(یاسا لەعێراق هەیە تا ئێستا لە خەمی بۆشایی یاسایی دابین؟)

(یاسا لەعێراق هەیە تا ئێستا لە خەمی بۆشایی یاسایی دابین؟)
٭بڕیار بوو عێراقی دوای ڕژێم عێراقێکی جیاوازو کراوەو دیموکراسی ودەستوری و یاسا سەروەریی بێت هەربۆیە کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی بەشداریی لەپرۆسەی بوونیادنانەوەو دروستکردنەوەو نوسینەوەی دەستووری ئەم عێراقە نوێیەدا کرد

٭کوردو هەموو ئەوانەشی کە خەونی ئەم عێراقە دیموکراسیەیان هەبوو هەرزوو ئاماژەکانی بەسەراب بوونی ئەم خەونەیان وەدەرکەوت و گەمەی هەرێمی و نێودەووڵەتی و ناوخۆیی شەقامەکانی ووڵاتی پڕکرد لەخوێن و ماڵەکانی پڕکرد لە لەپرسەو کێشەو شەڕی مەزهەبی هەزار ساڵەیان هێنایە ماڵەکان و خەریکی تۆڵەسەندنەوەو ساخکردنەوەی هەق و ناهەقی (علی و مەعاویە)بوون

٭هەر ئەوکات ئەوانەی کە بڕوایان بەعێراق نەما گەڕانەوە بۆ کوردستان وڕایانگەیاند (کرد) کە خەون بینین بەعێراقی نوێ و دیموکراسیوە. و دیموکراسیوە وەک خەونی حوشتری وایە بۆیە هەرچی زوەو تا عێراق هێزی خۆی بوونیاد نەناوە فەرموون بابگەڕێینەوە بۆ کوردستان و ماڵ جیای و بوونیادی خۆمان خەممان بێت نەک شەڕی کۆنەقینی زیاتر لە(۱٤۰۰)ساڵ پێش ئێستاو دیارە خاوەنی ئەم داواکاریەش سەرۆک بارزانی بوو

٭ئاخر لەعێراق تەنها لەسەر ناوی (علی و عومەر)هەزاران مرۆڤی بێتاوان کە نازانن بۆناویان علی وعومەرە کوژران و سوتێنراون و برژێنران کەچی کاکی عێراقچیم تازە بەتازە لەخەمی بۆشایی یاسادایە لەعێراق !

٭ ئەم عێراقە نوێیە کە دەستوور هەوێنی دروستکردنەوەیی بوو بڕیار بوو دەستور ناوبژیوانی پێکهاتەکانی بێت هەتا ئێستاش ئەوەی کاری پێ ناکرێت و هەزاران هەزار جار پێشێلکراوە دەستورە ،ئاخر ئەگەر عێراق ئیش بە دەستور نەکات کەدایکی سەرجەم یاساکانەو وەک قورعانە ڕەشەکەی حەمەی میراولی لەسەر ڕەفە داینابێ و تۆزی لەسەر نیشتبێ چی بێ عەقڵێک بەتەمایە عێراق بە یاسا کاربکات ئا ئەمەیە پێمان دەڵێت لەعێراق یاسا بوونی نیە تا بکەوێتە بۆشاییەکەیەوە

٭لەعێراقی دوای ڕژێمەوە بەملیارد نا بەڵکو بە ترلیۆن دۆلار دزراوەو براوەو خراوەتە گیرفانی تاکەکەس یاخود حیزبێکی ئاینی تائیفیەوە لەعێراقێک بەملیاران دۆلار تەنها لەیەک فڕۆکەدا بۆ دەووڵەتێکی درواسێ وەک دیاری برابێت بۆئەوی هاوکاریان بێت لە قەیرانی داراییەکەیان لەعێراقێک هەزاران بیرەنەوت و غازو بۆرییە نەوت ئیش بۆیەک مەرجەعی ئاینی بکەن و کەسیش نەڵێت بەری چاوتان کلی پێوەیە ئیتر ئەم مرۆڤە دۆگمایە کێیە خەمی بۆشایی یاساییەتی لەعێراق؟

٭ئەم عێراقە کە زیاد لەنیوەی خاکەکەی و خەڵکەکەی بەگەمەیەکی ئیستیخباراتی و بەکەمتر لە چەند کاتژمێرێک و بەو هەموو چەک چۆڵە سەربازیەوە تەسلیمی داعش کراو ئەو هەموو مرۆڤە وەک ڕەوە بەرخی نێرە خرانە بەردەم چەقۆی جەهل و نەفامی و گورگان خواردکران و تەسلیم کەران و گەمەکەرانی ئەم پیلان و یارییە هەرێمی و نێودەووڵەتیە تاهەنوکەش لەعێراق خاوەن نفوزو دەسەڵاتبن ئیتر تۆ خەونی حوشتری چی بەم عێراقەوە دەبینینیت و لەخەمی یاساو بۆشایی یاسایدایت!!

٭عێراقی نوێ و خەونوخولیای کرانەوەو ئازادی و پێشکەوتن گەشتبێتە ئاستێک وەزیری دەرەوەی ئەم عێراقە بەهەموو عەقڵیەوە بڵێت پێم خۆشە دیجلەوفورات ووشکبن با (ٳمام مهدی)دەرکەوێت ئیتر تۆ بەچی عەقڵێکەوە لە خەمی بۆشایی یاسایی ئەم عێراقەدایت؟

٭عێراقێک بەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەووڵەتی و هەموو میدیای دوونیاوە لەساڵی (۲۰۱۷) ئەنفالی گەلەکەی خۆی بکات و بەدەبابە بەسەر هاووڵاتیە سڤیلەکانی خۆیدا بڕوات ئیتر تۆ خەم لەکوێی عێراق و کام یاساو نایاسایی دەخۆیت؟

٭عێراقێک سوپای نەمابێت و میلیشیای مەزهەبی جێگەی سوپاو هێزی ووڵاتی گرتبێتەوە و ئەم ملیشیایە هەر ڕۆژەو مەجزەرەیەک بخولقێنێت و کەسێک نەبێت بڵێت بۆچی وادەکەن تۆ بەتەمای کام یاساو لەخەمی کام بۆشایی یاسایی عێراقدایت؟

٭ئەمانەو دەیان وسەدان نایاسایی و پێشێلکاری دیکە ڕۆژانە لەم عێراقە دەگوزەرێت نازانم ئەوە کێیە هێندە کاڵفام و نا هۆشیارە لەخەمی بۆشایی عێراقدایە؟
٭کەواتە ئەوەی لەعێراقدا بوونی نیە یاساییە بۆیە خەمی بۆشایی یاسایی لەعێراق هیچ نیە جگە لەگەمژەییەک زیاتر.

ڕێبین ڕەحیم
Top