بۆ بەربژێری هەموو لایەنەکان تکایە سینگەکە هەڵمەقنن و هەوسارەکە مەپسێنن

بۆ بەربژێری هەموو لایەنەکان تکایە سینگەکە هەڵمەقنن و هەوسارەکە مەپسێنن
لە هەموو هەڵبژادنێکدا حزبەکانی بەشداربوو بەرنامەی کاری خۆیان دادەنێن، سیاسەتی حزب بۆ بەربژێرەکان دەبێتە سینگ و بەرنامەکەش دەبێتە هەوسار، ئەوەش بەو مانایەیە بەربژێرەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بە درێژایی هەوسارەکە جووڵە بکەن و ئەوەندەش زێدەڕۆیی نەکەن سینگەکە هەڵقەنن، بەڵام زۆرێک لە بەربژێرەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا وا سەرگەرم دەبن هەم سینگەکە هەڵدەقەنن و هەم هەوسارەکەش دەپسێنن، لە پێناو گەیشتن بە پەرلەمان بەڵێنی وا دەدەن لە قوتووی هیچ عەتارێکدا نییە، بەو بۆنەیەوە دەمەوێ سینگ هەڵقەندن و هەوسار پساندنی بەربژێرێکتان بۆ بگێڕمەوە.
لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەربژێرێکی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان، بێ ئەوەی بزانێ ئەرکی ئەو سنووردارە و کار و چالاکیەکانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەرناچن، وا سەرگەرم ببوو سینگ و هەوساری بەدوای خۆیدا رادەکێشان و دەیگوت: ئەگەر دەنگم بدەنێ و ببمە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەڵێنتان پێدەدەم کار لەسەر جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بکەم و کەرکوک بگێڕینەوە سەر هەرێمی کوردستان.
ئاخر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و دەسەڵاتەکانی لە کوێ و جێبەجێ کردنی دەستووری عێراق و گێڕانەوەی کەرکوک لە کوێ؟! بۆیە داوا لە بەربژێرانی هەموو لایەنەکان دەکەم ئاگادری سینگە حزبیەکە بن و هەوسارەکەش نەپسێنن، چونکە سینگ هەڵقەندن و هەوسار پساندن لە دوارۆژدا هەم خۆیان خەجاڵەت دەکا و هەم حزبەکانیشیان تووشی بێ متمانەیی دەکات.
Top