١٦ ئۆکتۆبەر لە دیدی ئێبن خەلدوونەوە

١٦ ئۆکتۆبەر لە دیدی ئێبن خەلدوونەوە
١٦ ئۆکتۆبەر لە دیدی ئێبن خەلدوونەوە و پرۆسێسی بەدەوڵەتبوونی کوردستان لە روانگەی بیردۆزی دینامیکیەتی مێژوویی (سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و سیاسەت)
د. نەسرەدین ئیبراھیم گۆلی*
ھەرچەندە کە بە بروای من ھەموو رۆژێک و سات و چرکەیەک، ساڵیادیەتی، بەڵام لە ساڵیادی ١٦ ئۆکتۆبەر ئەو پرسیارە لە مێشکی ھەر کوردێکی نیشتمانپەروەر دەخووڵێتەوە: ئایا بۆچی؟ کێ تیایدا سەرکەوتووە؟ کێن ئاگری خۆش دەکەن و کێ بوون قۆربانیانی؟ ئایا بۆچی ھەندێ مرۆڤ بە سروشت شەڕخوازن؟ و ھزاران پرسیاری لەم جۆرە، کە ھزاران ساڵە ھزری مرۆڤایەتی و فەیلەسوف و زاناینی بەخۆیەوە خەریک کردووە و ھەر یەکەیان وەک خۆی شرۆڤەیان کردووە، و تا ئێستاش وەڵامی کۆتایی و یەکجارەکیان دەستنەکەوتووە، چونکە ئەو بابەتش وەک گشت دیاردەکانی دیکەی مرۆڤایەت ئەوندە ئاڵۆزە، وڵامدانەوەی ئاسان نیە.
**********
ئێبن خەلدوون لەو بڕوایەدایە کە یەکگرتوویی خێزانی، کە ئەو لە بەرھەمە بەناودەنگەکەی خۆیدا "لۆژیکی ئێبن خەلدوون" دا بەناوی "دەمارگیری"( العێبیە) دەیناسێنێ، یەکێگە لە بنەماکانی سەرەکیی رێکخستنی خێزانەکان، و لە ھەمانکاتدا لە ئەنجامی نەمان و لاوازبوونی ئەو خێزانانە لە نێو دەچن. دیارە ئەو فەیلەسووفە مەزنە زیاتر مەبەستی لە چەمکی خێزان، نەک ھەموو خێزانێک بەڵکۆ ئەو خێزانانەن کە دەستھەڵاتیان بەدەستەوەیە. دیارە بە گشتی لە سیستەمی سیاسی و کۆمەلایەتی جاران و ئێستاش، لە زۆر شوێن دەستھەڵات لە دەست خێزان و خانەوادەیەکە، چ خێزان و بنەماڵەکانی ئایینی یان ھەر جۆرێکی دیکە بن.
بۆیە ئەو بە پێی ئەزموونی خۆی، کە بە پێی سەرچاوەکان لە بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتووی سەردەمی خۆی بووە، یاسا و بیردۆزێکی داناوە، بۆ خانەوادە و بنەماڵەکانی دەستھەڵاتدار لەو بڕوایەدایە کە تەمەنی سروشتییان لە نێوان ١٢٠ ساڵدایە. ئەو ماڵباتانە بە سەر ٣ قۆناغدا تیپَەڕ دەبن:
قۆناغی یەکەم: ٤٠ ساڵی پێدەچێ و خێزانەکە تیایدا خاوەن یەکگرتوویی و "دەمارگیریی" بەھێز و زیندووە و ئەکتیڤە.
قۆناغی دووھەم: ئەو یەکگرتووییە و دەمارگیرییە، تارادەیەک لاواز دەبێ. ئەویش ٤٠ ساڵ دەخایەنێ.
