كەركووك بە دووڕیانێكی ئاڵۆز و مەترسیداردا تێدەپەڕێت
July 18, 2018
وتار و بیروڕا
كێشەیەكی ئاڵۆزو هەستیاری وەكو كەركووك، نە بە رێكەوتنێكی سەربازی چارەسەر دەكرێت، نە بە قۆرخكرنی دەسەڵات لەلایەن لایەنێكی سیاسییەوە، بەڵكو پێویستی بە رێكەوتنێكی نێوان هەموو پێكهاتە سەرەكییەكانی شارەكە هەیە لە عەرەب و كوردو توركمان و مەسیحیەكان، كە لەناو پێكهاتەی ئەنجومەنی پارێزگادا بوونیان هەیە، بەتایبەتی لەناو لیستی برایەتی كەركووك كە لە 2005ەوە بە گەورەترین لیستەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگاكە دادەنرێت و ئەنجومەنەكە و كابینەی حكومەتی خۆجێیی دامەزراندووە و مەلەفی ئەمنی بە دەست ئەم لیستەوە بووەو بەسەركەوتوویی بەڕێوەبراوە، بۆیە پێویستە ئەم لیستەی برایەتی بگەڕێتەوە بۆ كەركووك و كۆتایی بەو عەسكەرتاریەت و داگیركارییە بهێنرێت كە لە 16ی ئۆكتۆبەردا روویداوە، هەروەها هێزە چەكدارەكانی دەرەوەی شارەكە بەتایبەتی حەشدی شەعبی بگەڕێندرێنەوە ناوچەكانی خۆیان، تاوەكو پێشمەرگە بە هاوبەشیی سوپای عێراق ئەم ناوچەیە بپارێزێت، چونكە مامەڵەكردن لەگەڵ هێزێكی وەكو حەشد كە فرە بڕیار و خاوەنی ئەجیندەی دەرەكییە، زۆر زەحمەتە، هەربۆیە ئەگەر كۆتایی بەم عەسكەرتاریەتە نەهێندرێت، دۆسێی ئەمنی و بەڕێوەبردنی شارەكە ئاڵۆزتر دەبێت و دەكەوێتە دووڕیانێكی مەترسیدارەوە، ئەوەی ئێستا دەسەڵات لەم شارەدا بەڕێوە دەبات، كەمینەیەكە لەناو هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان كە گوزارشت لە خەڵكی رەسەنی شارەكە ناكەن، چونكە عەرەب و توركمانی رەسەنی شارەكە لەگەڵ كوردا مێژوویەكی هاوبەشیان هەیە و حەزیان لەناكۆكی و دووبەرەكی و توندوتیژی نییە، كاتێك جەنابی مسعود بارزانی لە شەڕی داعش سەردانی كەركووكی كرد، دووبارە بەڵێنی بە هەردوو پێكهاتەی عەرەبی سوننەو توركمان دا، كە بەهاوشێوەی برا كوردەكانیان پێشمەرگە پارێزگارییان لێدەكات و ئەو كات رێگەی نەدا كەس موڵك و حاڵی عەرەب و توركمان داگیربكات، بەپێچەوانەوە لە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەردا كاتێك هێزەكانی حەشدی شەعبی و حزبە توركمانییەكان بەرەو كەركووك و دووزخورماتوو بەڕێكەوتن، نەك تەنیا ماڵ و حاڵی كوردیان تاڵان كرد، بەڵكو بەدەیان ماڵ سووتێنراو تەقێندرایەوە، ئێستاكەش بە پاساوی جیاجیا زەوی كورد داگیر دەكرێت، ئەمە تەنیا زیانی بۆ پێكهاتەی كورد نابێت، بەڵكو تۆوی دووبەرەكی و رق و قین لە نێوان پێكهاتەكاندا دروست دەكات و هەردوو پێكهاتەی رەسەنی شارەكە لە عەرەب و توركمانیش لەداهاتوویەكی نزیكدا زیانمەند دەبن، ئەوەتا دیموگرافیای شارەكە نەك تەنیا لەزیانی كورد گۆڕاوە، بەڵكو ژمارەیەكی زۆری خێزانە توركمان و عەرەبەكانیش لە ترسی داعش و نائارامیی ناوچەكە روویان لەناو سەنتەری شاری كەركووك كردووە و لە هەندێك شوێندا هێزەكانی حەشدی شەعبی لە مەزهەبی شیعە بە بەرنامە كار بۆ بەشیعەكردنی چەندین ناوچە دەكەن. لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییەو بێسەروبەریی و عەسكەرتارییەت و دەستتێوەردانەی هەردوو حكومەتی ئێرانی و ئەمریكی لە دامەزراندنی حكومەتی عێراقدا بۆچوونەكان بەو ئاراستەیە دەچن كە دۆسێی دامەزراندنی حكومەتی عێراق دوادەكەوێت و چارەسەری كێشەی كەركووكیش بەهەمان شێوە دوادەكەوێت، بۆیە گرنگە لەم ماوەیەدا زیاتر دۆخی كەركووك ئاڵۆز نەكرێت، چونكە كەركووك وەكو بۆمبێكی شاراوەیە و لەهەموو كاتێكدا مەترسی تەقینەوەی لێدەكرێت، ئەم سەردانانەی شاندی لایەن سیاسییەكانی عەرەبی سوننە بۆ لای بەڕێز مسعود بارزانی لەم پێناوەدایە تاوەكو كەركووكیش بۆ ئەجیندەی بیانی بەدەردی موسڵ نەبرێت و دواتر وێران بكرێت و خەڵكەكەی ئاوارە بێت، ئەمەش بەكۆكردنەوەی هەردوو پێكهاتەی عەرەبی سوننەو كورد دێت لەناو یەك هاوپەیمانێتی بۆ ئەوەی زامنی بەدەستهێنانی مافەكانی هەردوو پێكهاتەكە بكرێت لەناو پەرلەمان و حكومەتێكی زۆرینەی شیعەدا، چونكە كوردو عەرەبی سوننە هاوبەشی سەرەكین لەعێراقدا و ناكرێت پەراوێز بخرێن.