پارتی و رێبازی بارزانی نەمر

پارتی و رێبازی بارزانی نەمر
زۆرێک لە پارتیەکان و بە تایبەتیش ناحاڵی و گەندەڵەکارەکان، ئەوانەش کە رێکەوت هێناونیە ناو پارتی، کۆی ئەو نەیارانەش کە لە رابردوودا بەناوی رکابەرایەتی پارتی دژایەتی رێبازی بارزانی نەمریان کردووە و ئێستاش بەردەوامن، پێیانوایە کە پارتی و رێبازی بارزانی نەمر یەک زاراوەن و ئەوەی پارتی بێ لەسەر رێبازی بارزانی نەمرە و ئەوەش کە لەسەر رێبازی بارزانی نەمر بێ پارتییە، ئای لەو هەڵە گەورەیە! ئای لەو خوێندنەوە سەقەتە! بەڕاستی ئەو خوێنەوەیە تا سەر ئێسقان خوێندنەوەیەکى هەڵە و پووچە، چونکە مەرج نییە هەموو پارتییەک لەسەر رێبازی بارزانی نەمر بێ و هەموو شوێنکەوتوەکانی رێبازی بارزانی نەمریش لەناو پارتیدا کۆ بووبنەوە.
بارزانی نەمر نە دز بوو نە گەندەڵ بوو، نە ماستاوچی بوو نە قبوڵی دەکرد ماستاوی بۆ بکرێ، خۆی لە کەس بە گەورەتر نەدەزانی و کەسیشی لە خۆی بە گەورەتر نەدەزانی.
ئێستا لەناو پارتیدا دەیان و سەدان و بگرە زیاتریش دز و گەندەڵ هەیە، دەیان و سەدان و بگرە زیاتریش ماستاوچی و ماستاو بۆ کراو هەن، دەیان و سەدان کەسی لەخۆبایی وا هەن بە میکرۆسکۆب شەهامەت و پیاوەتیان تێدا نابینی و خۆشیان بە گەورە پیشان دەدەن، دەیان و سەدان کەسی واش هەن بە بچوکی لە دایک بوون و لای گەورە پیاوان وانەی گەورەییان پێبدری گەورە نابن، کەواتە ئەوانە لەناو پارتیدا ئەگەر پلە و پۆستی باڵاشیان هەبێ و بڕیاردەریش بن، رێبازی بارزانی نەمر لێیان بێبەرییە و نەفرەتیشیان لێدەکات.
بارزانی نەمر کوردپەروەر و شۆڕشگێڕ بوو، بۆ سەربەخۆیی کوردستان ژیا و لەو پێناوەشدا ئاراستەی مێژووی سەرهەڵدانە ناوچەییەکانی گۆڕی بۆ بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و رزگاری نیشتیمانی.
ئێستا لە دەرەوەی پارتی سەدان و هەزاران کەڵە پاوی وا هەن نە دز و نە گەندەڵن، نە ماستاوچی و نە قبوڵیانە ماستاویان بۆ بکرێ، بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بەختەوەری گەلەکەیان ئامادەی گیان بەخشینن، کەواتە ئەوانە لەناو هەر حزب و رێکخراوێکدا بن، هەر بیروباوەڕێکی سیاسییان هەبێ، شوێنکەوتەی راستەقینەی رێبازی بارزانی نەمرن.
Top