کورتە نامەیەک بۆ نەوشیروان مستەفا

کورتە نامەیەک بۆ نەوشیروان مستەفا
بەڕێز جەنابی کاک نەوشیروان مستەفا.. بمبوورە کە ئەو یادەوەریانەت بیر دەخەمەوە، کە لە پێناو گەیشتن پێیان هیچ نەما نەیکەی بە چوونە باوەشی رژێمی بەعس و خیانەتی نیشتیمانیشەوە.
بەڕێز جەنابی کاک نەوشیروان مستەفا.. زۆرت هاواری کوردایەتی کرد و بارتەقای ئەو هاوارە کوڕی شۆڕشگێڕی کوردت کوشت و خزمەتی داگیرکارانی کوردستان و دوژمنانی کوردت کرد.
بەڕێز جەنابی کاک نەوشیروان مستەفا.. ئیرهابی فکری و جنێوفرۆشیت کردە یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی ئازادی بیروڕا، ئێستا بەشێک لە قوتابیەکانت تێگەیشتوون و بە چەکی کوردایەتی پەلاماری داهێنانە نانەتەوەیی و نانیشتیمانیەکانت دەدەن.
بەڕێز جەنابی کاک نەوشیروان مستەفا.. تۆ یەکەم کەس بووی بە خۆپیشاندەرانت گوت ئاژاوەگێڕ، دواییش خۆت کرد پێشڕەوی ئەو ئاژاوەگێڕانە و دوا هەلی رشتنی کۆنەقینت، خۆت گوتەنی لەسەر رشتنی خوێنی ئاژاوەگێڕەکان هەڵچنی.
بەڕێز جەنابی کاک نەوشیروان مستەفا.. زۆرت ئاژاوەگێڕی کرد و منداڵە وردکەت هاندان هەڵکوتنە سەر بارەگای نەیارەکانت، تا ئاخیری هاوخەباتە کۆنەکانت هەڵیانکوتایە سەر گۆڕەکەت.
بەڕێز جەنابی کاک نەوشیروان مستەفا.. زۆرت فرمێسکی ساختە بۆ هەژران رشت، بۆ ئاخیری واتکرد هەژاران لە ئاستی سەروەت و سامانی کوڕەکانت دۆش دامێنن و سەر راوەشێنن.
بەڕێز جەنابی کاک نەوشیروان مستەفا.. زۆرت حەسرەت بۆ سیستەمێکی هاوشێوەی سیستەمی (بەغا) هەڵکێشا و پێی نەگەیشتی، ئێستا ئەو سیستەمە لەلایەن خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراق نەفرەتباران دەکرێ.
بەڕێز جەنابی کاک نەوشیروان مستەفا.. دڵنیام بە کۆچی دوایی و گەیشتنت بە جێی هەقان، عومەر شەریف و عەبدولی سۆران و مام ئاراس و عەبدوڵا سوور و عەریف برایم و کوڕەکانی و هەموو ئەو تیرۆرکراو و ئەو شۆڕشگێڕانەی بە دیلی کوشتتن، هاتوونە لات و بەو هاتنە تووشی ئیحراجی بووی، لەوەش دڵنیام هەڵوێستی کوردانە و پەروەردەی شۆڕشگێڕیان وای لێکردوون دڵنەواییت بکەن.
Top