گرووپەکانی فشار و کاریگەرییان لەسەر سیستەمی سیاسی:

گرووپەکانی فشار و کاریگەرییان لەسەر سیستەمی سیاسی:
گرووپەکانی فشار: بریتییە لە کۆمەڵە تاکێک کە لە چەند خەسڵەتێکدا یەکدەگرنەوە و بەرژەوەندییەک یا پەیوەندییەکی دیاریکراو کۆیان دەکاتەوە و بایەخ دەدەن بە پەرەپێدان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ڕێی ی کارکردنە سەر ڕای گشتی و فشار خستنە سەر بڕیارەکانی حکومەت، بەمەش ئەم گرووپانە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستەڵاتدا دەمێننەوە و کاریگەریان دەبێت بەسەر ئەوانەی جڵەوی دەستەڵاتیان بەدەستەوەیە بەڵام ھەوڵنادات سەرکردەکانی بگەیەنێتە ئاستی فەرمانڕەوایی. ئەوەی کە گرووپەکانی فشار لەگەڵ حزبە سیاسیەکان جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە گرووپەکانی فشار بەپێچەوانەی حزبەکان نایانەوێت دەستەڵات کۆنترۆڵ بکەن و دەست بگرن بە سەر جومگە ھەستیارەکانی دەوڵەتدا، بەڵکو کاریان تەنھا درووستکردنی فشارە بۆسەر دەستەڵاتی یاسادانان و دەستەڵاتی جێبەجێکردن و دەستەڵاتی دادوەری، بۆ جێ بەجێ کردنی داخوازی و پێویستییەکانیان و وەدەست ھێنانی بەرژەوەندییەکانیان.
ھەروەھا زانا " دیڤید ترومان David Truman" پێ ی وایە گرووپەکانی فشار: بریتییە لە کۆمەڵە خەڵکانێک کە ھاوبەشن لە سیفەتێکی گشتیدا و لەسەر بنەمای ئەو سیفەتە کارلێک دەکەن و بوونی شتێکی ماددیش لەو سیفەتەدا ھیچ گرنگ نییە لەوانەیە تەنھا ئاراستەیەک بێت.
گرووپی فشار گرووپیێکی کۆمەڵایەتییە، لەوانەیە قەبارەی گەورە یان بچووک بێت . ئەم گرووپە کۆمەڵایەتییش چەند بەرژەوەندیەکی ھەیە و دەیەوێت بە زووترین کات بۆ ئەندامەکانی بیان ھێنێتەدی. ھەر کاتێکیش ئەم گرووپە توانی بەرژەوەندییە ھەنووکەییەکانی بھێنێتە دی ئەوا ئەرکەکانی تەواو دەبێت و کارایی و چالاکییەکانی دەوەستن.
ھەروەھا گرووپەکانی فشار کۆمەڵەیەکی رێکخراوە لە تاکەکان کە خاوەن بەرژەوەندی ھاوبەشن و ئەندامەکانیشی روانگە و ئامانجی ھاوبەشیان ھەیە و ھەوڵی کاریگەر دەدات بە شێوەیەکی راستەخۆ یا ناڕاستەوخۆ بۆ سەر لێپرسراوانی حکومەت بۆ ئاڕاستەکردنی سیاسەتە گشتییەکان لەو بابەتانەدا کە کاریگەرییان ھەیە بۆ سەر بەرژەوەندی ئەندامەکانی.
بۆ ڕوونکردنەوە دەتوانین بڵێین گرووپەکانی فشار ئەو کۆمەڵە رێکخراوانەن کە رێکخستنێکی فەرمییان ھەیە لەو کەسانەی کە بەشداری دەکەن بۆ ئامانجێکی ھاوبەش یان زیاتر ھەوڵدەدەن کاریگەرییان ھەبێت لەسەر رەوتی رووداوەکان بە تایبەتی بۆ پێکھێنانی ئیدارەیەکی سیاسی گشتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان ، ئەم گروپانەش جیاوازن لە رووی قەبارە و سامان و ھێز و ئامانجەکانیانەوە، بەڵام ھۆکارو ئامرازەکانیان لە یەک دەچێت لەوانەش دروستکردنی کاریگەری لە سەر ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانان و ئاراستەکردنی دەنگدەران و بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی کاریگەر لەسەر رای گشتی ، ھەروەھا گروپەکانی فشار ھەوڵدەدەن کاریگەرییان لەسەر بریارەکانی ھەر دوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری ھەبێت.
