ڕق و کینەی گڵاوتان تێکەڵ بەئاین مەکەن

ڕق و کینەی گڵاوتان تێکەڵ بەئاین مەکەن
ئیسلام وه‌ك ئاینێیكی ئاسمانی و خودایی دوای ده‌ركه‌وتنی له‌ نیمچه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌ب و پاش فتوحات، كوردستان ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ی ئیسلام په‌یام و نه‌ریته‌كانی خۆیی له‌و خاكه‌دا چه‌كه‌ره‌ پێ ده‌كات، دیاره‌ كوردیش بەو په‌ری خۆشحاڵی و دڵفراوانیه‌وه‌ به‌ ده‌نگ بانگه‌وازی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە هاتووه‌ ئه‌مه‌ میتۆدێكی مێژووییه‌ و هه‌موومان له‌سه‌ری كۆكین، به‌ڵام ئیسلامیش وه‌ك هه‌ر ئاین و ڕێبازێكی تری (فكری و سیاسی و ئاینی و ئابوری ....تاد ) كۆمه‌ڵێك توندڕەویی و تێكده‌ر و عه‌بسیه‌تی لێ دروست بووه‌، ئه‌مه‌ش ڕاستیه‌كه‌ و كارێكی نا ئه‌خلاقیه‌ نكۆلی لێ بكرێت نمونه‌ی هه‌ر دیار و ڤێرژنی تازه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق وشامه‌ كه‌ به‌ داعش ناوزه‌ند ده‌كرێت.
كورد له‌كۆی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی تر( كه‌ ئیسلامیان وه‌ك ئاینی خۆیان قبوڵ كردووه‌) سەرەڕای ئەوەی لە حه‌قیقه‌تی ئیسلام گه‌یشتووه‌ و له‌ هه‌مووان درووستر به‌ گه‌واهی مفكیر و ئیسلام ناسان په‌یره‌ویی له‌ سروت و ئه‌ركه‌ ئاینییه‌كانی ئیسلام كردووه‌ ئه‌مه‌ش دونیابینی و راستبینیی كورد نیشان ئه‌دات له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، چونكه‌ كورده‌كان مه‌ئسسات و ماڵویرانی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان له‌و دروشمانه‌ ده‌بیننه‌وه‌ كه‌ ئیسلام هه‌ڵی گرتووه‌ و په‌یمانی ئه‌وه‌ی داوه‌ دژی زۆردرای و ناله‌باری بوه‌ستێته‌وه‌ وه‌ هه‌موو كاتیش بوونی ئیسلامییه‌كی ڕاستره‌و و میانره‌ویی به‌ پێویست زانیوه‌ و كاریشی بۆ وه‌ها ئیسلامێک كردووه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش باجی ئه‌وه‌ی پێ ئه‌دات تاوه‌كو ئێستا كورد له‌ زۆرێك له‌ مافه‌ سیاسیه‌كانی بێ به‌شه‌ نمونه‌ی هه‌ر دیاریشیان نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی نه‌ته‌وه‌ییه‌.
بۆیه‌ ئێستا توندرەویی ئاینی ئینجا ئاینی ئیسلام بێت یان هه‌ر ئاینێكی تر مایه‌ی قبوڵکردن نیه‌ و به‌ته‌واووی بیر و هێز و دیده‌وه‌ به‌ره‌نگاری ده‌بینه‌وه‌ و ده‌یسرینه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی توندرۆیی ئاینی مه‌ترسی گه‌لێكی ترسناكه‌ هه‌م بۆ سه‌ر شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌میش بۆ سەر مانه‌وه‌یی ڕه‌وڕه‌ویی مێژووی مرۆڤایه‌تی.
ئاین كه‌ پێش هه‌موو شتێك بۆ هێوربوونه‌وه‌ی روحی مرۆڤه‌ و پێداویستی روح پڕده‌كاته‌وه‌ هاوكاتیش شكۆمه‌ندی و كه‌رامه‌تی مرۆڤ له‌ بێ رێزی كردن ده‌پارێزێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاینه‌ پڕاوپڕبێت له‌ توندره‌ویی و كوشتن و بڕین ئایا سوودی ئه‌م ئاینه‌ له‌ كوێ دایه‌ و كام جیهان و كام دونیا بۆ خۆشبه‌ختی مرۆڤ فه‌راهه‌م ده‌كات؟!.
Top