پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ نەبێ؟!
July 16, 2018
وتار و بیروڕا
داگیرکارانی کوردستان باش لەوە گەیشتبوون کە بوونی ئەو پۆستە وەک مەرجەع بۆ خەباتی رزگاریخوازی کورد و بە تایبەتیش کە لە دەست کەسێکی ئەمین و کوردپەروەری وەک سەرۆک بارزانی دابێ، کورد دەگەیەنێتە کەناری ئارامی و سەربەخۆیی و کۆتاییش بە سیاسەتی داگیرخوازی ئەوانیش دێنێ.
هەرچی دژبەرانی سەربەخۆییش بوون، بوونی ئەو پۆستەیان لەبەردەم گەیشتن بە خواستە حزبیەکانی خۆیان بە بەربەست دەزانی، چونکە ئەوان دەیانزانی لە ئاوی لێڵدا نەبێ ناتوانن ماسی بگرن، جا بۆ ئەوەی ئەو بەربەستە نەهێڵن و ئاوەکە بە شێوەیک لێڵ بکەن کە بتوانن ماسی تێدا بگرن، ئامادەی نانەوەی هەموو جۆرە فەوزایەکی سیاسی و تەنانەت خیانەتیش بوون، بۆ ئەو مەستە و گەیشتن بەو خواستەش پەرلەمانیان لە دەزگایەکی یاسا دانانەوە کردە چەقەخانەی حزبی و مەیدانی تەراتێن و جلیتبازی سیاسی.
ئەو کەس و دەستە و گرووپانەی لە قۆناغی رزگاری نیشتمانی و لەناو گێژاوی پێلانگێڕیەکانی داگیرکارانی کوردستان، دەیانویست بەرگی فەوزای سیاسی بەبەر دیموکراتی و ئازادی بیروڕادا بکەن دوو ئامانجیان هەبوو، یەکەمیان ئیرهابی فکری و تۆمەت هەڵبەستن و جنێوفرۆشی بکەنە بەشێک لە ئازادی بیروڕا، تا لەو پەنایەڕا بتوانن کۆنەقینی سیاسی خۆیان بڕێژن، بۆ ئەو مەبەستەش چەند جنێوفرۆش و دەمشڕێکی کاڵفامیان هێنانە پێش, دوومیشان خیانەت و وڵاتفرۆشیان کردە یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی دیموکراتی، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو دەستە و گرووپانەی دڵیان بۆ خیانەت و وڵاتفرۆشی لێی دەدا، بەرگی عێراقچێتیان بەسەر خۆیان هەڵکێشا و کەوتنە سووکایەتی کردن بە بەها پیرۆزەکان و خێر و خۆشی خەڵکی کوردستانیان لە عێراقی یەکپارچەدا کۆ دەکردەوە، حەشدی شەعبی دوژمن بە کوردیان بە یاسایی دەکرد و پێشمەرگەی پارێزەی کوردستانیشیان بە میلیشیا و ئەنفالچی برا عەرەبەکانیان ناو دەبرد.