ماف وئامانجی دەوڵەتبوونمان بۆ ئاشتی و سەقامگیری و پێكەوەژیانە..

ماف وئامانجی دەوڵەتبوونمان بۆ ئاشتی و سەقامگیری و پێكەوەژیانە..
خەیات دەیان ساڵەمان جگە لە رزگاریخوازی و گەراندنەوەی مافەزەوتكراوەكان و دەوڵەتبوونی كوردی بۆ ئەوە نەبووە كە خاكی نەتەوەیەكی تر داگیر بكات بە پێچەوانەوە گەلی كورد هەمیشە لەگەڵ پێكەوە ژیان و ئاشتیخوازی و سەقامگیری بووە و بەكردەوەش سەڵماندوێتی. بۆیە ئێمە خۆراگریمان كرد ،قوربانیمان دا و دەبەخشین لە پێناو پاراستنی شكۆ وئیرادەی كورد وكوردستان بووە نەك هیچ تر.گەلی كورد و بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان زۆر هەوراز و نشێویان بڕیوە، زۆر كارەسات و كۆمەڵ كوژی و غەدر و ناهەقی مێژووییان بەسەر بردووە و كوردستانێتی و خۆشەویستی گەل و نیشتمانیان لەبیر نەكردووە و نەدۆڕاندووە.ڕاستە سەركردەكانی ڕاستەقینەی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستانیش بەپێی ڕۆڵی خۆیان لەو مێژووە پڕ لە چەوسانەوە و ناهەموارە هەڵەی خۆیان كردووە و زۆرجاریش دانی پێدا نراوە. ئەگەر خۆشیان دانی پێدا نەنێن ئەوا مێژوو دانی پێدا ناوە، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز گەلی كوردستان و بزاڤەكەی خۆ بەدەستەوەدانی نەكردووە بەبژاردە، نە لە رووی سیاسی و نە لە ڕووی سەربازی و نە لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە، كە ئەو بژاردەیە وەكو ئەلتەرناتیڤێك بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ دوژمنانی ئەم گەل و وڵاتەدا مامەڵەی پێوە بكرێت.مێژووی خەباتی رابردوو وئێستاشمان سەڵماندوێتی و پیشانی داوە ، ئەوەی ئەو ئەلتەرناتیڤەی هەڵبژاردبێت، جێگەی زبڵدانی مێژوو بووە و گەل و نیشتمان ڕسوای كردووە و چۆتە ڕیزی خائینانی گەل و نیشتمانەوە.ئایا سەركردە سیاسییەكانی عێراقی ئەمڕۆ ئەوە نازانن؟ كە هیچ هێزێك نەیتوانیوە شكۆی گەلی كوردستان بشكێنێ و وورە و تینی خەبات و تێكۆشانی لەناوبەرێت؟ گەلی كوردستان لە ژێر هیچ گوشار و زەبرو زەنگێكدا دەستبەرداری مافەكانی خۆی بووە سەرانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا و ئایندەش ئەوە بزانن كە ئیرادەی گەلی كوردستان شورەیەكی پۆڵایینە و هیچ هێزێك ناتوانێت ئەو شورە پۆڵایینە بڕوخێنێت.كلكە خۆجێیەكانی دەوڵەتی عێراق، كە لە كوردستانن جا لە ژێر هەرچی ناوێكدا بن. جگە لە ڕسوابوون و ڕووڕەشی هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە.گەلی كوردستان خولیای ئازادی و سەربەخۆیییە، هەر لە دێر زەمانەوە و ئەم خولیا و خواستە ڕەوایەش. هەڵقوڵاوی هەلی لەبار و نالەباری سیاسی و جیۆسیاسی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، بەڵكو خواستێكە و مافێكە و سەدان هەزار شەهید و دەربەدەر و زیندەبەچاڵ و دێ سوتاندن و تاڵان كردن بوونەتە خۆراكی ئەم ئازادییە بۆیە هەر دێتە دی و گەلی كوردستان بە هەموو مافێكی خۆی دەگات وەكو هەموو گەلانی جیهان و كوردستانی سەربەخۆش ئامانجی سەرەكی ئەو خەباتە دوور و درێژەیە، كە بە درێژایی مێژوو ئەم گەلە ڕۆژێك لە ڕۆژان بژاردەی خۆبەدەستەوەدانی هەڵنەبژاردووە.خەباتی گەلی كوردستان ، لە پێناو وەرگرتنی پۆست و پایە لە بەغدا نییە بەڵكو لە پێناو گەرٍاندنەوەی مافەزەوتكراوەكان بۆ ئازادی و سەرفرازی و سەربەخۆییە.ئەنجامی بە زۆر لكاندنی خاكی باشووری كوردستان بە عێراقی دروستكراو نەهامەتی و ماڵوێرانی و زوڵم و ستەمكاری زۆری تا بە ئەمرٍۆ بۆ گەلی كورد لێكەوتەوە لە هەمان كاتیشدا ناوچەكە و خودی عێراقیش هەست بەو تاوانبارییە و هەڵە مەزنە دەكات و دەسەڵات بە دەسەڵات زیانی گەورەی بە پەیوەندی نێوان هەر دوو نەتەوەیی كورد و عەرەب گەیاندووە . بۆیە حوكمرٍانی نۆ دەیەی عێراق نمونەی دەوڵەتی فاشیلە بەهەموو پێوەرەكان، بەدرێژایی سەدەیەك سەقامگیری بەخۆیەیەوە نەدیوە، گرنگترینیش فاكتەری ناسەقامگیری عێراقیش بریتییە لە مانەوەی دەوڵەتی