سەردەمێكی تازەی گوماناویی ئەتۆمی
July 7, 2018
وتار و بیروڕا
لەعەرەبییەوە: بەهادین جەلال
كاتێ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بە فەرمی لە رێككەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران كشایەوە كە بە- كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە ناسراوە- جارێكی دیكە ئەوەی سەلماند كە نیازی وایە هەموو قەوارەو رێككەوتننامە سەرەكییەكانی جیهان لەناوبەرێت، ئەو بڕیارەش دەبێتە گورزێكی بەهێز لە رێككەوتنی 2015 كە لە ئەنجامدا هەموو جیهان رووبەڕووی مەترسی دەكاتەوە.
ئەم رێككەوتنە دوای چەندین ساڵی وتوێژی سەخت بە رەزامەندیی حەوت دەوڵەتی یەكێتیی ئەوروپا هاتەئاراوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەكۆی دەنگ پەسندی كرد، بەڵام ترەمپ تاكلایەنە بەرزترین ئاستی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند، هەروەها بەسەر هەر دەوڵەتێكیش كە یارمەتیی ئێران بدات بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی. لەئێستاشدا ئەو كۆمپانیاو بانكانەی سەر بەو دەوڵەتانەی كە بە بەڵێنەكانیانەوە پابەندبوون بەپێی كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە رووبەڕووی مەینەتی و كێشە بوونەتەوە، بە دەستەواژەیەكی دیكە ئەو دەوڵەتەی كە بەڵێنەكانیان نەبردۆتەسەر سزای ئەوانەی داوە كە پێوەی پابەندبوونە.
تا ئەم كاتەش دەتوانرێت كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە رزگاربكرێت، هەموو لایەنەكانی دیكەی رێككەوتنەكە سەرلەنوێ جەختیان كردۆتەوە لەسەر ئەوەی كە پێوەی پابەندن، بەڵام بەتایبەتی لەسەر یەكێتیی ئەوروپا پێویستە كە بەرپرسیارێتیی بگرێتە ئەستۆ دەربارەی دەستەبەریی كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە، هەرچەندە پەیوەندییەكان لە ئەتڵەسییەوە بە ئەولەوییەتێكی باڵا دادەنرێت، بەڵام لە گرنگیی داكۆكیكردن لە فرەیی و هەموو لایەنەكانی كەمتر نییە، دژی هەڕەشە سەرەڕۆو بێ پاساوەكان، ئەمەش بە شێوەیەكی تایبەتی كاتێ بڕوای پێدەكرێت ئەگەر ئامانجی ئەو هێرشانە پێش هەموو شتێك رەوشی ئەمریكا نەبێت بەڵكو رەوشی ترەمپ بێت.
كشانەوەی ترەمپ لە كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە لە چركەساتێكی زۆر هەستیاری پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان دێت، لەلایەكەوە بڵاوبوونەوەی ئەتۆمی لە سەرووی ئەجێنداكانەوەیە لە نیمچەدوورگەی كۆریا، سەرەڕای گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی ئەرێنی لەم ماوەیەی دواییدا ، بەڵام ئیدارەی ترەمپ ئەم هەلە لە دەست دەدات ئەویش بە هۆی رەفتارو بەرنامەی بێسەروبەری سیاسیی ئەو ئیدارەیە.
لەم ماوەیەی دواییدا مۆن جای سەرۆكی كۆریای باشوور لەگەڵ كیم جۆنگ سەرۆكی كۆریای باكوور كۆبۆوە بۆ باسكردنی رێككەوتنێكی ئاشتیی فەرمیی تایبەت بە كۆتاییهێنانی شەڕی كۆریا، كۆبوونەوەی ئەو دوو سەركردەیە بە پێشەكییەكی كۆبوونەوەیەكی دیكەی نائاسایی نێوان كیم و ترەمپ دادەنرێت، كە بڕیارە لە دوازدەی مانگی حوزەیران ئەنجام بدرێت.
یەكەم كۆبوونەوەوی نێوان سەرۆكی كۆریای باكوور و سەرۆكی ئەمریكا كە لەئێستادا لە پۆستەكەیدایە رەنگدانەوەی پێشكەوتنێكی گەورەیە كە لەمیانی چەند مانگێكدا ئەنجام دەدرێت. نابێ ئەوەشمان لەبیربچێت كە ساڵی 2018 بە هەزار جاری هەڕەشە لێكدی كردن دەستی پێكرد لەنێوان كیم و ترەمپدا، دیارە ترەمپیش تا رادەی لەخۆباییبوون زێدەڕۆیی دەكرد لە قەبارەی دوگمە ئەتۆمییەكە. بەڵام لەو كاتەوە ویلایەتە یەكگرتووەكان پشتی بە دیبلۆماسییەت بەستووە لەجیاتی ئەو ملهوڕییە بێ ناوەڕۆكەی مامەڵەكردن لەگەڵ هەڕەشەی ئەتۆمیی كۆریای باكوور، ئەمەش ئەو رێچكەیە بوو كە
لەم دواییەدا پێشكەوتنی هێنایە ئاراوە. سەرەڕای ئەمە، كاتێ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی تازە دامەزراوی ئەمریكا بەنیازبوو بچێتە كۆریای باكوور بۆ ئەوەی جاری دووەم كیم ببینێت، كەچی ترەمپ دەستی كردەوە بە رەفتارە دوژمنكارییەكەی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێراندا.
