راپەرینی باشووری وڵات ( سایکۆلۆژیای سیاسەت و گەندەڵی)

راپەرینی باشووری وڵات ( سایکۆلۆژیای سیاسەت و گەندەڵی)
زۆر سەیرە کە حەیدەر عەبادی، لە شرۆڤەی راپەرینی خەلکی بەسرە و ناسریە و میسان و نەجەف و ...ھتد، لەم دواییەش بە ھەمان شێوەی "لەناوچوونی یەکجاری داعش" بیر دەکاتەوە، و ملکەچی بۆ "داخوازییەکانی" جەماوەری راپەریوی رەش و رووت و برسی، بە نیشانەی " بەھێزی حکومەت" وەسف دەکات!
بەڵام لە راستیدا کێشەی خەڵک لاوازی یان بەھێزی ئەو حکومەتە نیە، بەڵکۆ لەوەدایە کە ئارەزوو و ویستی گەندەڵی تیایدا بۆوەتە فەلسەفەی ژیان و کاری سیاسی. وڵاتێک کە بە پێی دوایین ئاماری لایەنە نێونەتەوەییەکان زیاتر لە دوو مەلیۆن بێوەژن و مەلیۆنانیتری بێ کەس و کار و بێ سەراوشوێن و ... ھزاران نەھامەتی و نەداری بێ، بەڵام بەرپرسانی حکومی و حزبی تیایدا کێبڕکێی پارەکۆکردن و ڤیلەکرێن و بردنی زێڕ و ئاڵتون و پارە بۆ دەروە و ... ھتد بن، بێگۆمان چارەنووسی جوانتر لەوەی ئێستا ھەیە نابێ. وڵاتی یەدەکی پەترۆڵ و دوو رووباری مەزن و سێ چارەکی خۆرمای جیھان و دەرامەتی ١٨% مۆسڵمانەکانی جیھان و سەردانکەری مەزارگەکانی شێعە، کە بە مەلیارھا دۆلار مەزندە دەکرێت و کەمتر نیە لە داھاتی حەج و عۆمرە، و ...ھتد، ئێستا چینێکی تیایدا شەق لە پارە دەدات و ھەشە ناڵەناڵیەتی بۆ نانی ئێوارە.
دەبوایە بەرێز سەرۆکوەزیران حکومەتە بەھێزەکەی خۆی لەوەدا ببینیبایە کە چۆن لە پرۆسەی چاکسازییەکی تووند و دژواردا، پاکسازییەکی بێوێنەی بکردایە و ھەموو ئەو خۆشسازییەی کە بەرپرسانی حکومی و حزبی و لەسایەی چەند ساتێک دەستھەڵات دەست خۆیان خستووە، لە قۆرگیان دەربھینایە و بۆ خەڵک و خاوەنە رەسەنەکەی بێگەڕاندبایە. چونکە وەک برادەرێک کە چەند ساڵ لەمەوبەر لە نزیکەوە کارم لەگەڵیدا کردووە دەیگۆت " جا ئەگەر من لەو پلەیە نەتوانم خزمەتی خۆم بکەم چۆن دەتوانم خزمەتی خەڵک بکەم" ! جا ئەو بیرکردنەوەیە ئێستا بۆوەتە فەلسەفەی کار و ژیانی سیاسی و مەترسییەکەی لە بوونی فەلسەفەی تووندرۆیی و داعش و تیرۆر کەمتر نیە. ھیوادارین ئەو ئاژاوە و راپەرینە سەرەتاییەکی چاکسازی ھەمەلایەنە و لەنێوبردنی فەلسەفەی خۆشسازی و گەندەلێ بێ بە پاکسازییەکی راستەقینە و دڵسۆزانە، و زیاتر لەوە قۆربانی لێنەکەوێت، چونکە وەک ھەمیشە خەلکی سیڤیل دەبن بە قۆربانی ئەو جووڵە و نارەزایەتییانە نەک کەسیتر. دەبێ ھاوشێوەی ھەوڵەکانی وشککردنی سەرچاوەکانی ھزری تیرۆر و داعش، ھەوڵی وشککردنی فەلسەفەی گەندەڵیش بدرێت ئەگەینە ئەگەر دووربینی بکرێت کارەساتی زۆر مەزن و بەرفراوانتر لەوەی ھەیە بەدوادا دێت. ھەبوونی فەلسەفەی گەندەڵی لە ناخ و دەروونی مرۆڤدا، نیشان و ئاماژەیەکی زەق و دیاری ھەبوونی قەیرانێکی کۆشندەی سایکۆلۆژی و کەسێتی و ھزری و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و فەرھەنگی و خێزانی ئەو مرۆەڤە، و سەرەتا یان ناوەراستی نەخۆشییە کۆشندەکانی سایکۆلۆژییە لای ئەو کەسانە، کە ئەگەر چارەسەر و ریشەکێش نەکرێت دەگاتە ئاستی شێرپەنجەی دەروونی، وەک ئەوەی ئێستا ھەیە، و گڕ لە تێکرای وڵات بەردەدات. *پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ

Top