کەواتە گرووپی فشار: گرووپە تاکێکن کە ھەندێ قازانجی پێکەوە بەستراو کۆیان دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی ئەم قازانجانە لە ڕێگای پەیوەندی بە کاربەدەستەکان وە ھەموو جۆرە ھۆیەکانی بەکاردێنێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان وە فشار دەخاتە سەریان .
سەرھەڵدانی گرووپەکانی فشار:
سەرچاوەکان ئاماژە دەکەن کە دەستەی پاشایی لە سکۆتلەندا، بەکۆنترین گرووپی فشار دادەنرێت، کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی چواردە و ھەژدە چەندین کۆمەڵی سیاسی درووستبوون کەتێدەکۆشان بۆ چاکسازی سیستەمی پەرلەمانی. گرووپەکانی فشار لە ووڵاتانی ئەورووپا لەگەلڕ گەشەی بزاڤی پیشەسازی زیاتر کەوتنە جموجۆڵ و فشارخستنە سەر دەستەڵات، کە لە ئەنجامی سەرھەڵدان و گەشەسەندنی شۆڕشی پشەسازیدا چەندین گرووپی جیاجیا درووستبوون، لەنێویشیاندا گرووپی کرێکاران ھاتنە دامەزراندن بۆ داکۆکیکردن لە پێوستیی و ماف و داخوازییەکانی چینی کرێکاران.
یەکەمین دەوڵەتیش دانی نا بە شەرعیەتی کاری سەندیکاییدا بەریتانیا بوو، بە پێ ی یاسای ١٨٧١ دوای ئەویش فەرەنسا لە یاسای ساڵی ١٨٨٤. کەواتە دەتوانین بڵێن گرووپەکانی فشار بەرھەمی سەردەمی مۆدێرنیتەن، ھەروەھا رۆڵێکی گرنگ دەگێرن لە گەشەسەندنی سیاسی کۆمەڵگاکاندا، لە کۆمەڵگا پیشەسازییەکاندا.
وەکو زاراوەش، زاراوەی گرووپەکانی فشار، زاراوەیەکی نوێیە، یەکەمجار لە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکارھات و لە دوای جەنگی جیھانی دووەم بەجیھاندا بڵاوبوویەوە.
جۆرەکانی گرووپی فشار
توێژەران جیاوازی لە نێوان دوو جۆر گرووپی فشار دەکەن، گشتی و پشکی"کەرتی".
جۆری یەکەم/ گرووپی فشاری گشتی: ئەو گرووپەیە کە خەمی یەکەم و کۆتایی کاری سیاسیە، واتە فشار خستنە سەر دەستەڵاتەکان کە پێیان دەوترێت لۆبی. لۆبیەکان دامەزراوە گەلێکی پسپۆرن لە کاریگەری خستنە سەر پەرلەمانتار و وەزیر و کاربەدەستانی تر ھەروەھا نمونەی ئەم گرووپانە یەکێتی پەرلەمانی بۆ بەرگریکردن لە ئازادی خوێندن.
جۆری دووەم/ گرووپی فشاری پشکی(کەرتی): ئەو گرووپانەن کە گوتاری سیاسی یەکێکە لە چالاکیە گشتییەکانیان، واتە لە بنەرەتدا کاری سیاسی ناکەن، بەڵام لەکاتی درووستبوونی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان پەنا دەبەنە بەر فشاری سیاسی، بۆ نمونە سەندیکای کرێکاری.
بەڵام بەشێوەیەکی گشتی گرووپەکانی فشار دابەش کراون بۆ چوار جۆر کە ئەمانەن:
١- گرووپە پیشەییە خاوەن بەرژەوەندییەکان
وەک پزیشکان و پارێزەران و مامۆستایان ....ھتد. پزیشکان و پارێزەران بە زۆری لە پارێزگارە سیاسی و ئابوورییەکانن، لە کاتێکدا مامۆستایان زۆربەیان لە لیبراڵە ئازادەکانن و لە لایەکەوە کرێکانیان دیاریکراو و کەمە.
٢- گرووپی فشاری سیاسی: ئەو گرووپانەن کە تەنیا بەرژەوەندی سیاسیان ھەیە و پێ ی دەووترێ( lobbies) بۆ نموونە ( لۆبی چین ) کە بەو ناوەوە ناسراوە لەبەرئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەک سیتەمێکی سیاسی دانی نەناوە بە چیندا.
٣- گرووپەکانی بیر ( فکری): ئەو گرووپانەن کە پێک دەھێنرێن بۆ بەرگریکردن لە فکرێک جا ئەو فکرەیە ئایینی یان کۆمەڵایەتی یان سیاسی یان ئابووری ...ھتد بێت.
