پێشهات و رووداوەكانی رابردوو و ئێستا پێمان دەڵێن كە چەند بوونی پێشمەرگە ،كەسایەتیی كارێزمایی بارزانیی زەروورە بۆ پرسی كورد و رووداو و پێشهاتە چاوەروانكراوەكانی ئێستاو داهاتوومان ..سەرۆك بارزانی ، بە زیاتر لە نیو سەدە خەباتی پێشمەرگایەتی و سیاسی و دیپلۆماسی و ئینجا شۆرشی سەركەوتنی ئاشتیخوازانەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان توانیی پەیام و ئەو مافەرەوایە بگەێنێتە دونیا .بۆیە لە ئەمرٍۆ و دوا رۆژدا هەر كوردێكی وڵاتپارێز و نیشتیمانپەروەر ئەركی سەرشانیەتی ئەم ئەزموونەی باشووری كوردستان بپارێزێت و دەبێت بەهەموو شێوەیەك هاوكاریی سەرۆك بارزانی بكەین بۆ ئەوەی سەركەتوو بێت، ئێمە دەزانین سەركەوتنی ئەم ئەزموونە تەنیا سەركەوتن نییە بۆ باشوور، بەڵكو سەركەوتنە بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەمڕۆ دەبینین جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی زۆر سەربڵندانە لەسەر رێبازی نەتەوەیی بەردەوامە و ئاڵای كوردستانی هەڵكردووە، ئەمەش بۆ هەموو كورد جێی شانازییە و پێویستە ئێمە شانازی پێوە بكەین و پشتگیری سەرۆك بارزانی بكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پشتگیری سەرۆك بارزانی واتە پشتگیریكردنی گەلی خۆمان، ئەمڕۆ جیهان لەسەر ئاستی ئەوروپا و ئەمریكا وەك نوێنەری 40 ملیۆن كورد سەیری سەرۆك بارزانی دەكات، مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانیش دەریخستووە كە خەتی نەتەوەیی سەردەكەوێت، ئێمە كۆتایی ساڵی هەشتاكانمان بینی كە كورد لە چ تەنگانە و زەحمەتێكدا بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرۆك بارزانی لەسەر خەتی نەتەوەیی بەردەوام بوو، سەركەوت، سەرۆك بارزانی توانی بانگەشەی سەربەخۆیی بكات و بە جیهانی رابگەیەنێت كە كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، ب كەسایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی لە بەرجەستە بونێكی ڕوحی بۆ پاراستن و پەرە پێدانی رێبازە بنەڕەتییەكانی ڕێزگرتنی ئازادی و فرەیی و لێبوردەیی دەبینرێ .هێزی مەرجەعیەتی سەرۆك بارزانی لە قوڵایی ویژدانی كومەڵگادا ڕەگی داكوتاوە كە وەكو سەرچاوەیەكی ڕوون و خاوێن بە ئارامی و حیكمەتەوە ئاودێری كوردستان دەكات بۆ زیاتر شكۆدار كردنی كوردستان،هەوڵەكانی ڕابەری نەتەوەیی بو سەروەری یاسا و دادپەروەری هەردەم هەستی بێكراوە .بۆیە جەنابیان شایەنی رێزگرتن و بشتگیری كردنە .پێویستە ئێمە هاوكار و پاڵپشتی هەنگاوەكانی بین تا بەرەو لوتكەی ئامانجە نەتەوەییەكانمان هەنگاو بنێین ..ئەمڕۆ گەلێك باس و خواست هەیە، لەمەڕ سەركردایەتی سیاسی كورد، داخوا چی بكات باشە لەڕووی ئەزموونی تایبەتی و پەیوەندییە سیاسیەكانی خۆی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە و جیهان مادام گەلی كورد خاوەن دۆزێكی رٍەوایە و چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەكەین و قوربانیی بۆ دەبەخشین و قۆناغی رزگاریخوازیمان دەربازكردووە ، قۆناغی ئێستامان شۆرشی ئاشتیانەیە كە لە رێگەی دیموكراسی و سیاسی و ئاشتیانە دێتە دی بۆیە دەبێ سەركردایەتیی سیاسی كوردستان گشت تواناكانی بخاتە گەر بۆ كاراكردن و چالاككردنی دیپلۆماسیی لە پێناو