دینداری وەک عەلی باپیر خۆشە
July 2, 2018
وتار و بیروڕا
عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەوەی دەنگ بە خۆی و حزبەکەی نەدا، لەسەر پردی سیرات و لای خوای گەورە پەنجەی شەهادەی شکاتی لێدەکا و دەچێتە دۆزەخ، رۆژانەش گلەیی نەبوونێ دیموکراتی و ئازادی بیروڕا دەکات، ئێ جەنابی ئەمیر لە نێوان ئەو دوو گوتنە دژ بە یەک و جیاوازەدا یەکیان درۆیە و درۆیەکی شاخداریشە, ئێ کە تۆ پێتوایە دەبێ دیموکراتی هەبێ و خەڵک لە دەربڕینی بیروڕادا ئازاد بێ، ئەو پەنجە و شکات و شکاتکاری و چوونە دۆزەخەت لە کوێ هێنا؟
عەلی باپیری کۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردندا پشت لە دوو حزبی وەک یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەى ئیسلامی دەکا و لەگەڵ دوو حزبی وەک بزووتنەوەى گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموکراتی و دادپەروەری دەبێتە هاولیست، ئەرێ کام ئیمام رێی پێدای ئەو هاولیستیە درووست بکەی؟! دیارە دەبێ ئیمامی (بەرژەوەند)ی فتوای بۆ دەبی.
عەلی باپیر لە ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمان بە بیدعە و شەریک بۆ خوا پەیدا کردن ناو دەبات، خۆشی لە خولی پێشووی پەرلەمانی بەغدا بوو بەو پەرلەمانتارەی لەناو ٣٣٠ پەرلەمانتاردا پلەی یەکەمی لە غایب بوون هێنا، جارێ غایب بوونەکەی خۆ دزینەوە بووە لەو ئەرکەی دەنگەرە موسڵمانەکانی پێیان سپاردووە، جا لە خۆی دەپرسم: لە ئیسلامدا سزای ئەوانە چییە کە خۆیان لە ئەرکی پێ سپێردراو دەدزنەوە؟ ئەی چی وەڵامی خوا دەداتەوە کە خۆی گوتەنی شەریکی بۆ پەیدا کردووە؟
عەلی باپیر ریفراندۆم و گەڕانەوەی بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵک بە سەقەت ناو برد، کەواتە بەلای عەلی باپیرەوە دەنگ و بڕیاری ٩٣%ی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان سەقەتە، ئێ خۆشی گوتی: دەنگم بە بەڵێ داوە، کەواتە خۆشی سەقەتە، یان لەوەدا نەیویستووە خۆی سەقەت بکا و دەنگی بە نەخێر داوە، بەڵام بە درۆ و لەبەر بەرژەوەندی سیاسی خۆی گوتی: دەنگم بەڵێ داوە، جا ئەگەر دەنگی بە نەخێر دابێ، لە خۆی دەپرسم: سزای درۆ لە ئیسلامدا چییە؟ ئەی ئەگەر زانیبێتی ریقراندۆم سەقەتە و دەنگی بە بەڵێ دابێ و خۆی سەقەت کردبێ، ئایا لە ئیسلامدا سزای ئەوانە چییە کە خۆیان سەقەت دەکەن؟
والسلام على من اتبع الهدى