بارزانی و شۆڕش و رابوون، دوو چەمکی ئاوێتە بوو
June 30, 2018
وتار و بیروڕا
جا ئەگەر لە سەرەتادا پێوەرە شۆڕشگێڕیەکان وەک نموونە وەربگرین، هیچ گومانێک لەسەر ئەو راستییە نامێنێ کە بارزانی و شۆڕش و رابوون تەواوکەری یەکترین و باس کردنی هەر کامێکیان بەبێ ئەیتر مانایەک نادەن بە دەستەوە، تەنانەت بە شێوەیەک ئاوێتە بوون هەر کاتێ باس لە بازانی نەمر کرابێ، ئەوا زنجیرە شۆڕش و رابوونێک بەبەر چاوماندا گوزەری کردووە، خۆ ئەگەر باس لە شۆڕش و رابوونیش کرابێ، ئەوا رابەربوونی بارزانی نەمر بۆتە ئەمری واقع و تەواوکەری شۆڕش و رابوونەکان.
ئەوە شۆڕشی ١٩٣١ــ١٩٣٢ی بارزان، ئەوە شۆڕشی ١٩٤٣ــ١٩٤٥ی بارزان، ئەوە شۆڕشی ئەیلول و ئەوە شۆڕشی گوڵان، ئەوە چوونی بۆ هاوکاری شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باکوور، ئەوە بەرگریە داستان خوڵقێنەکانی کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات، ئەوە رێڕەوە مێژووییە دوژمن تاسێنەکەی پەڕینەوە لە رووباری ئاراس و گەیشتنی بە یەکێتی سۆڤیەتی جارن.
خۆ ئەگەر باس لە بەڵگە مێژووییەکانیش بکەین ئاوێتە بوونی بارزانی و شۆڕش و رابوون و بە مەبەستی جیا کردنەوەى ئەو دوو چەمکەدا لە یەکتری، زۆرترین جار داگیرکارانی کوردستانیان لەسەر مێزی پیلانگێڕی کۆ کردوونەوە، تەنانەت بۆ جیا کردنەوەی ئەو دوو چەمکە لە هیچ نەپرینگاونەوە بە پەنا بردن بۆ کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیل و کاوڵکاری وڵات و کار و کردەی تیرۆریستیشەوە.
لە کاتی پلانگێڕەیەکەی سەر کۆماری کوردستان و وەرگرتنی بڕیاری رێڕەوە مێژووییەکەی رووباری ئاراس لە لایەن بارزانی نەمرەوە، هەرسێ وڵاتی داگیرکاری ئێران و عێراق و تورکیا، بۆ رێگری لەو رێڕەوە و لەناوبردنی بارزانی نەمر و بارزانیەکان، لەسەر ئەوە رێککەوتن لە بواری سەربازی و هەواڵگری و گۆڕینەوەی زانیاری هەموو جۆرە هاوکارییەکی یەکتری بکەن.
لە گەرمەی شۆڕشی مەزنی ئەیلولیش، جارێکیتریش ئێران و عێراق و تورکیا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە لە یەک کاتدا تورکیا لە پارێزگای دهۆک و ئێران لە پارێزاگای سلێمانی و عێراقیش بە درێژایی سنوور پەلاماری شۆڕش بدەن، بەڵام بە هۆی رووداوەکانی ئەوکات و شەڕی ساردی نێوان ئەمەریکا و سۆڤیەت و بڕیاری بەرگری شۆڕشگێڕانی کورد تا مردن ئەو پیلانە سەری نەگرت، بەڵام ژێر بە ژێر و لە بووارە جیاوازەکان لە هاوکاری یەکتری و دژایەتی شۆڕش چییان لە دەست هاتبێ کردوویانە.
هەر لە گەرمەی شۆڕشی ئەیلول موخابەراتی عێراقی و ساواکی ئێرانی بۆ دووبەرکی خستنە ناو ریزەکانی شۆڕش و راکێشانی بەرەیەک بەلای خۆیاندا کەوتنە کاری هاوبەش، لەوەدا توانیان سەرکەوتن بەدست بێنن، ئەگەرچی بارزانی نەمر لە ساڵی ١٩٧٠ بە لێبووردن و بەخشینی ئەو بەرەیە توانی ئەو پیلانەش کۆتایی پێبێنێ، بەڵام ئەو پیلانگێڕیەی موخابەراتی عێراق و ساواکی ئێران لە سەرەتاکانی سەدەی رابردوو نەخشەیان بۆ کێشا، تا ئێستاش کورد پێوەی دەناڵێنێ و لە کاتی رەخسانی هەر دەرفەتێکی لەبار و دوژمنان کەی مەبەستیان بووبێ، ئەو بەرەیان خستۆتەوە ناو تەونی جاڵجاڵۆکەی موخابەراتی خۆیان و کێشەیان بۆ شۆڕش و شۆڕشگێڕان پێ درووست کردوون.