قۆناغی سێیەم: ٤٠ ساڵی کۆتایی ئەو بنەماڵەیەیە، و یەکگرتوویی خێزانیان لەبەریەک دەچێ و تەنھا ھێزێکی پۆڵایین و یان کەسێکی زۆر بوێر و لێھاتوو دەتوانێ ئەو یەکگرتوویە سەر لە نوێ زیندوو بکاتەوە و ببوژێنێتەوە و ئەگەر کەسێک یان ھێزێکی وا تیایدا ھەڵنەکەوت ئەوا ئەو خانەوادەیە لە رووی دەمارگیریی خێزانی و یەکگرتویی خۆیان بەرەوە کزی و لاوازی دەچن تا ئاستێک کە بەیەکجاری لە گۆڕەپانی سیاسەت دا ناویان دەسڕێتەوە.
ئێب خەلدون ئەو بڕوایەی بۆ حکومەتێک نیە، کە ئەمرۆ ئێمە لە لووتکەی دەستھەڵاتەکانی وڵاتاندا دەبینین. زیاتر مەبەستی ئەو کیانە سیاسی یان کەلتووریانەن کە بنەماڵەیەک بە ھۆی کەس یان کەسانێک و خێزانێک و یان بە ھەبوونی بیروباوەرێکی تایبەت ھەیانە، کە پاڵدەریانە بۆ بەدەستەوە گرتنی جلەوی دەستھەڵات و پێشەوایی و رێبەرایەتی ئەو گرووپ یان وڵات یان ناوچەیە. دیارە حکومەتەکانی سیستماتیک بە چەشنێک دامەزراون کە دەستەھڵاتەکان دابەشکراون و تەنھا لە دەست چەند کەسێکی تایبەت یان خێزانێکدا نین و کار و رەفتار و بڕیارە سیاسییە گرنگ و چارەنووسسازەکان بە راوێژ لەگەڵ لایەن و کەسایەتی و دامەزراوەکانی دیکە دەدرێن، نەک بە تەنھایی و بە بڕیاری تاکەکەسی، ھەرچەندە دەکرێ کەسانێک تیایدا و بەھۆی ئەزموونی تایبەتی خۆی پێداگری لە سەر یەکێک لە بابەتەکان بکات بۆ بەرژەوەندی گشتی و ھەبوونی لایەنی ئەرێنی و دەستکەوتی زیاتر.
ئێبن خەلدوون وای دەبینێ ھێزی سەرەکیی ھەر یەکگرتووییەک " دەمارگیرییەک" لە نێو خێزانەکانی دەستھەڵاتدار دا نزیکایەتی خێزانی و بنەماڵەیی یان پەیوەندی بەھێزیانە لەگەڵ یەکتری یان ھەبوونی ھەندێ پرەنسیپ و بەھا و بنەما و ھزر و بیروباوەری بەھێز و فەلسەفەی پاڵنەر بۆ یەکگرتن و لێکنزیکییان، و پێی وایە ئەم یەکگرتووییە و "دەمارگیرییە"ی خێزانی زۆر لە بیروباوەر و "دەمارگیریی ئایینی" نێو خێزانەکە، واتە بیروباوەرە ئایینییەکانیان کارامەتر و کاریگەرترە بەسەر رێکخستن و یەکگرتنی ئەو خێزانەدا، و بۆ ئەوەش نموونەی زۆر خێزانی ئایینی و لەوانەشە بنەماڵەکانی ئەمەوی و عەباسی دەھێنێ، کە بە بێ ھەبوونی یەکگرتن و "دەمارگرییی" خێزانی، نەیدەتوانی بە ھۆکاری ئایینەوە بەردەوامی بە مانەوەی خۆیان بدەنەوە.
****
لەم گەردوونەدا، و لە کاتێکدا کە سەدان سەرکردە و زانا بۆ پاراستنی نەتەوەکانی خۆیان و مرۆڤایەتی بە گشتی، رێگەی ھەرە ئاسان و کەم ھەزینە و کەم مەترسیدار دەگرنە بەر، ھزارانی دیکە، تەنھا و تەنھا لەبەر نەبوونی ھەستی بەرپرسیارەتی بەرامبەر مرۆڤایەتی، و بۆ گەیشتن بە دەستکەوتی کاتی و کەم، پەنا بۆ رێگای نائاسیی کۆشندە و ریسک (مۆغامرە) دەبەن، و دەبن بە سەرچاوەی سەرھڵدانی ململانێ و تووندوتیژی و جەنگ.
