پێشمەرگەی ئەفسانەشکێن و ئاییندەھێنەر

پێشمەرگەی ئەفسانەشکێن و ئاییندەھێنەر
بەداخەوە کەلتووری دژایتیکردنی خەونی کورد لە ھەبوونی وڵاتێکی سەربخۆ تێکەڵ بە بیرۆکە خۆرافییەکانی کەسان و لایەنی نێو سێ نەتەوەی ناوچەکە کراوە. ئەوان ھەمیشە ئەو ھزرەی کوردیان خستووتە قاڵبێکی وەک لادان لە ئایین. وەک ئەوە وابێ کە ھەموو کوردێک بەردەوام تووشی جندۆکە دێن و ئەو جندۆکەیە رۆژ و شەو چەند جار دێتە نێو جەستەی و ھانی دەدات یان بە وتەی ئەوا " ھەڵدەخەڵەتێنرێت" تا تووشی تاوانی داواکردنی وڵات و سەربخۆیی و ئازادی بکات و ھەڵبستێ بە سەرکێشی و ریفراندۆم و ... ھتد، بکات. زیاترین داخ ئەوەیە کە ئەو جندۆکەیە لە دیدی ئەوان ئیسرائیل و ئەمریکا بن! بەداخەوە ھەندێ کەس ئەوە بیرکردنەوەیان بێ. ئەوە چەرخی بیست و یەک بێ و بیرکردنەوەی ھەندێ کەس و لایەن و نەتەوە ئەوە بێ. بەو عەقڵیەتە نەک ھەر (شەراکەت و تەوافۆق مەحاڵە)، بەڵکۆ ژیانی خۆدی ئەوانیش جۆرێکە لە دۆزەخ و دلپیسی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەوان بەم رەفتارەیان لووتکەی گەمژەییان پیشانی مرۆڤایەتی دەدەن، و بێگۆمان سەرچاوەی ئەو بیرکردنەوەیە یەک شوێنە، ئەگەینا مەعقووڵ نیە ئەو ھەموو مرۆڤە وەک یەک بیربکەنەوە.
ئەو بیرکردنەوەیە چەند جار بێ رێزییە لە کوردستانیان:
١-بەر لە ھەموو شتێک بۆختانێکی نارەوا و پێژەوانەی ھەموو بەھا ئایینی، و بە تایبەت ئایینی پیرۆزی ئیسلام و محەمەدی ئەمین(س) و یاسا نێونەتەوەیی و کەلتووری و مرۆڤییەکانە.
٢-حاشاکردنە لە گشت ئەو زۆڵم و زۆردارییەی لەم میلەتە دەکرێت. چونکە بەو بیرۆکەیە ئەوان وان پیشاندەدەن کە کوردستانیان نەتەوەیەکی گەمژەی بێ ھەست و سۆز و نەفامی خەوتوون کە ھیچ شتێک لەو جیھانە ناگەن و ھەست بەو ھەموو زۆڵمە ناکەن و زوو لە بیری دەکەن یان وەک ئەوە وابێ ھیچ روو نەدابێ. نە ئەنفالێک و نە رفاندنی ھزاران ئافرەت و ژنی کورد و فرۆشتنی لە بازاڕە سێکسییەکانی وڵاتانی عەرەبی و بە جارییە ھەژمارکردنی ئەو ھەموو مێینەیە، و ھەموو تاوانەکانی حەلەبچە و تاوانەکانی رۆبۆسکی و سەقز و بانە و بۆکان و سەردەشت و گەرمیان و دێرسم و عەفرین و قامشلۆ و کۆبانێ و شنگال و ....ھتد.
٣-لەیادبردنی ئەو ھەموو چاکەیەی بە ھزاران ساڵە لەگەڵ ئەواندا دەکرێت و ئەوەی خزمەتان کردوون، و بێمنەتی نواندنە بەرامبەر بە ئەو ھەموو قۆربانیە.
ئەمرۆ و پاش ئەوەی پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان لە گشت پارچەکانی کوردستان ئەفسانەی داعشی وەھابیی تیرۆریزمی تێکشاندووە و بەرپرسە گەورەکانی ئەو وڵاتانە ئاشکرا درۆینانە مژدەی لەناوچوونی داعشیان دەدا، کەچی داعش شاخێک یان خانوویەک نیە خاپوور بکرێت و بە یەکجاری لە ناو ببردرێت، بەڵکۆ بیرۆکەیەکە ھەرگیز لە نێو ناچێ، بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە سەر لە نوێ پەیدابوونەوەیەتی، کە بەداخەوە بۆ بازرگانانی چەک و ھەلپەرستانی ناوچە و تەنانەت رۆژئاواش بووەتە سەرچاوەی خێر و بێر، بۆیە بە ویستی خۆیان و بۆ مەرامەکانی خۆیان بەکاریان دێنن و ئاراستەیان دەکەن و پیلانەکانی خۆشیان پێ جێبەجێ دەکەن. بۆ ئەوان داعش و ھزرەکەی بۆوەتە پێخۆرەیەکی باش، تا وەک خۆیان دەوێ بۆ ھەر شوێنێک بیانەوێ بیانھاژۆن و ھەر شوێنێکیان بوێ بەدەستیان خاپووری بکەن، و بوونی ئەو بیرۆکەیە و حەزی داعشبوون لە ناوچەکە زۆر بەھێزە و بەو ئاسانییە لەنێو ناچێ.
دوای شکستە یەک لە دوای یەکەکانی سووپای عێراق و حەشد شەعبی و بەرەی شێعە، کە خۆی لە خۆیدا ترسێکی رەمەکییە و لە دوای پەیدابوونی وەھابیەت و ئەو تاوانانەی کە لە پێش دوو سێ سەدەی پێشووترەوە گەیشتووتە بەرزترین ئاستی خۆی، بۆوەتە بەشێکی جیانەکراوەی کەسێتی تاکی شێعە لە ناوچەکە، بەتایبەت ئەوەی لە شارە مەزھەبییەکانی وەک کەربەلا و نەجەف و ... ھتد، کراوە و ھەرگیز لە مێنتالیتەی تاکی شێعە دەرناچێ. تەنانەت لە چەند رۆژی رابردوو سەماحەتی ئایەتۆلا سیستانی، گەورە مەرجەعی شێعە روو لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات و ھۆشدارییان دەداتێ لە مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ئەو ناوچانە و پێیان دەڵێ" ئاگاتان لە ئاسایشی وڵات بێ نەک لە ھەڵبژادنەکان"! ئەو مەترسییە لە خۆڕا نیە.
بەڵام بێ ھێزی ئەو لەشکەرە و بەتایبەت سوپا و حەشدی شێعە لەو کارە و بەتایبەت پاراستنی ناوچەکانی کاکەییەکان و پاریڤگای کەرکووک و دیالا و ناوچە کوردنشینەکان بۆوەتە ھۆکار بۆ ئەوەی وەک لە زانیارییەکان دەرکەوتووە " خۆیان بۆ راکردن و ھەڵاتن ئامادە دەکەن، تەنانەت داوای " جل و بەرگی مەدەنی" دەکەن. بەڵام ئەوان دیسان پەنایان بۆ پیلانێکی دیکە دەبەن و دەیانەێ ئەو پێشمەرگەیەی کە خۆیان دوای خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر و پاش ئەوەی پێشتر و لە ٢٠١٤ نەیانتوانی ئەو ناوچەیە لە پەلامارەکانی داعش بپارێزن رادەستی داعشیان کردبوو و پێشمەرگە خۆنەویستە قارەمانەکەی کوردستان و بە فەرماندەیی جەنابی سەرۆک بارزانی توانی لە داعش پاکسازی بکات، بگەڕێننەوە تا ھەمان ئەفسانە دووبارە بکەت. دیارە ئەوان ھێشتان پێشمەرگە و کوردستان و سەرکردە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانی بە لەشکەر و سەردەمی کۆن و سەلاحەددین ئەیووبی تێدەگەن کە دەتوانن کورد و پێشمەرگە تێوە بگڵێنن و بە ناوی ئایینەوە جارێکی دیکە تاج و تەختەکانیان بە بەژن و باڵا و قارەمانی و فیداکاری کورد و خوێنی سووری پێشمەرگە بپارێزن. وەک ئەوەی سەلاحەددین کردی و بۆ رزگارکردنی ئەوان ھزاران رۆڵەی کوردی بە کۆشت دا و خوێنیان بە فێرۆدرا و بوون بە قۆربانی حەز و ویستی بێگانەپەرستییەکانی ئەو کەسانە.
بەڵام ئەوان ئەمجارە بە ھەڵەداچوونە. چونکە سەردەمی ئەو عەقڵیەتە بەسەرچووە. کورد و سەرکردایەتییە ھۆشیار و ئازایەکەی ئێستا لە لووتکەی گەشەی نەتەوەیی و ھزری نیشتمانپەروەرییدایە. چیتر بۆ کەس نابێتە گۆچانی لێدان و فڕاندن و تاڵانکردن و ئەنفال و کۆشتنی خەڵک، لە پێناو پاراستنی تەخت و تاجیان. ئەوان گەیشتن بە ئاواتەکەی خۆیان بۆ سەربەخۆیی و ئازادی و دەوڵەتداری لە ھیچ شتێک سڵ ناکەنەوە و ساتێکیش لە بیر خۆیانی نابەن.
کورد ئێستا بەو پەڕی مەزڵوومیەتەوە چاوەروانی وەرچەرخانە مێژووییەکانی ناوچەکەن، تا ببینن ئەو زۆڵم و زۆردارییەی کەسانێک لەو نەتەوانە و لە پەنا و بەناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە، لێیان کراوە خەریکە سەری خاوەکانی دەخوات، و ئەو وڵاتەی ئەوان بە " دەجال " ناوزەدیان دەکرد چۆن ژێر بە ژێر گۆڕێکی قووڵ بۆ ھەموویان ھەڵدەقەنێ و خەنەوە ئەھریمەنییەکانیان ژێر گەڵ دەنێت. چونکە ئەوان بە درێژایی چەند سەدەی رابردوو تووشی لەخۆبایبوون ھاتبوون و سروشت ئەوە قبووڵ ناکات، چونکە بە پێچەوانەی یاساکانیەتی.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top