٤- گرووپە فشارییە مرۆییەکان: ئەو گرووپانەن کە بە دەگمەن چالاکی سیاسی ئەنجام دەدەن وەکو گرووپەکانی چاودێری منداڵ و گرووپەکانی پاراستنی ئاژەلڕ و ھەموو گرووپە خێرخوازەکانیش دەچنە چوارچێوەی ئەم جۆرە، ئەو گرووپانە ھیچ جۆرە خۆھەڵقورتاندنێکیان نییە بۆ کاروباری سیاسی و ئامرازەکانی فشاریش لەسەر دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بەکارناھێنن تەنیا لەکاتی داواکردنی یارمەتی ماڵی و راوێژکردن لەسەر ئەو پرۆژە یاساییانە نەبێت کە زیان لە چالاکییەکانیان دەدات.
گاریگەری گرووپی فشار لە بەشداری پڕۆسەی سیاسی، دەکرێت بە دوو ئاراستە
١. کاریگەری ڕاستەوخۆ: کە لەسەر ئاستی دەسەڵاتە گشتیەکاندا دەبێت لە دەوڵەت و کارکردنە سەر ئەندامانی پەرلەمان یان وەزیرەکان یان بەڕێوەبەرانی نوسینگەکانیان یاخود فەرمانبەرانی کارگێری بە ئاستە جیاوازەکانەوە وەیان بەڕێوەبەران و فەرمانبەرانی دامەزراوە و دەزگا گشتیەکان فشاریش یان بە شێوەیەکی ئاشکرا دەبێ لەڕێی ( ھەڵبژاردن – ڕاوێژ – توندوتیژی ) یان بەشێوەی شاراوە لەڕێی (پەیوەندیە گشتییەکان – پەرەپێدان – زنجیرە – گەندەڵکردن)
٢. کاریگەری ناڕاستەوخۆ: کە گرووپەکانی فشار پیادەی دەکەن بە بەکارھێنانی ھۆ و ڕێگەی ھەمەجۆر بۆ کارکردنە سەر ڕای گشتی لەڕێی ناچارکردن و قەناعەتھێنان لەڕێی بانگەشە و دەستگرتن بەسەر ھۆیەکانی ڕاگەیاندنەوە .
گرووپی فشار و دیموکراسی
ھەرچەندە گروپەکانی فشار بەشێکن لە پرۆسەی سیاسی ھەر ووڵاتێک بەڵام ئامانجی گەیشتن بە دەسەڵاتیان نییە (نایانەوێت ببن بە حکومەت و دەست بگرن بەسەر جومگەکانی دەستەڵاتدا) ئەم گروپانە پێکھاتەیەکن لە نێوان ( رێکخراوە بەھێزەکان)و( سەندیکاکان کە لە سەر ئاستی گشتی و نەتەوەیی کار دەکەن).
بە شێوەیەکی گشتی لە ھەڵسەنگاندنی گروپەکانی فشاردا چەندین راوبۆچوونی جیاواز ھەیە، ھەندێک پێیان وایە تەنانەت لە نێوان دیموکراسەیەت و گروپەکانی فشاردا پەیوەندی ھەیە لە کاتێکدا ھەندێکی دیکە پێیان وایە بوونی گروپەکانی فشار بەڵگەیە لەسەر بڵاوبوونەوەی گەندەڵی سیاسی.
ئەوانەی کە دەڵێن گروپەکانی فشار دیاردەیەکی دیموکراسیە پێیان وایە دیموکراسیەتی راستەقینە نابێت ھیچ بەربەستێک دابنێ لەبەردەم ھێزە سیاسیەکاندا و پێویستە دەسەڵاتەکانی دەوڵەت وەڵامی ھەموو داواکارییەکانیان بداتەوە کە ھەڵقوڵاوی ئارەزووەکانی گەلە، لەبەر ئەوەی مانای ڕاستەقینەی دیموکراتییە.
گروپە خاوەن بەرژەوەندییەکان ئەرکێکی زیندوو بەجێ دەھێنن لە وێنەی گشتی دەوڵەتی دیموکراسیدا و ئەمانە دەنگ و سەدای توێژێکی گەلن، لەبەر ئەوەی ئامرازێکن بۆ دەربرین و باسکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکان و ھیچ دژایەتیەکی لەگەڵ دیموکراسیەتدا نییە. بەڵام رێکنەخستن و ھەرەمەکی چالاکی گروپەکانی فشار لەوانەیە ببێتە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی ژیانی سیاسی و ھەرەشەکردن لە سیستەمی دیموکراسی، ھەر بۆیە باشترین چارەسەر بریتییە لە رێگەدان بە گروپەکانی فشار بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکانی لە دەربرینی بەرژەوەندییە جیاوازەکانیان بەڵام پێویستە ئەم چالاکیانە ملکەچ بکرین بۆ رێکخستنێک بە شێوەیەک چالاکیەکانیان ئاشکرا بن و لە چوارچێوەی سنورە دیاریکراوەکانی یاسادا بن تا نەبنە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا.