جوانترین و زیندووترین نموونەش بۆ ئەم بابەتە ھەوڵەکانی ریفراندۆمی کوردستانیان بوو، کە بە دەستپێشخەری و پێداگری جەنابی سەرۆک بارزانی و پاڵپشتی ھەندێ سەرکردە و لایەنی دیکە و پەرۆشی بەشێک لە کوردستانیانی خەمخۆر و ماندوو لە ستەمگەران، بۆ رزگاربوون لە کوت و بەندی زنجیری چەند سەد ساڵەی داگیرکەران، کە جوانترین بەرھەمەکەشی بەدەستھێنانی نزیکەی (٩٣%) دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بوو، و خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی مەزن و گەرەنتیکەری رێگر بوو لە دووبارە و سێبارەبوونی زۆر تاوان و جەنگ و کۆشتار و جینۆساید و ئەنفالی دیکە، بەڵام چ ئەو ئەندازیارانەی بە ئافراندنی تراژێدیای ١٦ ئۆکتۆبەر و چ ئەوانەی ئێستا بە لێدانی دۆھۆڵ و زۆڕنای "سزادانی ریفراندۆمچییەکان" و دەستەواژەی لەم جۆرە، دەیانەوێ ببنە ھەوێنی دووبارەبوونی جەنگێکی دیکە، نیشاندەری ئەوەن کە مرۆڤایەتی بە گشتی تاھەتایە بەدەست گەمژەیی خۆیەوە بناڵێنێ. ئەو مرۆڤەی کە بۆ بەرژەوەندی خۆی و مرۆڤایەتی ناتوانێ وەک پێویست عەقڵ و لۆژیکی خۆی بەکاربێنێ. چونکە ھەمیشە ھەن لە ھەموو کۆمەڵگە و نەتەوەکاندا، کەسان و لایەن بەو شێوەیە و ئاوەژووتر لەوە بیر دەکەنەوە کە دەبۆایە ئەو کەسانە و مرۆڤایەتی بە گشتی لە جیاتی بیرکردنەوە لە "سزادانی" ئەوانەی کە لە سەرخستنی ریفراندۆم سەرپشک بوون، و ئەوە خەیاڵێکی خاو و پووچە، بە خەڵات و مەدالیای بەرزی وەک نۆبل، پاداشت بکەن، چونکە دەگمەنن ئەوانەی لەو کات و ساتەدا، بەرژەوەندییە تەسکە تایبەتەکان لەبیردەکەن و پاشگۆێ دەخەن، و بەرژەوەندییە نەتەوەیی و مرۆڤییەکان لەسەروی ھەموو بەھا و شتەکان دادەنێن. وێرای ئەوەش ئەوان ئەو لەخۆبۆردووانەن کە دروشمی "دەنگ"یان لە جیاتی "گۆللە" و جەنگ و کۆشتار ھەڵبژارتووە، و مرۆڤایەتی دەبێ ھەمیشە بەچاوی رێزەوە لەو سەرکردە و نەتەوە و مرۆڤ و کۆمەڵگە و لایەنانە بڕوانێت، کە بە بیروباوەر و رەفتار و کرداری خۆیان مرۆڤایەتی دەکڕن و ھەوڵدەدەن لە جەنگ و کۆشتار دووری بخەنەوە، و بە رێگەی بیرکردنەوەیەکی دروست ئەو رێڕەوەیە ھەڵبژێرن کە مرۆڤایەتی و نەتەوەکان بەرەو بەختەوەری و ئاسوودەیی و دوورکەوتن لە نەھامەتی و ئاقاری نەدیاری لەنێوچوون بپارێزن. بە مخابنیەوە نەک مرۆڤایەت، تەنانەت و بەتایبەتیش کوردیش نەیتوانیوە سوود لە عەقڵ و مەعریفەی وەربگرێ، و ئەوانەی لەو خاڵەدا ھەر لە ئەوجی گەمژەیی و نەبوونی بەرپرسیارێتین، لە ھەر کات و ساتێک توانیویانە بوونەتە کۆسپی بەردەمی ئەوانەشی کە دەیانەێ مینیمۆمی ئاستی توانایان ئەو عەقڵە بۆ بەرژەوەندی کوردستانیان بەکاربێنن.
