سیناریۆی پارتی و تیرۆر

سیناریۆی پارتی و تیرۆر
بەو پێیەی پارتی باڵادەست و خودان پێگەی جەماوەری و بڕیاردەری سیاسی هەولێری پایتەختە، پێشوتر خزمەتکردن بەو شارەو زەمینەی پێکەوە سازانی سیاسی و پێکەوە ژیانی ئیتنی و دینی و هەروەها توندوتۆلی دیواری ئەمنی شارەکە لە کاتێکدا کەمتر لە ۳۰کیلۆمەتر نێوانی بوو لەگەڵ دەسەڵاتی گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی جیهانی، کەرەسەیەک بوون کە پارتی لەسەرو بەندی بانگەشەی هەلبژاردنەکان بیری خەلکی شایستەی باشترینی هەولێری دەخستەوە.
رووداوەکەی دوێنی سەر پارێزگای هەولێر، بەپێی هەموو لێکدانەوەکان کردەیەکی تیرۆریستی بوو کەئامادەکاری پێشوەختەی بۆکراوە، کارەکتەرەکانی نێو ڕووداوەکە بەو پێیەی سنێل بوون، پێویستە بپرسین چۆن فێری تەقەکردن و ئەو شێوە هێڕشبردن و کوشتن بوون؟ چەکەکانیان چۆن دەست کەوت؟ بۆمبی دەستی چۆن فێربوون بیتەقێنن؟ هەڵبەت ئەوە ڕوونەو بەلگەیە کە لەکوردستان فابریکەی بەرهەم هێنانی بیری توند ئاژۆی لەکارەو، باکگراوەندە ئیسلامیەکەشیان زەمینەی بۆ لەبارترکردون کە جگە لە پەروەردەکردنیان ئەوە ئاسان دەستیان بەچەک ڕابگات.

بۆچی هێڕشیانکردە سەر پارێزگا؟ هەڵبەت لەبەرئەوەی پارێزگا دەکەوێتە سەنتەری شار، هامشۆی زۆرو بەردەوامی هاوڵاتیان بۆ ئەو شوێنەو ڕەنگە ئاسانی بڕینی پرسگەکانی پۆلیس لە پێشتر خوێندنەوەی بۆکرابێت و بەهەڵ وەرگیرابێت بۆیە ئەو شوێنە دیاری کراوە، ئەگەر سەیری تابلۆی تاوانەکە بکەین بیرۆکەی پشت پەروەردەکرنی ئەو سنێلانەو هەڵبژاردنی پارێزگا بۆ کردەی تیرۆریستی گەورەترە لە ڕووداوی کوشتنی سێ تیرۆریست.

شەهید بوونی کوردستانیەکی مەسیحی و بریندار بوونی چەند کارمەندێکی هێزە ئەمنیەکان و زیانی ماددی سەر بینایەی پارێزگاو و درووستکردنی ترس لە دەروونی هاونیشتیمانیانی خۆت، کوشتنی سێ سنێلی شارەکە، ناکرێت و ناشێت بخرێتە نێو هیچ چوارچێوەیەکی سیناریۆیی ئەگەر ویژدانتان هەبێت.
سەیرکەن ئەوانەی بە سیناریۆ ناوی دەبەن تەنها ئەوانەن کە لە بەرامبەر پارتی شکستیان هێناوە لە خزمەتکردن بەکوردستان و بەدەستهێنانی ئۆکەی هەولێریەکان، ئەگینا چاک دەزانن کە ژینگەی کوردستان بیری توند ئاژۆی بەهۆی ئیسلامیەکان لەنێو دوو کەوانە، گەشەی چاک دەکات و ئەو تێفکرینەش کڕیاری باشی هەیە، هەروەها لۆکەیشنی کوردستان کە نزیکە لەناوچە گەرمەکانی جولەی تیرۆر، دیسان هاوکارە بۆ گواستنەوەی ڤایرسی تیرۆر.

هەروەها ئەوانەی بەرامبەر پارتی بەچۆکداهاتوون، دەزان بەهێزی دیواری ئەمنی هەولێر و ئەو خزمەتگوزاریەی لە بنیادنانی شارەکە پێشکەشی کردووە، بەشی ئەوەدەکات پارتی شانازی پێوەبکات، حەوجە بە سیناریۆ نەکات بۆ ناساندنی خۆی و هێزەکەی، بۆیە ئەوانەی ترسیان لە ئیدارەدانی ماڵەکەیان هەیە دەست بۆ سیناریۆ دەبەن نەک پارتی کە هاوکارە بۆ باش بەڕێوەچوونی ماڵەکانی ئێوەش.
Top