئێڤگینی میخایلۆڤیچ، دەچوین بۆ ماڵکەیان بۆ کاری توێژینەوە، سەرسۆڕمانی خۆی لەوە دەردەبڕی کە جاران ئاپارتمانەکانی ئەوان، وەک رۆسی دەڵێن ( ئابشێژیتی)، دیوار یان (سیاجیان) نەبوو، و ئێستا پەیدابووە. جاران لە دێھات و گۆندەکان و تەنانەت شارەکانی خۆشمان وابوو و تەنھا بۆ گیانەوران دروست دەکرا بەڵام ئێستا ڤیلاکان و گۆندەکانی ئەڵمانی و فرەنسی و ....نازانم چی، لە لایەن خاوەنەکانیان شوورەی پۆڵاینییان لە دەوروبەری دروستکراوە.
ئەو جیاوازییە و لێکدوورکەوتنەوەی چینەکان کاریگەری خراپی بە سەر ئاستی پەیوەندییەکانی کۆمەڵایەتی و خزمەتگۆزارییەکان، و تەنانەت زانستیشی کردووە. دەوڵەمەندان زۆر بە ئاسانی و بە پارە دەتوانن لە باشترین شوێن و کۆلیژ و دبستان و قوتابخانە بخوێنن، و لە کاتێکدا کە ھەژاران بە نیازبوون بە عارەقەی نێو چاوان و بە مێشکی خۆیان و ماندووبوون و سەدان ھیوا و ئارەزوو ھەمان کار بکەن، بەڵام لە ئەنجامدا ئەوە روو نادات و باشترین ھەلی کار ھەر بۆ دەوڵەمەندەکان دەبێ. ئەوەش دژایەتیکردنی یاساکانی سروشتە و دەبێ لە ئاییندەدا مرۆڤایەتی باجی ئەو نادادپەروەری و ھەلپەرستییە بدات. دەبێ مرۆڤایەتی بیر لە سیستەمێکی دادپەروەرانەتر بگەڕێ ئەگەینا دەبێ چاوەروانی کارەساتی زۆر گەورەتر لەوانەی کە بینیومانە، بین.
*پرۆفیسۆری ە. لە زانستی سایکۆلۆژیای پێداگۆگی/ زانینگەی زاخۆ
Top