لەلای حزبەکانی سلێمانی بەهارە

لەلای حزبەکانی سلێمانی بەهارە
ئەمڕۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژ کردنی بارزانیەکان بوو، کام کۆمەڵکوژ؟ ئەو کۆمەڵکوژیەی کە تەنها رەگەزی نێری گرتەوە، ئەوەش چەند ئامانجێکی مەترسیداری لە پشت بوو، چونکە کومەڵکوژ کردنێک تەنها یەک رەگەز بگرێتەوە زۆر ئاسەواری خراپتر لەو کۆمەڵکوژیە لە دوای خۆی جێدێڵێ کە هەردوو رەگەز بگرێتەوە، ئەو کۆمەڵکوژیەی بارزانیەکان لە یەک کاتدا سێ چیرۆکمان بۆ دەگێڕتەوە.
چیرۆکی یەکەم پێمان دەڵێ کە دوژمنان بەو کۆمەڵکوژیە مەدالیای شۆڕشگێڕی و کوردپەروەریان بە گەردنی بارزانی بارزانیەکاندا هەڵواسیوە، چونکە بە درێژایی مێژوو نەبینراوە و نەبیستراوە دوژمنان شۆڕشگێڕان و سەربەخۆخوازان خەڵات بکەن.
چیرۆکی دووەم دڵ رەقی داگیرکارانی کوردستان دەردەخات بەرامبەر بە هەموو ئەو کەس و دەستە و گرووپانەی کە دژی داگیرکاران و لە پێناو سەربەخۆیی وڵاتەکەیان جەنگاون، هەر کەسێکیش گومانی لەو راستییە هەیە دەتوانێ بۆ مێژووی بەرخودان و قوربانیدانی بارزانیەکان بگەڕێتەوە.
مەترسی گەورە لە چیرۆکی سێیەم دایە، ئەمڕۆ ٣١ی تەموز ساڵیادی کۆمەڵکوژی بارزانیەکان بوو، ئەوەی جێگای سەر سوڕمانە هەموو ئەو حزبانەی سەری زمان و بنی زمانیان موزایەدە کردنە بە ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان، بە تاکە وشەیەکیش باسی ئەو کارەساتەیان نەکرد، لێرەدا لەو موزایەدەچیانە دەپرسم: ئایا بارزانیەکان کورد نەبوون و بە درێژایی مێژوو لە سەنگەری بەرگری کردن لە کوردستاندا نەبوون؟ ئایا بەعس ئەوانەی کۆمەڵکوژ نەکردن؟ ئایا باس نەکردنی ئەو تاوانە دەست خۆشی کردن نییە لە تاوانکار و هاوسۆزی و هاوبەڵێنی نییە بۆ داگیرکاران و رەوایی دان بە هەموو ئەو تاوانانەی کە دژ بە خەڵکی کوردستان کراون؟
Top