سایکۆلۆژیای نەتەوە

سایکۆلۆژیای نەتەوە
لە سۆنگەی گرنگی بابەتی نەتەوە و رۆڵە کاریگەرەکانی لە یەکگرتن و پێشکەوتنی وڵاتانی جیھان، پێویستە بۆ نەتەوەی کوردیش ببێتە نموونەیەکی باش و ھەوڵی بەرزکردنی ئاستەکەی لای تاکی کوردی، و بە تایبەت منداڵان و گەنجان، وەک چینی بنیاتنانەوەی ئاییندە، بدرێت، و فێری بایەخی نەتەوەپەرستییەکی دوور لە دەمارگیریی تووندھاژۆیانەی نامرۆڤایانە و دۆگماتیەک، بەلکۆ شان بە شانی مرۆڤدۆستی و رێزگرتن لە بەھاکانی مرۆڤی و جیھانی، نەتەوەگەراییان بخرێتە خزمەت کورد و کوردستان و مرۆڤایەتی، بەڵام نەک بە بەھای حاشاکردن لە نەتەوەکانیتر. بێگۆمان ئەو نەتەوە و وڵات و لایەن و مرۆڤانەی ھەوڵی لاوازکردنی نەتەوەگەرایی لای تاکی کوردی دەدەن، و ئەوەش بە پشتەوانی کۆمەڵێک وڵاتی ناوچە و جیھان ئەنجام دەگیرێت، و بە مەلیارھا دۆلار لەو پرۆژەیە خەرج دەکرێت، و ب ناوی جیاوازی ئایینی و چەپگەرایی و ...ھتد، ئەنجام دەدرێت، باش دەزانن مانەوەی کورد لەژێردەستەیی و بە "پەرتەوازەیی" وەک زۆر جار جەنابی سەرۆک بارزانی ئاماژە بەم چەمکە دەدات، و ئەو نەتەوەگەراییە پێکەوە گرێدراون. سەیریش نیە ھەندێ کەس و لایەن بۆ پاراستنی نەتەوەی دیکە لەسەر پشتی نەتەوەی کورد بە مەلیۆنان دۆلار وەردەگرن. مانەوەی کورد بەستراوە بە رێژە و ئاستی نەتەوەپەرستییەکەی.
نەتەوەگەرایی(القومیە یان nationalism) مەزھەب و رێبازێکی کۆمەڵایەتی-سیاسییە، لە کۆمەڵگە و شارستانیەتی ھاوچەرخدا بۆوەتە ھۆکاری پێکەوە بەستنی کۆمەڵێک مرۆڤ، و شەرعیەتێکی داوەتە ئەوان تا داوی مافە رەواکانیان بکەن. ھەر نەتەوەیەک سەربۆر و مێژوویەکی تایبەتی لەو بابەتەدا ھەیە.
لینار دوب نەتەوەگەرایی بەم جۆرە پێناسە دەکات کە بریتیە لە دۆخێکی سایکۆلۆژی کە میللەتێکی تایبەت لە میللەتێکی دیکە جیاواز دەکات، و پەیوەستە بە نۆرم و مێژووی کۆمەڵایەتیی سەقامگیر. بەڵام ئینسایکۆلۆپێدیایەکانی ئەمریکی و بەریتانی بەم شێوەیە پێناسەی دەکەن کە بیریتیە لە دۆخێکی عەقڵی و ھەستێکی ھاوبەش بە ھەبوونی سەرپێبوون (ئینتیما) بۆ کیانێکی کۆمەڵایەتی سەروتر لە سەرپێبوونەکانی ناوچەیی یان ھەرێمی.