پێشبینی ئەوە دەكرێت كە وتووێژ لەگەڵ كیم زۆر سەخت و ئاڵۆز بێت، بەتایبەتیش كە كۆریای باكوور بەپێچەوانەی ئێران بە كردەنی چەكی ئەتۆمیی هەیە، بۆیە لەگەڵ لەدەستدانی نیازپاكیی دیبلۆماسیی ئەمریكا بەهۆی پێشێلكردنی كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە لەگەڵ ئێراندا، ئەم ئەركە زۆر سەخت دەبێت. لە راستیدا ترەمپ مەیلی لەوەدایە كە گوزارشت لە خۆی بكات لە روانگەی بەرژەوندیی نیشتمانی و سەروەری و توانای سەربازی و سەركەوتنی ئابوورییەوە.لەگەڵ ئەوەشدا مەیلی ترەمپ و حەزی توندئامێزی ئەو لەهەمبەر ئێراندا پەیوەندیی بە سیاسەتی واقعییەوە نییە، بەڵكو لەگەڵ ئەو بەرنامەیەیدایە كە هەموو سیاسەتەكانی سەر بە ئۆبامای سەرۆكی پێشووی خۆی رەتدەكاتەوە، وێڕای ئەمەش مەبەستی ترەمپ لە كشانەوە لە كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە رازیكردنی هەردوو هاوپەیمانی بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ئەوانیش ( عەرەبستانی سعودیە و ئیسڕائیل)ن كە هەر لەگەڵ وەرگرتنی پۆستەكەی سەردانی هەردووكیانی كرد.
لە راستیدا، كاتێ محەمەد كوڕی سەلمان جێنشینی سعودیە لە ئاداری رابردوو سەردانی كۆشكی سپی كرد، یەكسەر ترەمپ خۆی لەو كێشە ئاڵۆزە دزییەوە كە پەیوەستە بەو شەڕەی سعودیە لە یەمەن سەرۆكایەتیی دەكات ئەویش بە پرۆتستۆكردنی ئێران كە پشتگیریی یاخیبووانی حوسی دەكات. بۆیە لەجیاتی گرتنەبەری دەستپێشخەریی دیبلۆماسی بۆ كۆتاییهێنانی كوشتار و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ یەمەن، ئیدارەی ترەمپ بەردەوامبوو لە خۆشكردنی ئاگری شەڕی سعودیەو ئێران كە دەبێتەهۆی نانەوەی پشێوی و مەینەتیی زیاترو ناوچەكە ناسەقامگیرتر دەكات. بەهەمان شێوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان بڕیاری دا بە گواستنەوەی باڵوێزخانەكەی لە شاری تەلئەبیەوە بۆ قودس، ئەم بڕیارەی ترەمپ كە لە مانگی كانوونی یەكەم دەریكرد بووەهۆی هێنانەكایەی نائاسوودەیی و ناسەقامگیریی زیاتر لە جیهانی ئیسلامیدا(هەرچەندە ناڕەزاییەكانی ئێران لە ناڕەزاییەكانی سعودیە دوژمنكارانەتر بوو). كردنەوەی باڵیۆزخانەكە لە یادی حەفتا ساڵەی راگەیاندنی سەربەخۆیی ئیسڕائیل هاوكات بوو لەگەڵ یادی كارەساتەكەی فەڵەستینییەكان كە لە ئەنجامی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل بە هەزاران هاووڵاتی فەڵەستینی ئاوارەو دەربەدەر بوون.
بەدڵنیاییەوە هاوپەیمانیی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ سعودیە و ئیسڕائیل شتێكی تازە نییە، بەڵام ترەمپ دەستبەرداری ئەو بەرنامەیە بوو كە زۆر میانڕەوە و ئیدارەی پێشوو لەسەری دەڕۆیشت، بەمەش ترەمپ دەروازەی زۆری دۆزەخ بەڕووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكاتەوە. لەئێستاشدا توندڕەوانی هەردوو وڵات زیاتر رشت بوونە، ئەمەش لەوەدا روون دەبێتەوە كاتێ بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل گوماندەكات لە كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە و لە گرنگییەكەی كەمدەكاتەوە، هەمان شتیش لە ئێران راستە، چونكە كشانەوەی راستەوخۆی ترەمپ لە كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە لە بەرژەوەندیی توندڕەواندایە.
ئەوەی پەیوەستە بە سووریاوە بارودۆخەكە زۆر باش نییە، رووداوەكانی ئەو وڵاتە هەموو هێزەكانی ناوچەكە دەگرێتەوە، بەراستی لە باشووری سووریا پێكدادان لەنێوان هێزەكانی ئیسڕائیلی و ئێرانی روویدا، ئێستاش حكومەتی نەتانیاهۆ هەڕەشە دەكات بەوەی چەند رێكارێك دەگرێتەبەر بە وەڵامدانەوەی ئەو راپۆرتانەی ئاماژەدەكەن كە ئەگەری ئەوە هەیە رووسیا مووشەكی دژەفڕۆكەی جۆری س-300 بداتە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا.
دیارە كە هەڵوەشاندنەوەی كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە لەلایەن ترەمپەوە دەبێتەهۆی بەردەوامبوونی رووبەڕووبوونەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە هەمان كاتیشدا دەبێتەهۆی ئاڵۆزكردنی دۆخەكە لە نیمچەدوورگەی كۆریا، بە شێوەیەكی فراوانتر رەنگە بڕیارەكەی ترەمپ دەرهاویشتەی خراپی هەبێت بۆ سەر هەوڵە جیهانییەكان بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی، كە پێدەچێت لەئێستادا ئەو هەوڵانە لە پاشەكشەدا بن، لە هەفتە و مانگەكانی داهاتووشدا مەترسیگەلێكی چاوەڕواننەكراوی لێ دەكەوێتەوە.
* خافییر سولانا، نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشە لە یەكێتیی ئەوروپاو سكرتێری پێشووی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی(ناتۆ)بووە