ریفراندۆم DNA سیاسی بوو
July 11, 2018
وتار و بیروڕا
ریفراندۆم ئەگەر هیچی بۆ کورد نەکردبێ پشکنینی (DNA) سیاسی بۆ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کرد, بەر لە ریفراندۆم و پشکنینی (DNA) هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لەسەر کوردایەتی و مافی سەربەخۆیی لە ململانێ و پێشبڕکێی سیاسی دابوون، بەڵام ریفراندۆم و پشکنینەکە کارتی موزایەدەی لە دەست موزایەدەچیان دەرهێنا و حزب لایەنەکانی کردن بە دوو بەشەوە، وەک لە پشکنینەکەدا دەرکەوت بەشێکیان تەنها لە وتار و بانگەشەدا کوردستانی بوون، لە کردار و ناخیشدا هەڵگری ڤایرۆسی عرووبە و عێراقچێتی بوون، بۆیە ئەو بەشەیان گەڕانەوە سەر بەرەبابی عرووبە و دەمامکی ساختەی کوردایەتیان لەسەر دەموچاو لادارا، دوای ئەوە لە کوردستان و لە بەغداش لە عەرەب عەربتر بوونە پارێزەری عێراقی یەکپارچە و شمشێری ژەنگنی عرووبەیان لە کوردایەتی و ئازادی کورد و سەربەخۆیی کوردستان هەڵکێشا، بەشەکەی تریش چۆن بە ژەکی کوردایەتی فرچک درابوون و بە لایەلایەی شۆڕشگێڕی پەروەردە کرابوون، وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان رێبازی کوردایەتیان گرتەبەرو خواستی سەربەخۆیی کوردستانیان بە دۆست و دوژمن گەیاند.
بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە ئەو بەشەی لە پشکنینی (DNA) سیاسی کورد دەرنەچوون و گەڕانەوە سەر بەرەبابی عرووبە، زیاتر لەو بەشەی لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان خەباتیان کردووە و رەنجیان داوە، شانازی بە عرووبە بوونی خۆیانەوە دەکەن و عێراقچێتی وەک خەمخۆری و پەرۆشی بە کوردی ژێردەستە و وڵات وێرانی چاو لە دووی سەربەخۆیی دەفرۆشنەوە, بەوەشەوە ناوەستن و بەرەی سەربەخۆخواز بەوە تاوانبار دەکەن کە پیلان دژی یەکپارچەیی خاکی عێراق دادەڕێژن.