جۆن ستیوارت مێل وای بۆ دەچێ کە ھەستی نەتەوایەتی زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە جۆرێکی وێکچوون لە تۆخم و رەگەز و بنەچەدا ھەیە، و لەگەڵیشیدا بەشداریی فاکتەرەکانی وەک زمان و ئایین، و سنوورێکی جۆگرافیایی تیایدا بەشدارن، بەڵام وێرای ھەموو ئەوانە فاکتەری دیکەی وەک سەربۆری سیاسی، مێژووی نەتەوەیی، کە خۆی لە خۆیدا دەرەنجامی بەشداری تێکرای کۆمەڵگایە لە بیرھاتنەکان و ھەستکردن بە شانازی بەکۆمەڵ یان شکستەکانی ئەو نەتەوەیە. کارۆل گۆستاڤ یۆنگ، دەروونناسی بەناوبانگ، ھەمان ئەم جۆرە بیرۆکەیەی لە چەمکێکی سەرەکیی بیردۆزەکەی خۆیدا کۆکردووە و بە "نەستی بەکۆمەڵ" (الشعور الجمعی) دەناسرێتن، و بریتییە لە ئەزموونەکانی مرۆڤەکان بە تێپەڕبوونی مێژوویەکی دورودرێژ، کە دەبن بە ھۆکاری ئەوەی ھەست و بیروباوەر و ھەلچۆنەکانی وەک ترس، خۆشەویستی، و ... لایان دروست ببێ.
ستالین بە جۆرێکی مەتریالیستیکانەی مێژوویی تەماشەی ئەم بابەتە دەکات، و نەتەوە بە بەرھەمی دیرۆکیی یەکگرتنی زمان و ژیانی ئابووریانەی مرۆڤەکان، و یەکگرتنی پێکھاتەی دەروونی ئەوان دەزانێ، کە خۆی لە یەکگرتنی کەلتووری و فەرھەنگیدا دەبینێ، کە لە نێو گرووپێکی سەقامگیری مرۆڤەکان پەیدا دەبێ.
چەمکی نەتەوەگەرایی لە بنەڕەتدا لە وشەی نەتەوە (الڕمە یان nation) ھاتووە، و نەتەوایەتی بریتییە لەو پەیوەندییەی تاک بە نەتەوەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەبێتە پاڵدەر بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەڵچوونەکانیان ھەڵبچێ، و بە ئێستا و داھاتووی ببەسترێتەوە و زمانەکەی فێرببێ و وەربگرێ، و ببێتە بەشێکە لە کەلتوور و فەرھەنگەکەی، ئاواتەخوازی کیانێکی نەتەوەیی ببێ و کار بۆ پاراستنی بکات و ھەوڵی پێشخستنی بدات.
لە رووی ئەلەمێنت و پێکھاتەکانی نەتەوە بگرە و بەردە و دەمەتەقەی زۆر ھەیە و بیروباوەری جیاواز و ناکۆک خراوەتە روو، و ھەر کەسە بە پێی بۆچوونەکانی خۆی لێکیدەداتەوە.
رژێمی بەعسی فاشیستی-شۆڤینی نموونەیەک بوو لەو لایەنانەی ئەو چەمکەی بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی پێناسەکردبوو و لە قاڵبی دابوو، تا رێگەخۆشکەر بێ لە بەدیھێنانی خواستە لەبن نەھاتوو و نارەواکانی، کە لەسەر بنەمای چەوساندنی گشت نەتەوەکانی ژێر سێبەری ھاتبوو ئاوەدانکردن، و بەداخەوە ئەو بیرۆکەیە لە لایەن زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پشتگیرییەکی تەواوی لێدەکرا چونکە ھاوئاھەنگ بوو لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەوانیش، و باشترین بەڵگەش بۆ ئەم گۆتنە پشتگیریی ھەمە لایەنەی مادی و مۆرالی ئەو رژێمە داپلۆسێنەرە بوو لە کاتی جەنگەکەی لەگەڵ نەتەوەی کوردی، کە مێژوو تاھەتایە بە شەرمەزارییەوە باسی لێوە دەکات و بەداخەوە وڵاتانی نادیمۆکراسی بەناو دیمۆکراسیش لە ژێر سێبەری سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەی خۆیان، کە بە ھۆیەوە بەشێکی زۆری دەرامەتی ئەو وڵاتە لە جیاتی ئەوەی بۆ نەتەوەکانی بێ بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی دەچووە گیرفانی ئەو وڵاتانە. بەداخەوە و بە بێ زیادەرۆیی ئەو بیرۆکەیەی رژێمی بەعس و ھەڵوێستی رۆژئاواییەکان ئێستاشی لەگەڵدا بێ کەم و زیاد وەک خۆی ماوەتەوە، و ئەگەر دووربینی و وردبینی بێ نەک رەشبینی، دەبێ بگۆترێت لەوەناچێ بەم زووانە گۆڕانی بەسەردابێ، و بەڵگەی حاشا ھەڵنەگر بۆ ئەم قسەیە ھەموو رووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی پاش رووخانی ئەو رژێمە خوێنمێژەیە، کە ھەر چەندەی پێدەچێ ھەر جار گۆتراوە "ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار"!.
