دابەشکردنی کۆمەڵگا و مەترسیەکانی
August 1, 2018
وتار و بیروڕا
لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوودا برایم ئەحمەد بەناوی پێشکەوتن و مارکسی بوونەوە شۆڕشی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کرد، ئەوەش دەرگای بە رووی دوژمناندا کردەوە و باڵی برایم ئەحمەد کەوتە ناو هەراجخانەی داگیرکاران و هەر رۆژە و داگیرکارێک بۆ خۆی دەبرد، تا سەرئەنجام خۆی و باڵەکەی بوونە بەشێک لە هێزی دوژمن و لەوانیش گەرمتر کەوتنە شەڕی پێشمەرگە و باڵی سەربەخۆخوازانی کوردستان.
لە ساڵی ٢٠٠٩ جارێکیتر نەوشیروان مستەفا بەناوی گەندەڵی و قوتی خەڵک کۆمەڵگای کوردی دابەش کرد، ئەو دابەشکاریە هیچی لە دابەشکاریەکەی برایم ئەحمەد کەومتر نەبوو، چونکە لە کوردستان بەناوی خۆپیشاندان و داواکاری خەڵک کەوتە ئاژاوەگێڕی و هاندانی مێرمنداڵان بۆ سووتاندن و هەڵکوتانە سەر نەیارەکانی، بەناوی نوێنەرایەتی خەڵکیش هەندێ دەمشڕ و هەڵوەڕی ناردنە بەغدا و عێراقچێتیان پێش کوردایەتی خست و تەنانەت کوردایەتی و بەرگری کردن لە ماف و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانیان بە تاوان و خیانەت دەزانی.
دوای ئەو دوو شکست خواردنەی بەرەی دژە کوردایەتی و سەربەخۆیی کوردستان، ئێستا شاسوار عەبدولواحید بەناوی نەوەی نوێ و نەوەی کۆن هەوڵی دابەشکردنی کۆمەڵگا دەدات، ئەوەی جێگای پرسیارە هەموو ئەو کەس و دەستە و گرووپانەی هەوڵی دابەشکردنی کۆمەڵگای کوردەواری دەدەن سەر بە خێڵی فکری و سیاسی برایم ئەحمەدن، برایم ئەحمەد خۆی بە کردەوە دژی سەربەخۆیی کوردستان وەستا و شان بە شانی هێزی داگیرکاران دژ بە خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان جەنگا، نەوشیروانیش دەیگوت: سیستەمێکی هاوشێوەی سیستەمی (بەغا)مان دەوێ و نوێنەرانیشیان لە بەغدا بوونە پارێزەری یەکپارچەیی خاکی عێراق و بۆ رێگری کردنیش لە سەربەخۆیی کوردستان ئەوەی پێیان کرا کردیان, شاسواریش لە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەریخست کە وەجاخزادەی سیاسی برایم ئەحمەد و نەوشیروان مستەفایە.
بەو سێ دابەشکاریەی کۆمەڵگای کوردەواری و هەڵوێستی داگیرکارانی کوردستان، دەبێ هەموومان لەو راستییە بگەین کە ئێمەی کوردی خاک داگیرکراو و ژێردەستە بە چەپ و راستمانەوە، بە ژن و پیاومانەوە، بە نەوەی نوێ و کۆن و ناوەڕستمانەوە، یەک چارەنووسمان هەیە و لە کوشتوبڕیشدا جیاوازیمان پێ نەکراوە، دەبێ لەوەش بگەین کە تەنها کوردایەتی کردن و سەربەخۆیی کوردستان دەتوانێ برینەکانی مێژوو سارێژ بکا و داهاتوویەکی بێ دووبارە بوونەوەى کارەساتەکان مسۆگەر بکات، بۆیە پێویستە هەموومان دەست بە ئەڵقەی کوردایەتی و یەکڕیزی ناوماڵی کوردەوە بگرین.