وردکردنەوەی (١٠) دیناری خدرئاغا و ئەژمار کردنەوەی دەستی دەنگەکان

وردکردنەوەی (١٠) دیناری خدرئاغا و ئەژمار کردنەوەی دەستی دەنگەکان
پێش ئەوەی حکومەتی عێراق هێز پەیدا بکات، ناچار بوو فەمانبەر و بەرپرسانی قەزا و ناحیەکان لە خەڵکی عەشایر و ئاغا و کوێخاکانی سنوورەکە دابنێ، خدرئاغا کە لە ئاغاکانی میراودەلی دەبێ دەکرێتە بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد و مام (خالید)یش کە یەکێک بوو لە پیاوە زۆر قسە خۆش و ئاقڵمەندەکانی قەڵادزێ لای خدرئاغا دەکرێتە فراش.
رۆژێک خدرئاغا دەڵێ: خالید بڕۆ ئەو (١٠) دینارەم بۆ ورد بکەوە، مام خالید دەچێ (١٠) دینارەکە دەکاتە پێنج فلسی و دە فلسی و بڕێک بۆ مەسروفاتی خۆی هەڵدەگڕێ و باقیەکەی بۆخدرئاغای بەڕوەبەری ناحیە دێنێتەوە، خدرئاغاش دەست دەکات بە ئەژمار کردنەوەی پارە ورد کراوەکە، لە ئەنجامی ئەژمار کردنەوەکەدا پارەکە کەم دەکات، خدراغا دەڵێ: خالید خۆ پارەکە کەمی هەیە، مام خالیدیش بۆ شاردنەوەی ئەو بڕە پارەی دەریهێناوە دەڵێ: قوربان خەڵک خەراپ بووە و بەرەکەتی خوا نەماوە، تا ئەژماری بکەیەوە زیاتر کەم دەکات، خدرئاغاش دەڵێ: خالید راست دەکەی و رێک پارەکە هەڵدەگرێت.
دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش دەنگۆی تەزویری یەکێتی بوو بە قسە و باسی رۆژ، لایەنکان داوای ئەژمار کردنەوەی دەستی سندووقەکانی هەڵبژاردنیان کرد، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا و یەکێتی بەو بڕیارە زۆر سەغڵەت بوو، بڕیاری دادگا چووە بواری جێبەجێ کردن و ئێستا یەکێتێ دەڵێ: بە ئەژمار کردنەوەی دەستی دەنگەکانمان زیادیان کردووە، بۆیە داوا لە لایەنەکان دەکەم چیتر پێداگری لەسەر ئەژمار کردنەوەی دەنگەکان نەکەن، چونکە قاسمی سولێمانی بەرەکەتی خستۆتە ناو دەنگەکانی یەکێتی و ئەگەر جارێکی تریش ئەژمار بکرێنەوە، دەنگەکانی یەکێتی زیاد دەکەن، ئەوە بەرەکەتی قاسم سولەمانییە و بە هیچ کەس و لایەنێک کەم ناکرێنەوە.
Top