خەونی نەتەوەیی و خیانەتی حزبی
July 28, 2018
وتار و بیروڕا
دوای دەرکەوتنی ئەو راستییە نێتی خراپی داگیرکارانی بەغدا و هەوڵی سەربەخۆخوازانی کوردستان بوونە کار و کاردانەوە، بۆ یەکلا کردنەوەی ئەو بەریەککەوتنەش سەربەخۆخوازان هاتنە سەر ئەو رایەی بگەڕێنەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان، لە بەرامبەریشدا داگیرکارانی کوردستان بە هاوکاری وڵاتانی هەرێمی و هەماهەنگی دژە سەربەخۆکانی ناوخۆ کەوتنە پیلانگێڕان، بۆ ئەو مەبەستەش پیلانەکانیان بەسەر دوو قۆناغدا دابەش کردن.
قۆناغی یەکەم:ــ ئەو قۆناغە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر و بە فرۆشتینی کەرکوک دەستی پێکرد، وەک لە پیلانەکەدا هاتبوو دەبوایە هەولێریش بگیرێ و حکومەتی هەرێم ئەگەر بشمێنێ وەک حوکمی زاتیەکەی سەردەمی سەددام حوسێن بکرێتە کارتۆنی و خۆفرۆشەکان بە دەستکەوتی خۆیانی ناوبەرن، بەڵام ئەو قۆناغە لە پردێ و لەسەر دەستی کوڕانی سەربەخۆخواز شکستی پێهێنرا.
قۆناغی دووەم:ــ دوای شکستی قۆناغی یەکەم قۆناغی دووەم دەستی پێکرد، لەو قۆناغەشدا پیلانی لەناو بردنی حکومەتی هەرێم دانرابوو، دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر چەند حزبۆکەیەک پێیانوابوو حکومەتی هەرێم کۆتایی پێهاتووە و ئەگەر زوو نەگەنە دیوانی عەبادی و ناسنامەی خیانەتکاری نەخەنە بەردەمی، ئەوا بەشیان دەبڕێ و دەستکەوتی حزبییان پێنادرێ، بە هەڵەداوان خۆیان گەیاندە لای عەبادی و داوای مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانییان کرد و بەس، بەڵام عەبادی لەوە گەیشتبوو کە کێشەی کورد لە دەستی ئەو مووچەخوازانەدا نییە و بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانیش کێشەکە کۆتایی پێنایات، چونکە باش دەیزانی کێشەی کورد کێشەی نەتەوەیەکی ژێردەستەیە و چارەسەریشی لە دەستی ئەو رەوتە نەتەوەییە دایە کە دەیان ساڵە بۆ سەربەخۆیی کوردستان خوێن دەبەخشێ و قوربانی بەردەوامی بۆ دەدات.