لەسەرو بەندی بەستنی کۆنگرەی شەشەمی دا یەکێتی زانایان یادگاری بارزانی نەمرە

لەسەرو بەندی بەستنی کۆنگرەی شەشەمی دا یەکێتی زانایان یادگاری بارزانی نەمرە
وابریارە لە رۆژانی ٢٤ -٢٥ ـ٧ـی٢٠١٨ یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان شەشەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجام بدات کە ئەمە وێرای ئەوەی نیشانەی پێشکەوتن و گۆرانکاری بووە کە لە ژیانی رێکخراوەی خۆیدا چەندین کۆنگرەو کۆنفرانسی بەستووە لە ھەمان کاتیشدا لە قۆناغێکی وەک ئێستای کوردستان دا بەستنی کۆنگرەی شەشەم گرنگی و بایەخی خۆی دەبێت بۆ زیاتر کاراکردنی رۆلی زانایانی ئایینی تا ھەمیشە یەکێتی زانایان وەک یادگاریەکی رابەری مەزن مەلا مستەفا بارزانی بە زیندووی بمێنێتەوە، وە دیارترین ئامانج و مەبەستی دامەزراندنی بێتەدی کە کۆکردنەوەو رێکخستنەوەی زانایانی ئایینیە بێگومان دامەزراندنی رێکخراوێکی ئاییینی لە بارودۆخێکی وەک ئەوکات کە چەند مانگێک بەسەر رێککەوتنامە مێژوویەکەی ١١ـی ئادار تێپەریبوو گرنگی و بایەخی خۆی ھەبوو بۆ سەرپەرشتی کردنی رەوشی ئایینی لە سنوری دەسەلاتی شۆرشی ئەیلولی مەزندا بۆیەش لەو ساتەوە تا بە ئەمرۆ دەگات لە قۆناخە جیاجیاکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان یەکێتی زانایان رۆلی گرنگ و مێژووی ھەبووە ھەموو دەم پالپشت و پشتیوانی ھێزی پێشمەرگە بووە لە کاتی پێویست دا لە سەنگەری خەبات و تێکۆشاندا بوونیان ھەبووەو بە کردەوە بەژداری کاریگەریان ھەبووە لە پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان تا بەخشین و قوربانی روح و خوێن وە ھەموو کات یەکێتی زانایان وەک یادگاری بارزانی نەمر و دەسکەوتێکی دیاری شۆرشی ئەیلولی مەزن بە کارایی مایتەوەو جێگای بایەخی سەرۆک مەسعود بارزانی بووە ، بۆیەش لەم ئان و ساتەیەدا کە سەرقالی بەستنی شەشەمین کۆنگرەن ھەنگاو بەرەو قۆناخێکی تری پر لە بەرپرسیاریەتیەوە دەنێت ئەرکی مامۆستایانی ئایینی قورستر دەبێت کە تێبکۆشن لە پێناو ھێنانە دی ئامانجە دیارەکانی ئەم رێکخراوەیە بە جۆرێک کۆنگرەی ئەمجارەیان جیاوازتربێت و ببێتە کۆنگرەیەکی نمونەی چونکە لە کاتێکی زۆر ھەستیاردا دەبەسترێت وە ھەول بدەن ھەمیشە ھەردوو بالی ئایین پەروەری و نیشتمان پەروەری بەیەکەوە گرێ بدەن وە تەکانی زیاتر بدەن بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی بە ھەستی پاکی ئایینی و نەتەوەیی وەک بەربەستێک بۆ رێگە گرتن لەو ھەولانەی کە دەیانەوێت لە پەنای ئایینی پیرۆزی ئیسلام گەنج و لاوانی کورد لە ھەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی دووربخەنەوەو خەلکی پێ لە خشتە ببەن چونکە دەبێت ھەمیشە مرۆڤی ئایین پەروەر نیشتیمان پەروەریش بێت گرنگە لەم ئان و ساتەی ئێستادا زانایانی ئایینی شانازی بە رابردووی خۆیانەوە بکەن کە چۆن و بە چ جۆرێک سەر کاروانی خەباتی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتیمانی بوینە ھەرواش بمێننەوە، لەگەل ئەمەشدا کاتی ھاتووە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە بایەخەوە سەیری ئەم رۆلەیان بکات و ھەوڵ بدات زیاتر لە ناوەندەکانی دەسەلات و بریاردان دا رۆلیان پێبدات چونکە لێرەو لەوێ ھەست بەبوونی گلەیی و گازندەی زانایانی ئایینی دەکرێت کە وەک پێویست رۆلیان پێنادرێت
ماوەتەوە لەسەرو بەندی کۆنگرەی شەشەمیاندا ئومێدی سەرکەوتن بۆ کارەکانیان بخوازین و بە ئومێدەوە سەیری دەرەنجامی کۆنگرەکەیان دەکەین بۆ زیاتر خزمەتکردنی دۆزی رەوای گەلەکەمان.
Top