مرۆڤ و جەنگ و شارستانیەت

مرۆڤ و جەنگ و شارستانیەت
پیرۆزکردنی جەنگفرۆشتن لە لایەن ھەندێ وڵاتەوە یەکێک لەو تاوانە مەزنانەیە، ھەرگیز ناھێڵێ مرۆڤ بگاتە کەنارە ئارامەکانی بەختەوەری. رەوشی ژیانی ناڵەباری مرۆڤی ھاوچەرخ وا دەخوازێ کۆتایی بەو بیرۆکەیە بھێنرێت. دەبێ رەگ و ریشەی تام وەرگرتن لە شەڕ و جەنگ و کۆشتار و کۆشتن و سەربڕین و خوێنڕشتن، و خۆشەویستی و خوولیا و ئارەزووی وێرانکردنی شار و ئاواییەکان، و چێژوەرگرتن لە دیتنی کاوڵکاری، و رفاندنی مرۆڤەکان و دەست بەستراوی تیرۆرکردنیان و ھەڵقەندنی قۆرتێک و گۆڕێکی بەکۆمەڵ و بەکۆژراوی فڕێدانیان بۆ نێو ئەو چاڵە و بێ ئەوەی ھیچ رێزێک بۆ خۆدی ئەو مرۆڤ و ئافرێنەر و خۆدایی مەزن بنرێت، وشک بکرێت. دەبێ ھەموو تاوانەکانی لەو شێوەیە، کە تەنھا بۆ تێرکردنی حەزێکی نامۆ و نەگۆنجاو لەگەڵ سروشت و یاساکانی، و بۆ دامرکاندنی رقَ و قینێکی لەبن نەھاتووی ھەندێ مرۆڤی دەرووننەخۆشی لادراوە لە پێوەرەکانی ئاسایی و سروشتیانە و پەروەردەکراو لە بێشکەیەکی ناڵەباری دەروونی و کۆمەڵایەتی و گوشکراو بە خۆپەرێستی و پەنجەشێری سایکۆلۆژیی خۆگەورەدیتنانەی شیزۆفرینییانە، سەرکۆنە بکرێت. دەبێ تەنھا و تەنھا مرۆڤ پیرۆز بێ، تا ھەموو پیرۆزییەکانی دیکەش رێزیان لێبگیرێت. بەبێ بە پیرۆز زانینی مرۆڤ پیرۆزییەکانی دیکە واتا و رامانی خۆی لە دەست دەدەن. یەزدانی مەزن بە ئافراندنی مرۆڤ خۆی لە خۆدی خۆی مەندەھۆش دەبێ و دەفەرمووتن " ... تبارک اللە ڕحسن الخالقین ...". چونکە ئەو بوونەوەرە ئافرێنراوەی خۆی پێ لە زۆر و تەنانەت ھەموو شتەکانیتری پێ جوانتر بوو. بۆ دەبێ بە جەنگ و کۆشتن بێرێزی لەو بوونەوەرە و ئافرێدەیە، و بە جۆرێک لە جۆرەکان یەزدانی مەزن و دلۆڤان بکرێت. کێ ئەو مافەی داوەتە ئەو وڵاتانە ئەو بێرێزییە بنوێنن مەگەر ھەموومان، و بەر لە ھەموویان ئەوانەی کە بۆ ناو و نیشان و پارە و ھەندێ شتی ناشایستەی گەندەڵکارانە و پلە و پایەیەکی کاتی، رێگە بۆ ئەم تاوانە خۆش دەکەن. بە پیرۆز زانینی جەنگ سەرەتایەکە بۆ کۆتاییەکی بێ وێنە بۆ شارستانیەتی مرۆڤایەتی. چونکە وێرای ھەموو ئەو جوانییەی، و بوون بە مایەی سەرسووڕھێنەری بۆ خۆدایەکی تاکانە، بەڵام ئەوەی راستی بێ، لە سووڕ و چەرخە و (cycle)ی سروشتدا مرۆڤ ھیچ جیاوازی لەگەڵ ھیچ گیانەوەرکی دیکە و تەنانەت مێش و مەگەس و پێشکە و دار و درەخت و گیایەکان نیە، و زۆر ئاساییە بە بێڕێزی بۆ یەزدان و سروشت و یاساکانی وەک ھەر شتێکی دیکە لە سروشت وەلا بنرێت. چونکە خۆی خۆی بێڕێز دەکات، بۆیە لە لایەن سروشتیشەوە رێزی لێناگیرێت. *پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top