(هاشوهوشی سەرشاشە یاخود عەقڵ و حیکمەتی حکومڕانی؟)

(هاشوهوشی سەرشاشە یاخود عەقڵ و حیکمەتی حکومڕانی؟)
٭کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجومەتی وەزیران وەک دیاردەیەکی ئاسایی و بۆڕونکردنەوەی زۆر بابەت و ڕووداو کارێکی ڕۆتینیاتی حکومەتەو دیاردەیەکی باشیشە بۆ بەرچاو ڕونی هاوووڵاتیان لەسەر زۆر بابەت و مەلەفی پەیوەندیدار بەسەر ژیان و گوزەران و ئەمنیەت و ئاسایشی ووڵاتەکەمانەوە ،ئەوەی بۆمن جێگەی هەڵووێستە لەسەر کردن و زیاتر خوێندنەوەو ڕونکردنەوەیە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر پەیوەندی نێوان (هەولێر+ئەنکەرە)(هەولێر+تاران)

٭هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لەم دەووڵەتەی کەناوی عێراقی فیدراڵە پەیوەندیەکی درێژو چڕوپڕی لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی دراوسێی(تورکیاو ئێران)هەیەو هەمیشەش هەوڵی هەبووی پەیوەندیەکی تەندروستی لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ داوە بەئومێدی سوود وەرگرتنی بەرامبەر تا بتوانین پێکەوە هاوسێیەکی باش و بەکەڵکبین و سوود بگۆڕینەوە نەک زیان

٭بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستان بزووتنەوەیەکی خاوەن هەقەو بۆ دۆزی گەلێکی ستەملێکراو تێدەکۆشێت کە دەیان ساڵە بەناڕەوا ئاگرو ئاسن بەقوڕگیدا دەکرێت بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەش لەبەرچاو بگرین کە هەرپاچەیەکی ئەم ووڵاتە داگیرکراوە تایبەتمەندی و سنوری جوگرافی دیاری کراوی کارو چالاکی خۆی هەیەو کورد وەک نەتەوە لەسەر ئاستی گشتی هەرچوارپارچە شۆڕشی بۆ دۆزەکەی نەکردوە چونکە تەقریبەن شتێکی مەحاڵە بۆیە هەرپارچەیەک بەتایبەتمەندی خۆیەوە لەشۆڕشدایەو دەیەوێت ڕزگاری وەدەست بێنێت

٭هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خوێن وخەباتی سەدساڵەی خەڵکی باشوری کوردستانە و بەشێوەی فیدراڵی لەچوارچێوەی عێراقدایە و وەک هەرێمی گەورەی ناوچەکەو وەک دیفاکتۆیەکی نیمچە دەوڵەتی بوونی خۆی نیشان داوەو دەدات و لەژێر هەیمەنەی کۆمەڵێک یاسای گشتی دەڵەتی و عێراقیدایەو لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خەڵکی باشوری کوردستان لەژێر کۆمەڵێک ئیلتیزاماتی هەرێمی و جیهاندایە و دەبێت پێوەی پابەندبێت

٭ئێمە لەباشوری کوردستان کە سیادەوسنورمان تاهەنوکە لەژێردەسەڵاتی بەغدایەو ناوچەکەشمان لەگۆڕانکاری گەورەو خێرادایەو لەهەموو لایەکەوە ئاگری بەرژەوەندی و ستراتیژی زلهێزەکان هەر ڕۆژەو شوێنێک دەکاتە سووتماکو سووتوو لەهەموو دەوڵەتەکانی ناوچەکە زیاتر لەبەردەم هەرهەڕەشەومەترسیەکداین بۆیە پاراستنی دۆخی گشتی هەرێم لەهەر ئاگرو سووتاندنێک پێوویستی بەعەقڵیەتی دەوڵەتداری و حومکڕانیەکی حەکمیانە هەیە تا ئێمەش وەک هاوسێ نزیکەکانمان نەبینە سووتوو خۆڵەمێش