بە پێچەوانەوە، ئەوانەی کە بوونەتە زۆڕنابێژی بەرەی جەنگ و کۆشتار، و دژایەتی ریفراندۆم دەکەن، بەتووندترین شێوە سزا بدرێن، تا باری قۆرسی مرۆڤایەتی، لەم کات و ساتەدا، سووکتر ببێ، نەک قۆرستر و گرانتر لەوەی کە ھەیە، و رێگە لە جەنگەکان بگیرێت، چونکە لە جەنگدا ھەرگیز کەس سەرناکەوێ، بەڵکۆ ھەموو لایەک زیانمەندن. دەبێ مرۆڤایەتی واز لە سەرکەوتن لە جەنگ بێنێ و شکۆی مرۆڤایەتی لە بەھا نەشرینەکانی وەک جەنگدا نەبینێ، و کوردستان جوانترین دەرگایە بۆ ئەم مەبەستە. چونکە نەتەوە و سەرکردە و پێشمەرگە خەمخۆرە دڵسۆزەکانی ھەمیشە لە سەنگەری بەرگری بووە لە مرۆڤایەتی و شارستانیەت و بەھا جوانەکانی، و جەنگ لە فەرھەنگ و کەلتووری رەسەنی کوردەواری و کوردستانیانی ھۆشیار داگیرکردن، تاڵانکردن، سووتاندن و سەربڕینی مرۆڤەکان، و ئەنفال و جینۆسایدکردن و کێمیابارانکردنی نەتەوەکانی دیکە و شکاندنی شکۆ و پرستیژ و کەرامەتی مرۆڤایەتی نەبووە، وەک ئەوەی ھەندێ نەتەوەی داگیرکەر بەھاوکاری خۆفرۆشان ئەنجامی دەدەن. لە جەنگدا کەس براوە نیە و ھەموومان وەک یەک و پێکەوە شکست دەخۆین. دەبێ مرۆڤایەتی بیر لە دەستەواژەی دیکە بۆ ئەم رەفتارەی خۆی بکات و پێداچوونێک بە چەمک و بەھاکانی خۆیدا بکات.
لەکاتێکدا کە بە پێی گەواھی بسپۆرانی نێونەتەوەیی کوردستانی باشوور، بە جیا لە بەشەکانیتری کوردستان کە ھەر یەکە و تایبەتمەندی خۆی ھەیە و لە رووی سایکۆجیۆپۆلیتیکییەوە نەگەیشتوونەتە قۆناغی ئەو پارچەیەی کوردستان، نیمچە وڵاتێکی سەربخۆیە و لە راستیدا و بە بێی ئەوەی ھیچ پەیوەندییەکی کۆتایی لەگەڵ فاکتەری دیکەدا ھەیبێ، و ئەگەر وڵاتانی رۆژئاوا ھاوکاری گەیشتن بەو قۆناغەی بووبن یان وڵاتێکی وەک ئیسرائیل بە ھەر ھۆکارێکی تایبەت و بەرژەوەندی خۆی حەز و ئارەزووی دروستبوونی ھەبێ و تەنانەت ھاریکاریشی بێ، لە بنەڕەتدا بۆ ئەو ھۆکارە دەگەڕێتەوە کە ئەوانیش لە بنەماکانی دروستبوونی دەوڵەت بە پێی تیۆری دینامیکییەتی مێژوویی گەیشتوون، و دەیانەوێ لە سەروبەندی سەرگرتنی و بە بەھانەی ھاوکاریکردنی لە ماکسیمۆمی ئیمتیازاتی داھاتووی و بە تایبەت ئابووری و ئاسایشییەکانی دا بەشدار ببن. کوردستانی باشووری لە سایەی قۆربانییەکی زۆری خەڵکەکەی و بەتایبەت پێشمەرگە قارەمانەکەی لە ماوەی سەدەیەک، دەمێکە چۆوەتە نێو قۆناغی بەدەوڵەتبوون. شۆرەشی بارزان و چوونی بارزانیی نەمر بۆ سۆڤیەتی