ب گشتی و وێرای ئەوەی کە مێژوویەکی ھاوبەش، زمانێکی یەکگرتوو، خاکەکی یەکپارچە، ئابوورییەکی ھاوبەش، و ئاراستەیەکی سایکۆسۆسیۆلۆژی ھاوبەش لە پێداویستی و ئەلەمێنتەکانی بوونی نەتەوە ھەژمار دەکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین تیۆری بۆ ئەم بابەتە ھەن، کە ئەمانەی خۆارەوە گرنگترینیانن:
ئەو بیردۆزانەی کە بوونی زمان بە سەرەکیترین بنەمای دروستبوونی نەتەوە دەزانن. فێختێ، فەیلەسوفی ئەڵمانی، یەکەم جار لە سەدەی نۆزدە ئاماژەی بەو بنەمایە داوە. ئەوە ئەو سەرچاوانەن کە لە بەردەوامی نکۆڵیکردن لە رۆڵی نەتەوەکانی دیکە لە ئاوەدانکردنی شارستانیەتدا، نایانەوێ ناوی نەتەوەکانی دیکە بێنن، کەچی زۆرێک لە فەیلەسوف و زانایانی کورد زۆر بەر لەوەش ئاماژەیان بەم راستیە داوە، نموونەیان فەیلەسوف و ھۆزانڤانی مەزنی کورد ئەحمەدی خانی بووە، و جوانترین بەڵگەش رۆمان و شاھکارەکەی بووە کە بۆ چەندین سەدە لەمەو پێش، پێش ئەوەی خۆدی فیختێی فەیلەسۆف بوونی ھەبووبێ، دانراوە و ھۆنراوەتەوە.
بیردۆزەکەی دووھەم ئەو کۆمەڵە بیروباوەرانە لە خۆی دەگرێ کە ئاماژە بەوە دەدەن نەتەوە لە بڕی ھەبوونی ویست و توانایی پێکەوە ژیانێکی ھاوبەش دادەمەزرێت، و ئەو بیرۆکەیە لە نیوەی دووھەمی سەدەی نۆزدە لە وڵاتی فرەنسا سەریھەڵداوە. جەنابی سەرۆک بارزانی لە چەمکی "شەراکەت"، ئەو بیرۆکەیە دەخاتەروو، ھەرچەندە کە لای ئەو بۆ مەبەستی نەتەوە بەکار نایێت، بەڵام لە رووی ناوەرۆکەوە ھەمان بیرۆکەیە دەگەینێ. ئەگەر ئەمە لەو سۆنگەیەوە لێکبدەینەوە کە نەتەوەی دەستکردی ئێستای ئەمریکا جۆرێکە لەم پێکەوە ژیانە و "شەراکەتە" لە ژیاندا، کە بۆوەتە نەتەوەیەک بەناوی ئەمریکا. بەڵام ئەو "شەراکەتە" و پێکەوە ژیانەی کە لەم وڵاتە نەک نەیتوانیوە نەتەوە جیاوازەکان لە ژێر یەک چەتر کۆبکاتەوە، تەنانەت توانایی خزمەتگەیاندنی بە نەتەوەیەکی وەک عەربیشی پێنەکراوە و نموونەشی ھەموو ئەو قەیران و ناکۆکییانەن کە ئەم وڵاتە، بەتایبەت لە چەند دەە ساڵی رابردوو بەدەستیەوە ناڵاندویەتی، بۆوەتە ھۆکاری ئەوە زۆر قۆربانیی دیکەشی لێبکەوێتەوە، کە کورد و کوردستانیان یەکێکن لە ھزاران نموونەی ئەو قۆربانییانە.