ھەروەھا لە سیستەمە دیموکراسیەکاندا گروپەکانی فشار ئامرازێکی گرنگن بۆ بەھێزکردنی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن و ئاسانکاری ھۆکارەکانی دەربڕینی ڕای جیاواز، ھەروەھا فشار ئامرازێکی باشە بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لەو پێداویستیانەی ھاوڵاتیان کە زۆر زەحمەتە لە ڕێگەی حیزبەوە لێی ئاگادار بن. لە کاتێکدا پارتی سیاسی نوێنەرایەتی چەندین بەرژەوەندی ئاڵۆز و بەیەکداچووی چینەکانی کۆمەڵ دەکات، گومان لەوەشدا نییە کە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا ھەڵوێست و لێکدانەوەی بۆچوونە دژبەیەکەکانی گروپەکانی فشاری بەلاوە گرنگە لەبەرئەوەی یارمەتی دەدات بۆ وێناکردنی سیاسەتێکی گونجاوی ئەوتۆ کە لەگەڵ ھەموو بەرژەوەندییەکاندا ھاوتا بێت کە لە رێگەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە نوێنەرایەتی دەکات. لە لایەکی دیکەوە گروپەکانی فشار ڕۆڵێکی گرنگ و کارایان ھەیە لەسەر ڕای گشتی بە شێوەیەکی تایبەت بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندییەکانیان.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین گرنگترین خەسڵەت و ئەرکەکانی گروپەکانی فشار لەم چەند خاڵەی لای خوارەوەدا بخەینەڕوو:-
١- گروپەکانی فشار ئەرکێکی زیندوو بەجێدەھێنن لە وێنەی گشتی دەوڵەتی دیموکراسیدا بەشێوەی کۆمەڵ، لەبەر ئەوەی دەنگ و سەدای گروپێک یان چینێکی گەورەی میللەتن.
٢- گروپەکانی فشار بەشێکی گرنگ و دانەبراوی کاروباری سیاسی کۆمەڵگان.
٣- ئامرازێکی ڕێکخراون بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندی و ئازادییەکانی تاک.
٤- گرنگی بە بەرژەوەندی ئەندامەکانی دەدات، ھەوڵدەدات کاریگەری ھەبێت لەسەر بڕیاری لێپرسراوە سیاسییەکان و ھەروەھا ھەوڵی کاریگەر دەدات لەسەر دەسەڵاتی ناوەندی و ھەرێمیەکان.
٥- ھەوڵ دەدات کاریگەری ھەبێت لەسەر بریارەکانی ھەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری.
٦- ھۆشیار کردنەوەی جەماوەر بۆ بەرژەوەندی گشتی کاتێک گروپەکانی فشار بەرگری لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان دەکەن، دەتوانرێت ھاوسەنگی دروست بکرێت یان دژایەتییان بکرێـت لە رێگەی ھۆشیارکردنەوەی جەماوەر بۆ بەرژەوەندی گشتی.
٧- بەھێزکردنی ئۆپۆزسیۆن: گروپەکانی فشار ئۆپۆزسیۆن بەھێزدەکەن و تاکەکانی ئەندامی ئەو گروپانە زیاتر چاودێری کاری لێپرسراوانی حکومەت دەکەن.
٨- دەرکردنی یاساکان: ئەمە زۆرترین رێگای بەکارھێنراوە، لە کاتێکدا دەوڵەت ھەڵدەستێ بە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت، ئەوا لە لایەن ئەم گروپانەوە تاوتوێ دەکرێت تاکو بزانرێت تا چەندە لە سوودی گشتی یان ئەو چینە دیاریکراوەیە کە یاساکەی بۆ دەرچووە، بۆیە ئەگەر ھەست بە کەموکوریەکانی کرا ئەوا لە لایەن گروپەکانی فشارەوە ھەوڵدەدرێت کە دوبارە پێداچوونەوە بۆ ئەو یاسایە بکرێت، وە دەنگ ونارەزاییەکانی خەڵک دەگەیەنێتە ئەنجوومەنی یاسادانان.

Top