کەرکوک لە دوو قۆناغی جیاوازدا
June 30, 2018
وتار و بیروڕا
دوای خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتنی کەرکوک و هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، حوکمی عەسەکەری بەسەر کەرکوک و کەرکوکیەکاندا سەپێنرا، لێدوان بە زمانی کوردی یاساغ کرا، لە کاتێکدا بەعس زمانی کوردی لەو شارە قەدەغە نەکردبوو، خورماتوو جینۆساید کرا و دەستدرێژی کرایە سەر کچ و ئافرەتانی کوردی ئەو شارە، ئاڵای کوردستان خرایە ژێرپێ و بە فەرمی هەڵکردنی قەدەغە کرا، پەیکەری پێشمەرگە شێوێنرا، پەریکەری مام جەلال بە سووکایەتی پێکردنەوە فڕێدرا، تەعریب بە بەرنامە لە کەرکوک و دەوروبەری دەستی پێکردەوە، جموجۆڵی سیاسی و رێکخراوەیی کورد لەو شارە خرایە ژێر چاودێری وردەوە.
لەگەڵ بوونی هەموو ئەو راستیانە و زۆر راستی تریش کەرکوک فرۆشەکان بانگەشەی ئارامی کەرکوکیان دەکرد و داوایان لە خەڵک دەکرد بگەڕێنەوە، کەرکوکیان بە شارێکی عێراقی ناو دەبرد و دەیانگوت: کەرکوک شارێکی عێراقییە و گەڕاوەتەوە بۆ باوەشی نیشتیمان و خاوەنە ئەسڵیەکەی، شانازیان بەوەوە دەکرد بە هێنانی حەشدی شەعبی کەرکوکیان لە کارەسات و کەرکوکیەکانیان لە نەهامەتی پاراستوون، هەوڵیان دەدا خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتنی کەرکوک بە ریفراندۆم و پەردەپۆش بکەن و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکیان بە تاوان و پیلانگێڕی دژی یەکپارچەیی خاکی عێراق پێناسە دەکرد.
ئێستا هەمان ئەو گرووپەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و هابیرەکانیان کە ریفراندۆمیان بە سەقەت ناو دەبرد و داوای دادگایی کردنی ریفرانۆمچەکانیان دەکرد، پێشمەرگەیان بە میلیشیا و ئەنفالچی و وێنەگری سێڵڤی ناو دەبرد، هاواریان لێ هەستاوە و کەوتوونە رشتنی فرمێسکی درۆیین و ساخەتە بۆ کەرکوک و کەرکوکیەکان و دەڵێن: ئەو هێزەی هێنراوەتە کەرکوک هێزێکی نامۆیە و کەرکوکی پێ ناپارێزرێ و داوای گەڕانەوەى هێزی پێشمەرگە دەکەن.
ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە کوردستانیان بە گشتی و کەرکوکیەکان بە تایبەتی لەو گرووپە و هابیرەکانیان بپرسن: کوا ئەو ئارامیەی لە کەرکوک بانگەشەتان بۆ دەکرد؟ ئەی کێ ئەو هێزە نامۆیەی هێنایە کەرکوک؟ چۆن و لە پێناو چیدا لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق رێککەوتن و جارێکیتر نیری عرووبەتان لە ئەستۆی کەرکوکیەکان گیر کردەوە؟ کێ خاوەنی ئەسڵی کەرکوکە و کەرکوک گەڕنێراتەوە باوەشی کام نیشتیمان؟ ریفرادۆمچیەکان دەدەنە کام دادگا و کێ داواکاری گشتی و کێ سەرۆکی دادگا دەبێ؟ ئەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری تریش کاتی وەڵامدانەوەیان هاتووە.