٭نێچیرڤان بارزانی وەک هادی عەلەوی گووتەنی پیاوی حوکمڕانی و خاوەن عەقڵیەتێکی واقیعبینانەیەو پیاوی چارەسەری کێشەو گرفتەکان و کوژاندنەوەی ئاگرەکانە هەرواش لەسەر ئەم هەنگاوو ڕەوتەی خۆی بەردەوامەو لەسۆنگەی بەرپرسیاریەتی و وەک هەمیشەو بەعەقڵی حوکمڕانی کردنێکی تەندروست ئەمڕۆ بە ئاشکرا گووتی نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنرێت بۆ لێدانی دەوڵەتانی دراوسێ ئەم دێڕە پڕاوپڕە لە واقیعیەت و ڕاستیەکی تاڵیشە بۆ ئەو هێزانەی کە ئێرە بۆ مەرامی خۆیان بەکاردەهێنن

٭ لە شۆڕشە یەک لەدوایەکەکانی باشوری کوردستان هەرگیز خاکی هیچ پارچەیەکی دیکەو هیچ ووڵاتێکی دیکەی بۆ خۆی بەکارنەهێناوەو هەمیشە سەرکردایەتی شۆڕشی باشوری کوردستان لەناوخاکی باشوری کوردستاندا بوە نەک بەشەکانی دیکەو ئەوکاتەشی بازانی نەمر بۆ هاوکاری کۆماری کوردستان چوە مهاباد لەدوای گەشتنیان لەژێر فەرمانی پێشەوا قازیدابوون و دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیشیان خاکی ڕۆژهەڵاتیان بەجێهێشت تازیان بەهاووڵاتیان کوردی ڕۆژهەڵات نەگات بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە خەباتی کوردانی باکور بەتایبەت لەو ساتەوەی (پەکەکە)سەرپەرشتی دەکات هەرگیز مەیدانی سەرەکی کارو چالاکیان خاکی باکوری کوردستان نەبوەو ماوەیەکی زۆرو تافەترەیەک پێش گیرانی (ئۆجەلان)لە سەر خاکی جۆلان بوون لە سوریا و لەدوای ئەویش زیاتر خزاونەتە خاکی باشور لەڕێگای سیلسیلە چیای قەندیلەوە و تائێستاش زیاتر لە(۸٥۰)گوندی باشوری کوردستانی خستەوەتە سنوری خۆی ئەمە لەکاتێکدا لەباکوری کوردستان کە سنوری چالاکی ئەوانە تەنها گوندێکیشیان لەژێردەستدا نیە!!!!

٭بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات زۆر ڕەچاوی دۆخی هەرێمی کوردستانیان کردەوە کاروچالاکیەکانیشیان ئەو شانە نوستوانەی ناوشارەکانن کەهیانە لەگەڵ ئەو ئەومەفرەزەپێشمەرگانەی کەبەردەوام لەسنوری خاکی ڕۆژهەڵاتدان نەک لێرەوە بەڕێبکرێن بۆ ئەودیووکاروچالاکی ئەنجام بدەن ناوهێنانیشیان بۆ ڕاگرتنی باڵانسە تانەووترێت بۆچی بەس باسی پەکەکەو تورکیادەکرێت

٭دۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی باشوری کوردستان لەهەمووکاتێک زیاتر ناسکەو زۆر دۆسیەی گرنگ لەچواردەوری ئەم هەرێمە دەگوزەرێت بەشێوەیەک لەماوەی پێشوودا نیوەی هەردوو دەوڵەتی سوریاو عێراق بەخەڵک و خاکەوە بوون بەسووتوو زیاد لەچەند ملیۆن کەسێک لەم بێنەوبەردەدا کوژران و بوون بەقوربانی و هەروا تیاچوون بۆیە پاراستنی خەڵک وو خاکی کوردستان لەئەولەویەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەو سەرۆک وەزیرانی ئەم حکومەتەش وەک هەمیشە بەعەقڵیەتی حکومڕانیکردن و دوور لە هاشوهوشی میدییاو فرۆشتنەوەی شۆڕشگێڕی قسەی لووسی سەرشاشە لەخەمی پاراستنی ووڵاتەو بۆئەم مەستەش هەموو ڕێگایەک دەگرێتەبەر بۆیە لەبری ئەوەی کە درۆزنەکانی سەرشاشەو موزایەدەچیەکانی فیسبوکەوان ئاراستەمان بکەن دەبێت بەهەموومان سەپۆرت وپشتگیری سەرۆک وەزیران بین و پاڵپشتی هەنگاوەکانی بین بۆئەوە دۆخێکی باشترو ئارامتر بۆ خۆمان و نەوەکانمان بوونیاد بنێنین.
Top