تیۆرییەکەی سێیەم داکۆکی لە فاکتەرێکی دیکە دەکات کە بریتییە لە یەکگرتنی ژیانێکی ئابووری. بەواتایەکی دیکە لایەنی ئابووری بە کاکڵەی ئەم بیردۆزە ھەژماردەکرێت، و سەرکاروانیی ئەم بیرۆکەیەش بۆ ھەوڵەکانی لینین، کە بە رەگەز مەغۆلێکی خەڵکی روسیایە و روسەکان ھەرگیز لە دەمیان دەرناچێ ئەو راستیە بڵێن، و ھەروەھا ژۆزێف جۆگاشڤیلی(١٨٧٩-١٩٥٣)، بە رەگەز گۆرجستانی، کە دواتر بە ھۆی توانایی بێ وێنەی خۆی لە بەرێوەبردنی ئەو وڵاتەی کە ئەو کردی بە ئیمپراتۆریەتێکی مەزن و یەکەم ھێزی جیھانی ئەو کات، کە نزیکەی یەک لە سەر شەشی قەبارەی گۆی زەوی لەخۆی گرتبوو، بە ناوی ستالین ناسرا، دەگەڕێتەوە. ئەگەرچی ئەم بیرۆکەیە، کە بەھۆکاری سەرەوە بە بیردۆزی مارکسیستیش ناسراوە، نکۆڵی لەوە ناکات کە جگە لە فاکتەری ئابووری، فاکتەرەکانی وەک خاک و زمان و کەلتووریش بێ بەش نین، لە بنیاتنانەوەی نەتەوەکان.
ئەگەر لە سۆنگەی ئەم تیۆرانە نەتەوەی کورد لێکبدەینەوە، چ ئەوەی سەردەمی میدییەکان و چ ئەوەی پێش ئەوان و سەردەمی ئیلامییەکان و ئەو شارستانیەتە پێشکەوتووی ھەیانبووە و ھیچی کەمتر نەبووە لە شارستانیەتەکانی سۆمەڕ، و چ چەرخی نوێی نەتەوەی کوردی، زۆر ھەڵدەگرێ، بەڵام دەبێ بە راشکاونە و کۆرت و کۆرمانجی بگۆترێت کە کورد لە ھیچ یەک لەم فاکتەرانە کەمی نیە، و وێرای زۆر جیاوازی ئایدیۆلۆژیکی و ھزری و سیاسی لە نێو کوردەکان، و پاشکۆبوونی ھەندێ پارت و لایەن بە وڵات و رێبازەکانی ھزری و سیاسی و ئایینی، و دابەشبوونی ئەو نەتەوەیە بەسەر چەند وڵاتێک، بەڵام تەنھا تێپەڕبوونی کات دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ئاستی سەرپێبوونی تاکی کورد بۆ نەتەوەکەی زیاتر ببێ، و ئەوە ھەمان ئەو قۆناغانەیە کە نەتەوەکانی دیکەش پیایدا تیپَەڕیون، و زۆریان قۆربانیداوە تا ئەمرۆ گەیشتوونەتە ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانیان خستووتە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییە تایبەت و تەسک و سیاسییەکانیان، و نموونەشی لە زۆر وڵاتی ئەورۆپی دەبینین، کە وێرای جیاوازییەکان بەڵام کارکردن بۆ نیشتیمان و نەتەوەکەیان بۆوەتە ئامانجی یەکەم و کۆتایی ھەموویان، تابەھۆیەوە زیاترین خزمەت بە ھاونیشتمانیانیان بگەینن، و ھەموو ئەو کارساتانەی کە لە جەنگەکانی جیھانی یەکەم و دووھەم دروستبوون، لە بیریان بچێ. بۆ کورد ریفراندۆم دەرفەتێکی زێڕین بوو تاوەکو ئاستی ھزری نەتەوەیی خۆی بگەینێتە لووتکە، کەچی سەرەڕای ئەوەی ئاستی بەشداری بێ وێنەی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت کوردەکان، خۆی لە خۆیدا نۆمایشێکی تەواوی نیشاندا کە گەشەی ئەو ھزرە زۆر بەرز بووە و کوردستانیان چاوەڕوانی شتی گەورەیان دەکرد، بەڵام رووداوە نەخوازراوەکانی وەک ١٦ ئۆکتۆبەر جارێکی دیکە گۆرزێکی کۆشندەی لەو گەشەیە و ھزری نەتەوایەتی وەشاند، کە قەرەبۆکردنی زۆر ئاسان نابێ، پێویستی بە دەرفەتی زیاتر ھەیە.