جاران، و دواتر ھەڵگیرسانی شۆرەشی ئەیلوولی مەزن قۆناغێکی گرنگی ئەو پرۆسەیە و مەشخەڵەکەی بوون تا گەیشتە ئەمرۆ. ئەو قۆناغانە، بە پێی ئەم بیردۆزە، بناغەی قۆناغەکانی سەربخۆیی ھەژمار دەکرێن، کە تیایدا و بە پێی گۆڕانکاری و ئامادەکارییەکانی کۆمەڵایەت-دەروونی تاک و کۆمەڵگەی خۆماڵی و ناوچەیی و جیھانی و نێونەتەوەیی یەواش یەواش دۆخێکی مێژوویی لەبار دروست دەکەن، و دەبن بە زەمینەیەکی گۆنجاو بۆ دروستبوونی وڵاتێک، وەک ھەر وڵاتێکی دیکەی کە بەم قۆناغانەدا تێپەڕیون.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە سەبارەت بە کوردستانی باشوور، ھەر جارێ کۆسپی گەورە بوونیان ھەبووە و بوونەتە لەمپەر لەبەردەم خێرایی ئەم پرۆسەیە، بەتایبەت ئەو بنەماڵە دەستڕۆیشتووانەی کە ھەلپەرستی و لەخۆبایبوون و رق و کینی کۆن ھەمیشە لە خوێنیان لە خرۆشەکی ناڵەباردایە، کە بۆ دامرکاندنی ناچاری کردوون پشت لە زۆرێک لە قۆربانی و خەونە ھەمیشەیی کوردستانیان و برەژەوەندییە گشتیەکان بدەن. لەو جۆرە بنەماڵانەدا ھەمیشە کەسانێکی دڵسۆز ھەبووە کە لە راستییەکان گەیشتووە بەڵام ھەشبووە بێباکی نواندووە و بە ئافراندنی کارەساتی وەک ١٦ ئۆکتۆبەر لەمپەری لەبەردەم پرۆسەی بەدەوڵەتبووونی باشووری کوردستان خستووە، و ئەو پرۆسەیەی پەکخستووە و کردوویەتی بە قۆربانی حەزە نەرەوا و ناوەختەکانیان.
ئەو فاکتەرە شان بە شانی زۆر فاکتەری وەک گەندەڵی و تەخشان و پەخشانکردنی سەروەت و سامانی میللەتان لە لایەن بنەماڵە دەسترۆیشتووەکان، بە پێی گەواھی مێژوو ھەمیشە کۆشندەترین گۆرزی لە شان و شکۆی نەتەوە و وڵاتان و شارستانیەتەکان گەیاندووە. بچووکترین نموونەش ساسانییەکانی بە رەچەڵەک کوردن، کە بەھۆی ململانێی بنەماڵەکانی شاھینشاھی و شازادە خۆپەرێستەکان و کەسانی ئایینی، لە گەورەترین زلھێزی کاتی خۆی گەیشتە لووتکەی سەرشۆڕی و لاوازی، و تەنانەت غەرقبوون لە گەندەڵی وایلێکردن کاتێک بەخەبەر ھاتن کە کۆمەڵێک عەرەبی بیابانی رەش و رووت و برسی باب و باپیرانمانی وەک گەنم و جۆ، ھەر لە شارەکەی ئێستای (ئەمبار و بەسرە) بگرە وەک دەڕاسە دەدروین و دەکۆشتن و شارستانیەتەکەمانی گەیاندە ناڵەبارترین ئاستی خۆی. شازادە و ئەندامانی بەدبەختی شاھیشناھی ئیتر توانایی بەرێوەبردنی وڵاتیان نەمابوو و لە ماوەی تەناھا چەند ساڵێک دا بە دەھان شاە شاھزادە ھاتنە سەر دەستھەڵات، بەڵام چونکە