ئێمەی کوردستانی زۆرمان گوت و ئێوەی عێراقچی کەمتان بیست
July 16, 2018
وتار و بیروڕا
کاتێ ئێمەی کوردستانی دەمانگوت: شەراکەت نەماوە و شیعە بەرەو سەپاندنی دەسەڵاتی زۆرینە هەنگاو دەنێ و دەیەوێ دەستکەوتەکانی کورد لە مەنگەنەی دیکتاتۆری مەزهەبیدا بگوشێ، ئێوەی عێراقچی دەتانگوت: سیستەمێکی هاوشێوەی (بەغا)مان دەوێ و حکومەتی بەغدا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دیموکراتی ترە.
کاتێ ئێمەی کوردستانی دەمانگوت: بەغدا بودجە و مووچە و قوتی خەڵکی کوردستانی بڕیوە، ئێوەی عێراچی دەتانگوت: حکومەتی هەرێم و لەناو حکومەتی هەرێمیشدا بە تایبەتی پارتی، شەڕ بە بەغدا دەفرۆشێ و بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا نەوت دەفرۆشێ و داهاتی کوردستان رادەستی بەغدا ناکات.
کاتێ ئێمەی کوردستانی دەمانگوت: ریفۆاندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵک مافێکی رەوای خەڵکی کوردستانە و درەنگ یا زووش کورد دەگەیەنێتە دوا ئامانج، ئێوەی عێراقچی پاکانەتان بۆ خیانەتی حیانەتکاران دەکرد و دەتانگوت: ئەوەی بەسەرمان هات لێکەوتەی ئەو ریفراندۆمە سەقەتە بوو و دەبێ ریفراندۆمچیەکان دادگایی بکرێن.
کاتێ ئێمەی دەمانگوت: بەغدا موفلسیە، ئێوەی عێراقچی موفلیسیتان لە پێدانی مووچەدا کورت هەڵدێنا و دەتانگوت: مووچە دواناکەوێ و خزمەتگوزاریەکانیش کوالێتیان زۆر بەرزە و لە فرۆشتنی نەوتیشدا شەفافە.
کاتێ ئێمەی کوردستانی دەمانگوت: تا سەربەخۆ نەبین نە خاوەنی خاک دەبین و نە خاوەنی خۆمان دەبین، ئێوەی عێراقچی دەتانگوت: بەردەوام بن لە بایکۆت و مووچەتان لە بەغداوە بۆ دێنین و منداڵانی کوردیشتان فێر دەکردن بڵێن: مووچەمان دەوێ و سەربەخۆییمان ناوێ.
کاتێ ئێمەی نەخوێندەواری کوردستانی دەمانگوت: پاراستن و بەرگری کردن لە حکومەتی هەرێم ئەرکی ئەخلاقی و نەتەوەیی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکان کوردستانە: ئێوەی خوێندەواری غێراقچی دەتانگوت: فدراڵی پارێزگاکان کۆتایی بە کێشە و قەیراەکانی کوردستان دێنێ و بەغداش مووچەی هەرێمی سلێمانی دەنێرێ.
کاتێ ئێمەی کوردستانی دەمانگوت: پێشمەرگە رەمزی بەرگری کردنە لە کوردستان و هێزی بەدیهێنەری سەربەخۆیی کوردستانیشە، ئێوەی عێراقچی بە وڵاتاندا دەگەڕان و دەتانگوت: پێشمەرگە میلیشیایە و برا عەرەبەکانمانی ئەنفال کردووە.
کاتێ دەمانگوت: با کێشە سیاسی و حزبییەکان نەبەینە بەغدا و با لە بەغدا یەکدەنگ ز یەکهەڵوێست بین، ئێوە دەتانگوت: ئێمە عێراقین و کێشەکانمان دەبەینە پەرلەمانی بەغدا و لە دادگای فیدراڵیش شکات دەکەین.
کاتێ دەمانگوت: حەشدی شەعبی دیوی دووەمی داعشە و بە ئەقڵی عرووبە کورد دەوێنێ، ئێوە لە پەرلەمان بە یاساییتان دەکرد و دەتانگوت: هێزێکی عێراقییە و پارێزەری یەکپارچەیی خاکی عێراقیشە.
زۆرمان گوت: هەموومان کوردین و لە یەک کەشتی داین و مردن و ژیانمان بە یەکەوەیە، کەمتان بیست و پێتان گوتین: تۆپینی خۆمان و زەرەری ئێوە.