زیاتر پێداگری كردن بۆ بەدیهێنانی مافە رەوا زەوتكراوەكانمان .. بە دڵنییاییەوە داهاتووی گەلی كورد رۆشنە و پێگەی سیاسی كورد زیاتر بەرەو بەهێز چوون دەچێ لە ناوچەكەدا. هەروەها مامەڵەو پەیوەندییە دیبلۆماسی و سیاسیەكانی كاریگەرەو بە بەرهەم دار دەبێ ،بەدڵنییاییەوە هۆكاری هەموو ئەو كارەساتانەی دەیان ساڵەی رابردوومان بێ دەوڵەتییە بۆیە تا گەلی كورد نەبێ بە خاوەن قەوارەیەكی سیاسی سەربەخۆ، ئەوا بەردەوام لە ژێر هەرٍەشە و گوشار دایە لە دونیای سیاسەتدا هەر وەك ئینگلیزەكان جەختی لەسەر دەكەنەوە دۆستی هەمیشەیی دوژمنی هەمیشەیی نییە، بەڵكو بەرژەوەندی هەمیشەیی هەیە. پێگەی كورد لەسەر ئاستی ناوچەكە دوای ئەزموونی خۆ بەڕێوەبردن و فیدڕالی و مایەی سەرنج و بەهەند وەرگرتنە لە چوارچێوەی چەمكەكەدا. كاركردن لەسەر پڕۆژەی سەربەخۆیی قەوارەی سیاسی لەیەك كاتداو پەیوەندی دەرەكی و دەستێوەردانی دەرەكی رۆڵی ئەكتیڤ دەبینن. لە مێژووی سیاسی وڵاتاندا، نموونە هەیە وڵاتێك بەهۆی پێگەی ستراتیژی ئابووری و بازرگانی لە لایەن زڵهێزێك پشتیوانی كراوەو وەك وڵاتێكی سەربەخۆ ناسراوە. هەرگیز كورد بە تەنیا كار لەسەر ئەم پڕۆژەیە ناكات، كۆمەڵە لایەنێكی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەن رۆڵیان هەیەو كار لەسەر پڕۆژەكە دەكەن و بە پێچەوانەش، بەڵام یەكەم و دوا بڕیار هەر بۆ كورد دەگەڕێتەوە، گۆڕەپانی یاریی نییە وەك هەندێ كەس وای لە قەڵەم دەدەن، كە دەرئەنجام تەنیا دەوەستێتەوە سەر گۆل لە كاتی دیاری كراو، بەڵكو مەدێكی زەمەنی و داڕشتن و بیانكردنن لە پێشەوە كێشەكە لە مەسەلە بنەڕەتییەكاندا كۆكراوەتەوە، لە خاڵە سەرەكییە گرنگەكاندا لەوانەش گوتاری سیاسی و نەتەوەییو ئاسایشی نەتەوەیی، ئابووری نەتەوەیی لێكگرێدراوە بە سیستەمی چەكداری بە هەموو لق و جۆرەكانیەوە، لەبەر ئەوە سەختتر لە بوون بە قەوارەیەكی سەربەخۆ، بە سیستەماتیكردنی كۆمەڵگەو سیستەمی سیاسییەوە، كاركردنیش لەسەر ئەو پڕۆژەی بونیادنانی سیستەم چ لەڕووی سیاسی و دیبلۆماسیو ئابووری و كۆمەڵایەتی و دەروونی، كۆمەڵە پرۆژەو پلانێكی دیكەی زانستی و ئەكادیمی و ئەقلانی، هەر لە نێواندا و سەنتەرو بنكە زانستی و سیاسییە ستراتیژییەكان تا دەگاتە بەشداری و هۆشیاریی تاكەكەس و بە ئەكتیڤكردنی رۆڵی هاووڵاتی و ئینتیمایان بۆ خاك و نیشتیمان، بەڵام بە هەمان رێچكەی متمانەو بە دەستهێنان و جێ پێ قایمكردن. سیاسەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دەوروبەرو جیهان خاڵێكی ستراتیژییو نەگۆڕە، پێوستە لەو شۆرشەی كە ئێمەی كورد لە پێناو بەدیهێنانی دەوڵەتی كوردییە بەرپامان كردووە زیاتر هەوڵە سیاسی و دیپلوًماسییەكان زیاتر كارا بكەین بۆ گەیشتن بە دەوڵەتیی كوردی.. زڵهێزان گەورەترین هەڵەیان كرد كاتێ خاكی كوردستانیان بە هۆی بەرژوەندییە تایبەتییەكانی خۆی لە ت لەیت كرد ،چونكە لەو كاتەوە تا بە ئەمرٍۆ ناوچەكە ئاشتی و سەقامگیری بە خۆیەوە نەبینیووە .پەیمانی سیڤەری ساڵی 1920مافی دامەزراندنی دەوڵەتی بەگەلی كورد لەباكورو باشوری كوردستان بەخشی بوو، بەڵام بەرژەوەندی زلهێزەكانی دوای جەنگی یەكەمی جیهان وایكرد كە لەپەیمانی لۆزانی ساڵی 1923دا لەپێدانی ئەو مافە بەگەلی كورد پەشیمان ببنەوە.