بنیاتی ولاتیان قۆربانی نەزانی و ململانێی خۆیان کردبوو ھیچیان پێنەکرا، تا دواین جار دوژمنانی شارستانیەتەکەمان ھەموو تا ئەو سەری دنیا شار بەدەرکردن و تا ئێستاش بەسەرخۆی نەھاتووە. خەڵکی وێرای زۆری گەندەڵی شازادە و بنەماڵەکانی دەسترۆیشتوو، زۆریان بۆ پاراستنی وڵاتیان قۆربانیان دا و لە بەرامبەر داگیرکەران داستانی ئەفسانەییان تۆمارکرد کە مێژووی مرۆڤایەتی تاھەتایە شانازی بەو شەھیدە قارەمانانە دەکات، بەڵام بەھۆی کۆشندەیی دۆخە ناڵەبارەکەی کە گەندەڵی شازادەکان دروستیان کردبوو ھیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەری نەبوو.
بەداخەوە ئەو چیرۆکە و بە قۆربانیکردنی میللەتی کورد و گەندەڵییە جیاجیا و بەردەوام و خیانەتەکانی وەک شازدەی ئۆکتۆبەر ھەمیشە ھەر روویانداوە و ھەمیشە پشتی ئەو میللەتەی شکاندووە و نەبۆوەتە مایەی عیبرەتمان.
ھەوڵی جددی بۆ نەھێشتنی گەندەڵی، ئەو خاڵەی کە تەنانەت جیھان و دامەزراوە نێونەتەوەییەکانیشی نەچارکردووە کە لە بەرەوە پێشبردنمان لە دروستبوونی دەوڵەت، پشتمان تێبکەن، شتێکی کەم نیە، چونکە ئەم دیاردەیە شان بە شانی ١٦ ئۆکتۆبەرەکان، گۆرزی کۆشندەی لە سایکۆلۆژیای تاکی کورد داوە و جۆرێکی بێ متمانەیی لا دروستکردووە، کە لە ماوەی درێژخایەندا کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە، تەنانەت بە بەرزبوونی ئاستەکەی چاوەروانی ھەر شتێک دەکرێت. میللەتان وەک زریان و بەڵکۆ وەک بۆمبێکی قۆرمیژکراوی ئەتۆمین، و تەنھا یەک روودای بچوکی گەرەکە تا بتەقێتەوە و کارەساتی لێبکەوێت و تەڕ و وشک بسوتێنێ و کوردستان وێران بکات.
با ساویلکانە بیر نەکەینەوە و شتەکان بە ھەند وەربگرین و فریوی مرۆڤە ماستاوچییەکان نەخۆین و تۆزێک لێیان بەدور بکەوین تا بتوانین بە ئازادی و لۆژیکی و واقیعیانە و دروست بیر بکەینەوە و بزانێن ھەر پرۆسەیەک لەوانەییبوون و ئەگەری وەستان و لە کارکەوتنی، ھەمیشە، لە ئارادایە، و ھەمان شت بۆ پرۆسەی دەولەتبوونی کورد ھەیە، و بەو پێیەی کورد زۆر دوژمنیشی ھەیە زۆر بە ئاسانی ئەو رووداوە روودەدات ئەگەر کورد بیر لە چارەسەرێکی خێرا بۆ دیاردەکان ١٦ ئۆکتۆبەر و گەندەڵی نەکات.
سەرچاوە: مھرین، مھران (٢٠٠٣). فلسفە الشرق، ترجمە: محمود علاوی، المشروع المۆتمر للترجمە (٥٩٩)، گ.١، القاھرە، ٤٦١ ێ.
*پرۆفیسۆری ە. لە زانستی سایکۆلۆژیای پێداگۆگی/ زانینگەی زاخۆ
Top