لە ساڵی ١٩٧٥ کاتێ شۆڕشی ئەیلول بە رابەرایەتی بارزانی نەمر هێزی لە رژێمی بەعس بڕی، جارێکی تر هەردوو داگیرکاری عێراق و ئێران بە هاوکاری و پشتیوانی ئەمەریکای زلهێز لەسەر مێزی پیلانگێڕی کۆ کردنەوە و سەددام حوسێنی ناچار کرد سەروەری عرووبە بخاتە ژێر پێی شای ئێران، ئەگەرچی ئەو پیلانە هەرێمی نێودەوڵەتیە توانی شۆڕش تووشی نەکسەیەکی کاتی بکاو بە شێوەیەکی کورتخایەن بیوەستێنێ، بەڵام سرووشتی شۆڕشگێڕی و کوردپەروەری بارزانی نەمر و ئاوێتە بوونی بە شۆڕش و رابوون وا بووە، لە کەوتندا بەرنامەی هەستانەوەی داناوە و وەک خۆی فەرموویەتی بە شکست نائومێد نەبووە، ئەو هەستانەوەیەش شۆڕشی گوڵان و راپەڕین و ریفراندۆم و دەستکەوتەکانی ئێستای لێ کەوتەوە.
داگیرکارانی کوردستان بە گشتی و رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە تایبەتی، بەو رێککەوتن پیلانگێریانە نەوەستاون و بەردەوام چاویان لەسەر بارزانی نەمر و جموجۆڵە شۆڕشگێڕیەکانی بووە، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانیان لەسەر تیرۆر کردن و لەناو بردنی بارزانی نەمر چڕ کردوونەوە، وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٣ کە بە هاوکاری دڵسۆزان و بنەماڵەی شێخ مەحمودی حەفید لە سلێمانی و لە دەستبەسەری دەرباز دەکرێ و لە رێگەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگاتەوە ناوچەی بارزانی ئاگردانی شۆڕش، هەر یەک لە رژێمەکانی عێراق و ئێران بڕی پەنجا هەزار دیناری ئەوکات دەکەنە خەڵات، بۆ هەر کەسێک بارزانی نەمریان بە مردویی یان بە زیندوویی رادەست بکات، یان لە گەرمەی گفتزگۆ و ئاشتی نێوان شۆڕش و رژێم و لە ساڵی ١٩٧٢، رژێمی بەعس بە پلانی پێشوەختە و لە رێگای کردەیەکی تیرۆریستیانەی خۆکوژی چەند مەلایەکەوە هەوڵی تیرۆر کردنی بارزانی نەمر دەدا و بە پەرجوو لەو کردە تیرۆریستیە رزگاری دەبێ.
هەموو ئەو بەڵگانەی لەسەر پیلانگێڕی و رێککەوتنی دژمنکارانەی داگیرکارانی کوردستان و هەوڵدان بۆ دووبەرەکی خستنە ناو شۆڕش و ئەو کار و کردە تیرۆریستیانەی دوژمنان کە بۆ لەناو بردنی بارزانی نەمر رێکدەخران، مشتێکن لە خەرواری رق و کینەی دوژمنان کە دژ بە گیانی بارزانی نەمر و بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد گیروانەتە بەر، هەموو ئەوانەش بۆ ئەوە بووە کە ئاوێتە بوونی بارزانی و شۆڕش و رابوونەکانی کورد لە یەکتری جیا بکەنەوە، بەڵام چۆن ناکرێ رووناکی مانگ لە شەوەزەنگی تاریکیدا بشاردرێتەوە، ئەوهاش ناکرێ پیلان و توند و تیژی و کردەی تیرۆریستی و دووبەرەکی خستنە ناو شۆڕش، بارزانی نەمر لە شۆڕش و رابوونەکانی کورد جیا بکەنەوە، هەر بۆیە تا ئێستاش ئەو ئاوێتە بوونە بە میرات ماوەتەوە و تەنها گۆڕاکارییەک کە بەسەر ئەو ئاوێتە بوونەدا هاتبێ، ئەوەیە سەرۆک بارزانی چۆتە شوێنی بارزانی نەمر و شۆڕش و رابوونەکانیش لە شوێنی خۆیان ماون و ئاوێتە بوونەکەش تا گەیشتن بە سەربەخۆیی و بەدەست هێنانەوەی هەموو ئەو ماف و ئازادیە نەتەوەییانەی بە پیلانگێڕی و نانەوەی دووبەرەکی لەناوماندا لێمان زەوت کراون بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێ.