ئیرادەی سەرکەوتن گرنگە، بەڵام گرنگتر ئیرادەی خۆ ئامادەکردنە بۆ سەرکەوتن

ئیرادەی سەرکەوتن گرنگە، بەڵام گرنگتر ئیرادەی خۆ ئامادەکردنە بۆ سەرکەوتن
دەلێن " ئیرادەی سەرکەوتن گرنگە، بەڵام گرنگتر ئیرادەی خۆ ئامادەکردنە بۆ سەرکەوتن".
پشووی ھاوین یەکێکە لە پشوە درێژەکانی دام و دەزگاکانی وەزارەتی پەروەردە بە تایبەت قوتابخانەکان کە زیاتر لە لە دوومانگ بۆ مامۆستا و قوتابیان دەبێتە پشوو لە خوێندن و قوتابخانە دووردەکەونەوە ، ئەلێرەدا گرنگە وەزارەتی پەروەردە ساڵانە بەرنامەی دارێژراوی ھەبێت بۆ ئەم پشووە بە تایبەت بۆ مامۆستایان و قوتابیان، چونکە ناکرێت وەزارەتی پەروەردە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ لە قوتابی و مامۆستاکانی دووربکەوێتەوە و ھیچ بەرنامەیەکی پەروەردەیی نەبێت بۆیان .
بە پێویستی دەزانم وەزارەت بەرنامەیەکی گشتگیری ھەبێت بۆ قوتابیە خۆشەویستەکان لە سەرجەم پەروەردەکان ئەویش بۆ قۆناخی بنەڕەتی چەندەھا خولی فێربوونی بیناتنانی کەسایەتی و زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەر و وانەکانی ھونەری بکاتەوە لە قوتابخانەکان و ھاوکاری دارایی ھەبێت بۆ سەرکەوتنی خولەکان .
ھەروەھا لە قۆناخی ئامادەیی لە سەر ئاستی پەروەردەی قەزاکان ئەوەی پێویستە و گرنگە ئەنجام بدرێت کە چۆن بتوانین لە وەرزی ھاوین لە قوتابیە خۆشەویستەکان دوورنەکەوینەوە، ئەویش بە کردنەوەی خولی راھێنان و مەشق بە ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کە ھیچ خولێک لە (٢-٣)ھەفتە کەمتر نەبێت بۆ قوتابیان بۆ ھەردوو قۆناخی دەیەم و یازدەیەمی ئامادەیی بە جۆرێک ھەموو قوتابیانی کوڕ بەشداری بکەن لەو خولە ، ھەروەھا بەشداری کردنی چەند مامۆستایەک کە ئەو خولانە دەبنە ھاوکار بۆ درووست کردنی کەسایەتی قوتابی پەرەپێدانی گیانی ئیش کردنی بە کۆمەڵ و خۆبەخشی و ھاووڵاتی بوون و گەشەکردنی بنەمای پێوەست بوو بۆ خۆشەویستی خاک و نیشتیمان پێشخستنی بەرژەوەندی گشتی بە سەر بەرژەوەندی تایبەت و جگە لەوەش فێری ئارام گرتن وھەڵسان بە ئیش و کارەکانی خۆیان و رێکخستنی کاروباری رۆژانە وە رێزگرتن لە بیروبۆچوونی خەڵکانی ترو چۆنیەتی گوزەران و ھەڵس و کەوت و رەفتارکردن لەگەڵ ئەوانی تر سەرباری ھەموو ئەوانەش جەستەیان لە رووی وەرزشەوە ئامادە دەبێت و بە پێی بەرنامەیەکی تۆکمە و زانستی کاتی خەون و نان خواردن و وەرزش و پسپۆری رێکدەخرێت و ماوەیەکیش لە ماڵەوە دووردەکەونەوە، ھەروەھا دوورکەوتنە لە ھەموو پەیوەندیی تۆرە کۆمەڵایەتیەکانی ژیانێکی چەند رۆژە لە سەربازگەکان بەسەر دەبەن ، بێگومان کەسایەتیەکی تر بەرجەستە دەکەن . جگە لەو ھەموو راھێنان ومەشق کردنە پێویستە رۆژانە بۆ چەند موحازەریەک ، وانەیەکی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی پێیان بگوترێتەوە لەلایەن مامۆستایانی تایبەت بەو وانانە و باشتر دەبێت گەر ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ئەنجام بدرێت بۆ سەرکەوتنی بەرنامەکان ، گرنگە وەزارەتی پەروەردە ئەو لایەنە فەرامۆش نەکات ، چونکە قوتابیان سامانێکی لە بن نەھاتوو و ئایندەی میللەتەکەمانن و دەتوانرێ ئەو بەرنامەیە پەرەی پێ بدرێت زۆر لایەنی دێدەوانی و سەرکردەیی و ھونەری بگرێتەوە.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top