لەوكاتەوە پرسی گەلی كورد لەپرسێكی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییەوە بوو بەپرسی ناوخۆیی ئەو دەوڵەتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكرابوو.لەو كاتەوە خەباتی نزیكەی یەك سەدەی گەلی كورد لەناو سنووری دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستاندا هەر دروشمو ناوونیشانێكی هەبوبێ لەگەوهەردا بۆ سەربەخۆییو دامەزراندنی دەوڵەتی خۆماڵی بووە..كوردستانی باشور لەبەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی لەپێش پارچەكانی دیكەوەیەو سەرباری ئەوەی بەشێكی فراوانی باشور لەساڵی 1992ەوە ئازادەو خاوەن حكومەتو پەرلەمانی خۆیەتی.كیمیاباران،ئەنفال و بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوە و ئابڵوقەدان و سزادانی میللەتی كورد ،ئەزموونەكانی زیاتر لە 90ساڵی گەلی كورد لەگەڵ حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا ئەو راستییەی سەلماند كە كێشەكانی ئەم گەلە لەرێی ئۆتۆنۆمیو فیدراڵییەوە چارەسەر نابێتو پێویستی بەوە هەیە وەك هەموو گەلانی دیكەی جیهان بەمافی چارەنوسی خۆی لەدامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا شاد بێ.
رێگاكانی گەیشتن بەسەربەخۆیی زۆرن، بەڵام كورترین رێگا رێگای بەغدایە، بەوەی كە قەناعەت بە نوێنەرانی عەرەبی سوننەو شیعە بهێنرێ كەرێگری لەدروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان نەكەنو پشتیوانی بكەن كە مایەی كۆتایی هاتنی كێشەكانو لەقازانجی هەردوو گەلی كوردو گەلی عەرەبدا دەبێت.
ئەزموونی جیابوونەوەی باشوری سودان ئەزمونێكی زیندووە كە دەكرێ سوودی لێوەبگیرێ، ساڵی 2005 عومەر حەسەن بەشیری سەرۆك سودانو جۆن گەرەنگی سەرۆكی بزووتنەوەی گەلیی رزگاری سودان رێكەوتننامەی نیفاشایان ئیمزا كرد بۆ دامەزراندنی سودانی نوێ لەماوەی شەش ساڵی قۆناغی ئینتقالیدا، ئەگەر ئەوەیان بۆ نەكرا گەلی باشووری سودان لەرێی راپرسیی گشتییەوە چارەنووسی خۆی دیاری بكات.ئەوەبوو لەماوەی شەش ساڵی ئینتقالیدا نەیانتوانی تێزی سودانی نوێ بەرجەستە بكەن. ئەوەبوو لەمانگی كانوونی دووەمی 2011 دا رێگە بەگەلی باشوری سودان درا لەرێی راپرسیی گشتییەوە بڕیاری دیاریكردنی چارەنووسی خۆی بداتو گەلی باشوری سودان بەراپرسیی چارەنووسی خۆی دیاری كردو بڕیاری سەربەخۆیی خۆی داو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشوازی لەو بڕیارە كردو دەوڵەتی باشوری سودان بووە 193 هەمین دەوڵەتی ئەندامی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان.
گەلی باشوری كوردستانیش هەموو شێوازەكانی پێكەوەژیانی لەئۆتۆنۆمیو فیدراڵی لەعێراقی كۆنو تازەدا تاقی كردەوە، دەركەوت هیچ یەكێك لەو شێوازانە كێشەی نەتەوەیی ئەم گەلەیان پێ چارەسەر نەكرا.ئێستا میللەتی كورد خاوەن دەنگی میللەتە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان،چونكە ئیتر هیچ هیوایەك بۆ مانەوە لەگەڵ رژێمێكی ستەمكار و چەوسێنەری وەك بەغدای مەزهەبی ،تائیفی و شۆڤێنی نەماوە .هەروەها تا كورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیی نەبێ ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوین ئاشتی و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.