پێویستمان بە ھەبوونی وتارێکی پەروەردەیی ھەیە لە قوتابخانەکان

پێویستمان بە ھەبوونی وتارێکی  پەروەردەیی ھەیە لە قوتابخانەکان
فەیلەسوفی بەناوبانگی یۆنانی سوکرات دەلێ" پەرورەدەی رەوشتی بۆ مرۆڤ گرنگترە لە نان و جل و بەرگ".
واتە نان و جل و بەرگ چەند گرنگ بێت بۆ مرۆڤـــ ئەوا پەروەردە کردنی رەوشتی کەسەکان گرنگترە. لە روانگەی ئەو ووتەیە دەردەکەوێت پەروەردەکردنی تاکەکان لە ھەموو شتێ گرنگترە بۆ درووست کردنی کەسێک کە مرۆڤ و خاک و نیشتیمانی خۆش بوێت و بیپارێزێ و دژی ناکۆکی و دووبەرەکی و توند و تیژی و تیرۆر بێت، ووردتر بلێم مەبەستم لەو ووتارە ئەوەیە تیشک بخەمە ئەو رووداوەی ھەفتەی رابردوو لە ی تەمموز لە شاری ھەولێر روویدا کە سێ گەنجی قوتابی قۆناخی ئامادەیی بە چەکەوە چوونە ناو بینایەی پارێزگای ھەولێر، کە زرۆ شت ھەڵدەگرێ ئەو ھەموو رق و کینەیە چی بووە پاڵیان بەو سێ گەنجە ناوە کە بە چەکی سادە بچنە ناو پارێزگا و ھەوڵی کردەوەی تیرۆرستی بدەن و شارو خۆشی ژیان لە ھاووڵاتیان بشێوینن و زیان لە خەڵکی تر بگەیەنن و کۆتایش بە ژیانی ئەوان بێت. دەپرسین بۆ دەبێ ئەو رووبدات ؟
ئەو ھەموو رق و کینە و ناحەزی و دووژمندارییە بۆ لە ناخت ھەڵت گرتووە؟ بۆ ئارامی شارێک تێک دەدەی ؟ بۆ بەو جۆرە کۆتایی بە ژیانی خۆت دەھێنی ؟ کە مایەی شەرمەزارییە !!
ئەوەی من دەمەوێ باسی بکەم لە بەر ئەوەی ئەوان قوتابی بوون ، رۆڵی پەروەردە و قوتابخانە چی بووە ؟ لە پەروەردە و فێرکردنیان !! کە دژی تیرۆر و ئاژاوە گێری بن ئایا وەزارەتی پەروەردە لە رێگای کەناڵە جۆراوجۆرەکانی پەروەردە و فێرکردن تا چەند توانیویەتی تاکێکی درووست و تەندروست بێنێتە بەرھەم لە پرۆگرامەکانمان لە قوتابخانە لە فەلسەفە و دیدگای وەزارەتی پەروەردە تا چەند کار لەسەر پێگەیاندنی نەوەیەکی درووست و بێ کێشە دەکەین، تا چەند توانیومانە نەوەیەکی پڕ بە ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەیی پێبگەیەنین؟
گرنگە وەزارەتی پەروەردە ھەڵوەستەیەکی جددی بکات لە پرۆگرامەکانی خوێندن لە چۆنیەتی بەرێوەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە قوتابخانەکان پێداچوونەوە بکرێت بە کۆی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە کرداری راستەقینە کەچەقی قورساییمان تێگەیاندن و پێگەیاندن و پەروەردەکردنی نەوەیەک بێت خاک و نیشتمانی خۆش بوێت دژی ئاژاوەگێری و دووبەرەکی و تێکدانی ئاسایشی ھاووڵاتیان بێت و خۆی خۆش بوێت و ھاوونشتیمانیانی خۆش بوێت، بەردەوام کەسانی میانڕەو و تەندروست بێنێتە بەرھەم . کاتی ئەوە ھاتووە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و کەسانی بەرپرسی باڵا ھەفتانە ووتارێکی گشتگیر و یەکانە ھەبێت و گەشتاندنی بۆ بکرێت بۆ سەرجەم پەروەردەکان و قوتابخانەکان ، کە وانەیەک تەرخان بکرێت ھەفتانە بۆ خوێندنەوە و شیکارکردنی ووتارەکەی وەزارەت، بەڵام پێویستە ووتارەکە گرنگ بێت و ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت لەلایەن لێژنەی تایبەتمەند و پسپۆر کە باسی مەترسیەکانی تیرۆ بکات و پێویستی نەھێشتنی تیرۆر بن بۆ بن بڕکردنی و روونکردنەوەی بیری توندو تیژی و دووبەرەکی تا چەند زیان بە ھاوونیشتیمانیان و کۆمەڵگە دەگەیەنێت و باسی لێبوردەیی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و ئاینەکان بکرێت، وە جەخت لە سەر گرنگی ئەمن و ئاسایشی ھاووڵاتیان و رۆڵی ھاووڵاتیان لە بەشداری کردن لە سەر پاراستنی ئەمن و ئاسایش و ھاوکاری کردنی دەزگاکانی ئاسایش و وەزارەتی ناوەخۆ بۆ پاراستنی ئاسایشی ھاووڵاتیان و پاراستنی نیشتیمان و بەرەنگاربوونەوەی پروپاگەندەی نەشیاو مەترسیدار کە زیان بە ئاسایشی نەتەوایەتی بگەیەنێت ، ھەر لە ووتارەکاندا زیاتر جەخت لە سەر خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتیمان و زیندووکردنەوە و بەرز راگرتنی ھەستی نەتەوایەتی و نیشتیمان پەروەری و رێزگرتن و بەرزراگرتنی رۆڵی پیشمەرگە قارەمانەکان لەسەر پاراستنی خاکی کوردستان و رۆلی برا ئاسایشەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ھاووڵاتیان و ئەو ھەموو قوربانیەی کە دراوە بۆ پاراستنی کوردستان و بەرز نرخاندنی خوێنی شەھیدە سەربەرزەکانمان، ھەروەھا جەخت لە سەر رێزگرتنی رایە جیاوازەکان لێبوردەیی و رێزگرتنی بیرو بۆچوونەکان و سەروەری یاسا و بەرز راگرتنی و پاراستنی خاکی کوردستان و چەندەھا بنەما و پرەنسیپی پێکەوە ژیان و دیموکراسی و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتیمان و ھاووڵاتیان و پاراستنیان. بێگومان بوونی ئەو ووتارە ھەفتانە کە ھەر جارەی بە دارشتنێکی جوان ، بێگومان ھەنگاوێکی زۆر باش و پێویستە کە بەرپرسیاریەتی جێ بەجێ کردنی دەکەوێتە ئەستۆی ھەموومان لە ماڵ و خێزان و کەس و کاری قوتابیان و کادیرانی وەزارەتی پەروەردە کە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی کوردستان پێک دەھێنن کە بریتین لە مامۆستایان و کارگێڕییەکان و سەرپەرشتیاران و قوتابیان بەگشتی، جارێکی تر جەخت لە سەر گرنگی رۆڵی وەزارەتی پەروەردە دەکەمەوە کە ئەرکی پێگەیاندن و تێگەیاندنی نەوەیەکی کارا و بە سوودە بۆ کۆمەڵگە بێ ئەوەی زیان بە خەڵکانی تر بگەیەنێت.

بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top