دیارە کورد ھێشتان ماویەتی بگاتە ئەو قۆناغە، و کارەساتەکانی ئەنفال و حەلەبچە و گەرمیان و شنگال و کەرکووک بۆ دەھان جار نەیتوانیوە ویژدانی ھەندێ کەس و لایەن بھەژێنێ و نەچاریان بکات دەست لە ڕق و کین و عینادی بێ واتا ھەڵگرن، و بتوانن وەک چۆن جوولەکەکان و ئەرمینییەکان و زۆر نەتەوەی دیکە سوودیان لە رابردوویان وەربگرن لە بیناتنانی وڵاتی خۆیان و خۆشگۆزەرانی بۆیان دابین بکەن. رۆشنبیرانی وڵاتی ئێران لە گلەییەکانیان لە دەستھەڵاتدارانی خۆیان ھەمیشە ئاماژە بەو خاڵە دەدەن کە ئەوان ئێرانیەکانیان کردووتە قۆربانیی خەڵک و نەتەوەی دیکە و نەیانتوانیوە بە وەرگرتنی وانە و ئەزموون لە رابردووییە تاڵەکەی ئاریاییەکانی ئەو وڵاتە لەسەردەمەکانی داگیرکەران وەربگرن و قەربۆی ھەموو ئەو ناخۆشیانە بکەن کە بەدرێژایی مێژوو ستەمێکی بێ وێنەیان لێکراوە، جا بۆیە دەبێ ئێمە بۆ خۆمان و ئەو کوردانە چی بڵێین کە ھێشتان لە رووی گەشەی ھزری و عەقڵییەوە نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە تا ئەزموون لە خەڵک و نەتەوە و رابردووی خوێناوی خۆدی کوردەکان وەربگرن. دەبێ ئێمە چەند جاری دیکە ئەنفال بکرێین و کێمیاباران و جینۆساید و ... ھتد، بەسەر کورد دا بێت، تا ھەندێ کوردی خەوتوو لە خەوەکەیان ھەڵسن، و لە جیاتی ھەوڵدان بۆ ئاژاوە و رووخاندنی ورەی خەڵک و کوردستانیان بدەن، و بە بیانۆی بوونی گەندەڵی گەندەڵییەکی کۆشندەتر ئەنجام بدەن، کە ئاکامەکەی زۆر مەترسیدار و بڤەیە و زیانەکانی لە بن نەھاتوون؟
-سەرچاوە: عبدالحمید ، الھام (٢٠٠٤). التنشئە السیاسیە فی العملیە التربویە، گ ١، مرکز المحروسە، القاھرە.
*ئەو بابەتە بەدەستکارییەوە لە ژمارەی (٥٥٤٤) ی رۆژنامەی خەبات لاپەڕە (٧) لە بەرواری (٤/٧/٢٠١٨) بڵاو کراوەتەوە.
*پرۆفیسۆری ە. لە زانستی سایکۆلۆژیای پێداگۆگی/ زانینگەی زاخۆ
Top