حزبی کاتی و سیاسەتمەداری قۆڵبڕ
July 7, 2018
وتار و بیروڕا
یەکێک لەو حزبانەی کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ خاوەنی ستراتیجێکی روون و ئاشکرا نەبووە و بەردەوام لە نێوان تاکتیک ستراتیجدا هەڵبەز و دابەزی کردووە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، رۆژێک ماوی و رۆژێک سۆشیال دیموکرات، رۆژێک هەڵگری مافی چارەی خۆنووسن و رۆژێکیش عێراقچی و عرووبەخواز، کێشەکەش لەوەدایە ئەو کاتەی هەڵگری پەیامی مافی چارەی خۆنووسین بووە, جێبەجێ کردنی مەحاڵ بووە، ئەو کاتەش دەبێتە عێراقچی، عێراق بەرەو هەڵوشانەوە دەچێ و جگە لە دابەشبوون هیچ رێگایەکی تری لە بەردەم نەماوە، بۆیە دەبینین ئێستا ئەو حزبە بۆتە فەوزاخانەی سیاسی و چەندین مەرکەزی بڕیاری پێچەوانە و دژ بە یەکی هەیە.
حزبێکیش کە تاکە کەسێک بۆ مەرامی سیاسی خۆی دایمەزراند بزووتنەوەى گۆڕانە و دامزرێنەرەکەشی نەوشیروان مستەفایە، وەک دەبینین بە نەمانی نەوشیروان مستەفاش ئەو بزووتنەوەیە تووشی سەرگەردانی سیاسی بووە، چۆن لە دامەزراندنیدا بە ناسرووشتی گەشەی کرد، ئەوهاش بە نەمانی نەوشیروان مستەفا تووشی پەتای شۆڕبوونەوەی خێرا دەچێ و ئێستا لە گیانەڵای سیاسی دایە.
سیاسەت مەدارە قۆڵبڕەکانیش ئەو سیاسیانەن کە لەگەڵ درووشم و ئامانجانەکانیان راستگۆ نین، بۆ خڵەتاندنی خەڵک بە وتار جوان و بە کردار ناشیرینن، لى پێناو مانەوە و گەیشن بە مەرامە تایبەتیەکانیان هەموو شتێک دەکەن بە خیانەت کردن لەوانەش کە دوایان دەکەون، بۆ نموونە:ــ
یەکێک لە سیاسیە قۆڵیڕەکان نەوشیروان مستەفا بوو، بە درووشم و وتار هەژار و هەژار پەرست و لە خزمەت هەژاراندا بوو، کاتێکیش مرد سەرمایەدار دەرچوو، لەوەش خراپتر هەرچی سەرمایەی حزبە ٢٤ کورسی و دەنگدەرە نیو ملیۆنەکەی هەبوو، بە دزیەوە کردبووی بە مڵکی خۆی، دوای نەمانی خۆشی وەک میرات بوو بە مڵکی جوتە کوڕ و تاقانە کچەکەی.
بانگخوازانی حزبە ئیسلامیەکانیش قۆڵیڕی سیاسین، بە وتار ئیسلامخوازن و داوای حوکمی ئیسلامی و جێبەجێ کردنی شەریعەتی ئیسلام دەکەن، لە مەیدانی کرداریشدا دینی ئیسلام و شەریعەت دەکەنە کاڵا و بە باڵای مەرامە سیاسیەکانی خۆیانی دەبڕن.
بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی پارتیش قۆڵبڕی سیاسین، بە درووشم و وتار وا خۆیان پیشان دەدەن کە شوێنکەوتەی رێبازی بارزانی نەمرن و لە کوردایەتی زیاتر هیچ خواست مەرامێکی تریان نییە، لە راستیشدا ئەوانە هەڵگری جۆرە مەرامێکن کە بارزانی نەمر و رێبازەکەی نەفرەتیان لە هەڵگرانی ئەو جۆرە مەرامانە کردووە.