ناوەندگەرا بەجۆرێك كە ئەم ناوەندگەراییە بووەتە مۆتەكەی مانەوەی عێراقی یەكپارچە بەهەموو كەم و كورتیەكانیەوە، ئێستا هەندێ نمونە باس دەكەین تا ڕوون بێتەوە كە چۆن دووبارە بونیاتنانەوەی دەوڵەتی ناوەندی بووەتە گرفت لەبەردەم سەقامگیربوونی عێراق، ڕژێمی عێراق هەر لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە نەیویستووە گرفتە گەورەكەی كێشەی كورد چارەسەر بكات، بەجۆرێك كە هەر لەسەردەمی یەكەم نەخشەی داگیركاری سایكس – پیكۆ وە لە 1916 تا 2017 دوای سەركەوتنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕژێمی عێراق دووبارە گەڕایەوە بۆ خاڵی سفر لەچارەسەری بنەڕەتی كێشەی كورد كە بەنزیکەیی تێچووی ماددی كپكردنەوەی شۆڕشی گەلی كوردی خۆی لە خەرجی 250 میلیارد دۆلار دەدات، هەروەها زیانی گیانی نزیكەی یەك میلیۆن كەس لەهەردوولا، ئەمە جگە لەوەی عێراق لەساڵی 1974 لەگەڵ شای ئێران ڕێكکەوتنی جەزائیریان ئیمزاكرد، كە لەبەرامبەر كپ كردنەوەی شۆڕشی كوردی بەشێكی خاكی خۆی دابە ئێران، هەرئەوەش بوو دواتر بووە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، پاشان دەوڵەتی عێراق بە نابژیوانی نێودەوڵەتی كۆتایی بە جەنگ هێنا، بەڵام ئەم دەوڵەتە جارێكی تر پەلاماری كوەیتی دا و دووبارە جیهانی ناچاركرد بەزەبری هێز لەو وڵاتە وەدەری بنێن، گەلی كوردیش سود لەو دەرفەتە وەرگرێت حوكومەتێكی لۆكاڵی لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنێ، دواتر پرۆسەی ئازادی عێراق هاتە پێشەوە، ئەو گرفتەی كە چەندین ساڵ عێراق بەدەستیەوە دەیناڵاند، دەبوایا لەو پرۆسەیەدا چارەسەر بكرایا، بەڵام دووبارە ئەمریكا پشتگیری دەوڵەتێكی ناوەنگەرایی لە عێراق كرد، بەمەش دووبارە عێراقی گەڕانەوە بۆ سەرەتای ململانێكان، دووبارە عێراق كەوتەوە ململانێی قەومی و تایفی، بۆیە ئەم عێراقەی دوای رووخانی رژێمی سەدام خراپترین جۆری عێراقە، بڕیای ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان تاكە ئەلتەرناتیڤ بوو بۆ دروستكردنی دوو دەوڵەتی سەقامگیری عێراق و كوردستان ، ئەمە ئەو بەدیلەیە كە سەرۆك بارزانیی هەمیشە جەختی لێ‌ كردۆتەوە ، كە پێوستە گشت كێشەكان بەئاشتی و رێگەچارەی دیموكراسیانە كە مەبەست ریفراندۆمی سەربەخۆیی بوو و گەلی كوردستانیش بەرێژەی %93 لە سەدا دەنگیان بە سەربەخۆیخوازی دا كە بە گونجاوترین چارەسەری یەكجاری نێوان هەولێر و بەغدا هەژمار دەكرێ‌ و ئەمرٍۆ یا سبەی جێبەجێ دەكرێ‌.خوێنی شەهیدان و ماندووبوونی پێشمەرگە، مێژوو،شكۆ و كەرامەتی رابردوو و داهاتوومانە.. هەموو سەروەت وگەنجینەی دونیا ناگاتە دڵۆپە خوێنێكی شەهیدێك و ماندووبوون و قارەمانیی و شەونخونی و گەرما و سەرمابوونی پێشمەرگەیەك ..خوێنی شەهیدان هەوێنی رزگاریخوازی و ئازادی و سەربەخۆیی خوازی و شكۆ و كەرامەت و گەورەیی كورد وكوردستانە لە مێژوویی رابردوو و ئێستا وداهاتوومان ..پێشمەرگە، ئەو رەمز و سیمبولەیە كە هەموو خۆشییەكانی دونیایی بۆ گەلەكە و هەموو ناخۆشییەكانی بۆ خۆیی قبوڵكردووە و دەكات تا گەل و وڵاتی سەرفراز و سەربڵند بێ‌ و هیچ كاتێ‌ نەچەمێتەوە ..بۆیەـ دەبێ‌ لە پێشمەرگە فێری خۆشەویستی گەل و نیشتیمان بین ، فێر بین كە چۆن خزمەتكاری میللەتەكەمان بین لە پێناو خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی تاكی كورد تێبكۆشین ،لووتبەرزی و ماڵ و سامان كۆككردنەوەی وەلاوە بنێین و خاكە رێبین و ئەو كاتە دەتوانین بەهێز و سەركەوتووبن..بۆیە دەبێ‌ پێشمەرگە ئاسا لە پێناو سەرفرازیی و پێشكەوتن و سەربەخۆیی كوردستان تێبكۆشین و ئەوسا رۆحی شەهیدان ئاسوودە و ماندووبوونی پێشمەرگە قارەمانەكان دەحەسێتەوە . ئێمەی كورد بە بەخشینی زەریای خوێن و قوربانیدان هەمووكات لەگەڵ ئاشتی و سەقامگیریداین ودەمانهەوێ خاوەنی خاك و نیشیتمانی خۆمان بین ،ئەوەش باشترین رێگەیە بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان و سەقامگیری ..
Top